هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

دانیشتوانی رو‌كبان بێ چاودێری پزیشکی ماونه‌ته‌وه‌

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

دانیشتوانی کەمپی روکبان رووبه‌ڕووی کەمیی خۆراک و کەرەستەی پزیشکی دەبنەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی مەدەنیی کەمپی روکبان]

دانیشتوانی کەمپی روکبان رووبه‌ڕووی کەمیی خۆراک و کەرەستەی پزیشکی دەبنەوە. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی مەدەنیی کەمپی روکبان]

ژیانی هەزاران دانیشتووی کەمپی روکبان، لەسەر سنووری نێوان سوریا و ئەردەن، لە مەترسیدان بەهۆی نەبوونی پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکانه‌وه‌، لەکاتێکدا پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) لە ناوچەکە بڵاودەبێتەوە، رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) هۆشداریی دا.

ئەمنستی لە بەیاننامەیەکدا 7 ئایار رایگەیاند كه یه‌كێك‌ لە سەرەکیترین نیگه‌رانیه‌كان نەبوونی چاودێری تەندروستیی دایکانە، بەو واتایەی ئه‌و ژنه‌ دووگیانانه‌ی پێویستیان بە بەشێکی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌یسه‌ری هەیە، ناچارن بۆ منداڵبوون بچن بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم.

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ هێزەکانی رژێمی سوریا دواتر رێگری لەو ژنانە دەکەن بگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان لە کەمپەکە.

رێکخراوەکە راشیگەیاند كه‌ لانیکەم 10,000 کەس لەنێو کەمپەکاندا نیشتەجێن، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییەکانی دەستشووشتن یان کەرەستەکانی خۆپاراستن لە دژی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە تاکە ناوەندی پزیشکی له‌ کەمپەکەدا هیچ دکتۆرێکی لێ نییە و ته‌نها چەند پەرستارێک و مامانێکی لێیه‌.

شەقامەکانی کەمپی روکبان چۆڵن لەکاتێکدا شەپۆلێکی خۆڵبارین بە بیابانەكه‌ی سوریادا تێدەپەڕێت. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی مەدەنیی کەمپی روکبان]

شەقامەکانی کەمپی روکبان چۆڵن لەکاتێکدا شەپۆلێکی خۆڵبارین بە بیابانەكه‌ی سوریادا تێدەپەڕێت. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی مەدەنیی کەمپی روکبان]

ئاوارە سوریه‌كانی کەمپی روکبان داوای بەهاناوەهاتنی نێودەوڵەتی دەکەن. [خاوه‌نی وێنه‌: روانگه‌ی سوری له‌ دێره‌ زوور و جه‌زیره‌]

ئاوارە سوریه‌كانی کەمپی روکبان داوای بەهاناوەهاتنی نێودەوڵەتی دەکەن. [خاوه‌نی وێنه‌: روانگه‌ی سوری له‌ دێره‌ زوور و جه‌زیره‌]

ناوەندێکی پزیشکیی سەر بە یونیسێف لە کەمپەکەدا، کە دانیشتوان چارەسەری سەرەتاییان لێ وەردەگرت، لە ناوەڕاستی ئازاردا داخرا بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە. هه‌روه‌ها دواهەمین کاروانی مرۆیی کە گەیشت بە کەمپەکە لە ئەیلولی 2019 بوو.

'بارودۆخێکی ناله‌بار'

کارمەندێکی مرۆیی لە روکبان، تارق نوعەیمی بە دیارونای وت ئه‌و بارودۆخە پزیشکی و ژیارییه‌ی دانیشتوانی کەمپی روکبان تێیدان، کە پێشتریش سەخت بوو، ئێستا بووه‌ته‌ بارودۆخێكی ناله‌بار.

وتی سەرباری کەمیی کەرەستەی پزیشکی و دەرمان، خواردن و خۆراکی منداڵانی ساواش داوایەکی زۆری لەسەرە لە کەمپەکە.

وتی هیچ رێوشوێنێک نەگیراوەتەبەر لە کەمپەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و "بێگومان هیچ پشکنینێکیش نەکراوە، هیچ ئامێرێکی هەناسەدان و کەرەستەی خۆپاراستنی وەک ده‌مامك و دەستکێشیشی لێ نییە".

هیچ شوێنێکی کەرەنتینه‌کردنی لێ نییە بۆ جیاکردنەوەی تووشبووان.

نوعەیمی وتی چوونە ناوەوەی خۆراک و هاوکاری پزیشکی دواکەوتووە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ئەرکی پلانبۆدانراوی تەندروستی و یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مانگی سووری عەرەبی سوری، کە بۆ کۆتاییەکانی نیسان دانرابوو، جێبەجێنەکرا.

ئه‌و هاوکارییە وەستێنراوە کە پێکدەهات لە 2,300 بەشە خۆراك، ده‌یتوانی هاوکارییەکی کاتی پێشکەشی سێ چارەکی دانیشتوانی کەمپەکە بكات.

ناوبراو وتی تەنانەت ئەو قاچاخچیانەی خۆراك دەهێننە ژوورەوە، دووچاری سەختی دەبنەوە بەهۆی ئەو دۆخە ئەمنییەی لە دەوروبەری کەمپەکە هەیە و هەروەها شەپۆلە خۆڵبارینەکانی ئەمدواییانە، کە هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەیان بۆ کەمپەکە سەختتر کردەوە.

وتی سەوزە، میوە، شیر و ئارد ده‌ستناكه‌ون و ئەمەش کاریگەرییه‌كی سه‌ختی هه‌بووه‌ بۆسەر لایەنی تەندروستی دانیشتوانی کەمپەکە.

وتیشی کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان و چارەسەرە سەرەتاییەکانیش هۆکار بوون بۆ خراپترکردنی دۆخی تەندروستی دانیشتوانەکە.

دواکەوتنی هاوکارییە مرۆییەکان

لە راپۆرتێكی 29 نیساندا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاریده‌ده‌ری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و هاوکاریی فریاگوزاری، مارک لۆوکۆک، دۆخی کەمپی روکبانی خستەڕوو.

وتی: "رێگا نافەرمییەکانی بازرگانی لە دیمەشق و زومه‌ر لە شوباتدا داخران، ئەمەش بەربەستی خستۆتە بەردەم گەیاندنی خۆراك و سووتەمەنی و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ناو کەمپەکە".

وتیشی: "رێگرییه‌كانی سەر سنووری ئەردەن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە 18 ئازارەوە کاریگەرییان هەبووە لەسەر ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی حاڵه‌ته‌ پزیشکییەکان لە روکبانەوە بەبێ پشکنینی پێشوەختەی کۆڤید-19، کە لە کەمپەکەدا بەردەست نییە."

وتی کاروانەکەی نیسان "بەهۆی رێکەوتنی هەموو لایەنەکانه‌وه‌ لەسەر شێوازی هاوکاری و گەیاندنەکە، دواخرا".

"رێگەپێدان زۆر به‌خێرایی پێویسته‌ بۆ دابینكردنی هاوکاری بۆ دانیشتوانی بێ پشتوپه‌نای روکبان کە پێویستیان بە یارمەتییە و هەروەها بۆ پشتیوانیكردنی ئه‌وانه‌ی خۆبه‌خشانه‌ جێیده‌هێڵن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500