پرۆژەیەکی بچوك کە لەلایەن رێکخراوێکی قازانجنهویستی موسڵەوە دەستیپێکردووە یارمەتی شارەکە دەدات لە دوو رووەوە -- بە بەرهەمهێنانی دەمامك بۆ خاوكردنهوهی بڵاوبوونەوەی پەتای نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) لەگەڵ دابینکردنی کار بۆ نزیکەی 45 ژنی کەمداهات.
لە خانەی کاری چاکەی شارەکە، گروپێك لە ژنان دەمامك دهدورن لە شوێنکارێك کە دامەزرێنراوە لەلایەن رێکخراوی گەشەپێدان و فریاگوزاریی خەڵکی حەدباوە، کە رێکخراوێکی ناوچەکەیە و پشتیوانی هەژارترین توێژی دانیشتوان دەکات.
خۆبەخش سەفا عوبهیدی کە سەرپەرشتی شوێنكارهكه دەکات بە دیارونای وت پرۆژەکە "سەرچاوەیەکی سەرەکی داهات دابیندەکات بۆ ئەم ژنانە و پشتیوانی خێزانەکانیان دەکات".
وتی پرۆژەکە ئامانجی شەڕکردنە دژی هەژاری، لەکاتێکدا ژینگەیەکی سەلامەتی کارکردن دەدات بەو ژنانهی پێویستیان بە پشتیوانییە.
![خۆبەخشان لە رێکخراوی گەشەپێدان و فریاگوزاریی خەڵکی حەدبا دەمامکی خۆڕایی دابیندەکەن بۆ خێزانە ئاوارەکان لە 8 ئایار لە کەمپێکی باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: ماڵپەڕی یەڵا]](/cnmi_di/images/2020/05/21/24084-camp-covid-iraq-600_384.jpg)
خۆبەخشان لە رێکخراوی گەشەپێدان و فریاگوزاریی خەڵکی حەدبا دەمامکی خۆڕایی دابیندەکەن بۆ خێزانە ئاوارەکان لە 8 ئایار لە کەمپێکی باشوری موسڵ. [خاوەنی وێنە: ماڵپەڕی یەڵا]
وتی لە ئاکامی داواکارییهكی زۆر لەلایەن خهڵك و کۆمپانیاکانەوە لەکاتی ئەم قەیرانە جیهانیەی تەندروستیدا، "شوێنكارهكه لەئێستادا دەمامکی پزیشکی بەرهەمدەهێنێت".
وتی: "هەر ژنێك رۆژانە 200 دەمامك بەرهەمدەهێنێت" و چەند پلانێك هەن بۆ فراوانکردنی شوێنكارهكه تا بەرهەمهێنانی پۆشاکی پارێزگاری پزیشکیش بگرێتەوە.
سەرۆکی رێکخراوەکە، عولا لەیس عوسمان وتی شوێنكاری دورینهكه یەکێکە لە سێ شوێنكار کە رێکخراوی گەشەپێدان و فریاگوزاریی خەڵکی حەدبا چەند مانگێك لەمەوبەر دەستیپێکردن لە هەوڵێکدا بۆ دابینکردنی کار بۆ ژنان.
بە دیارونای وت: "ئەم پرۆژەیە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستیپێکرد. بڕیارمدا، بەو تفاقە کەمەی لەبەردەستمدایە، شوێنكارێكی بچوك بکەمەوە بۆ دورینی دەمامك و بەخشینی دەرفەتی کار بۆ ژمارەیەکی کەم لە ژنان."
پلانەکانی فراوانکردن
عوسمان وتی هەوڵەکە پێشوازی باشی لێکرا و دوای ئەوەی دەستیپێکرد، "ئەوانیدی هاتنە ناوەوە بۆ یارمەتیدان لە فراوانکردنی پرۆژەکەدا".
وتی: "سەرەتا بە چوار کارمەندی ژن دەستمانپێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا سێ شوێنكارمان کردەوە کە 45 ژنیان لەخۆگرت."
عوسمان وتی لەنێو دامەزراواندا بێوەژن و ژنانی هەژار هەن، لەگەڵ ئەو ژنانەی سهچاوه ژیارییهكانیان لەدەستدا بەهۆی پەتا جیهانیەکەوە.
وتیشی: "شوێنكارهكان لەئێستادا تایبەتن بە دروستکردنی دەمامکی پزیشکی، بەجۆرێك نزیکەی 10,000 دەمامك بەرهەمهێنراون بۆ پڕکردنەوەی داخوازی ناوخۆ."
ههروهها وتی چەند پلانێك لەئارادان بۆ بەرهەمهێنانی پۆشاکی پارێزگاری پزیشکی، بەجۆرێك ئامانجی سەرەتایی بەرهەمهێنانی 500 لەم پۆشاکەیە لە رۆژێکدا.
وتی: "دەمامکەکان دەفرۆشرێن بە دەرمانخانە و ناوەندەکانی فرۆشتنی کەلوپەلی پزیشکی بە نرخێکی رەمزی 250 دینار (0.25 دۆلار)."
ههروهها وتی: "هەندێك لەو دەمامکانەی بەرهەمهێنراون بەخۆڕایی دراونەتە نەخۆشخانە و ئەو کەمپانەی ئاوارەکان لێیان دەژین، لەگەڵ ستافی کارمەندانی ئەمنی و خەڵکی هەژار."
وتیشی: "بەهیواین حکومەت و دەسەڵاتی ناوچەکە پشتیوانی له هەوڵەکانمان بکەن و یارمەتیمانبدەن تا خەڵکی بێکاری زیاتر دابمەزرێنین لەڕێی پرۆژەکانەوە کە وادەکات پارەی زیاتر پەیدابکەن بەهۆی شارەزاییە نوێکەیانەوە."
قەرزی بزنسی بچوك
بەڕێوبەری نوسینگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، محەمەد یەحیا وتی پارێزگای نەینەوا تاووتوێکردنی بێکاری و هەژاری کردۆتە کاری لەپێشینەی خۆی.
بە دیارونای وت: "دوای رزگارکردنی پارێزگاکە لە 2017، وەزارەت هەوڵەکانی ئاراستەی دابینکردنی دەرفەتی کار کرد بۆ بێکاران لەڕێی دەستپێکی پرۆگرامی قەرزهوه بۆ بزنسی بچوك."
وتی تا ئەمڕۆ، وەزارەت قەرزی نزیکەی هەشت ملیۆن دینار (6,700 دۆلار)ی داوەتە نزیکەی 1,100 داواکار لە پارێزگای نەینەوا.
وتی ئەم داواکارانە، لەنێویاندا پیاوان و ژنان، لە داتابەیسی وەزارەتهكهدا تۆمارکراون وەك کەسانی بێکار کە بەهیوان دەست بە بزنسی بچوك بکەن.
وتیشی وەزارەتهكه پلان دادەنێت بۆ فراوانکردنی قەرزەکان بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە داواکار، بەتایبەتی بەهۆی قەیرانی تەندروستی ئێستاکەوە.
ئەوە لە پرۆسەی دەستپێکی پلانێکی دیکەی قەرزدایه بەناوی "بهرنامهی هێنانهكایهی بزنسی بچوك"، کە سەرمایەی کاری نزیکەی 20 ملیۆن دینار (16,800 دۆلار) دەدات بەو بزنسانەی رەهەندی گەشەپێدانیان لەخۆگرتووە.