چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەشێکی گەورەیان لە کێڵگەکانی قەزای مەخموری پارێزگای نەینەوا سوتاند، بەرپرسێکی عێراق چوارشەممە (13 ئایار) وتی.
قائیمقامی قەزاکە، رزگار مەحمود ئیسماعیل بە دیارونای وت پاشماوەکانی داعش ئاگریان لە کێڵگەکانی گەنم و زهوییهكانی دیکە بەرداوە لە گوندەکانی نزیك دەشتی قەرەچوغ، لەنێویاندا پیر داود، سوان و کەرسور لە قەزای قەراج، باشوری مەخمور.
وتی: "ئاگرەکان بەشێکی گەورەیان لە کێڵگەكان سوتاند، كه نزیکەی 400 دۆنم دهبێت و بوونە هۆی زیانلێدانی دارایی له جوتیارەکان."
لەم مانگەدا هەزاران جوتیار دەستیانکردووە بە چنینەوەی گەنم و جۆ و دانەوێڵەکانی دیکە لە پارێزگاکانی باکوری عێراق.
![وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ لەم مانگەدا لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستیپێکرد. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگهیاندنی بهڕێوبهرێتی کشتوکاڵی نەینەوا]](/cnmi_di/images/2020/05/13/24047-Iraq-Ninawa-harvest-600_384.jpg)
وەرزی دروێنەی گەنم و جۆ لەم مانگەدا لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستیپێکرد. [خاوەنی وێنە: نوسینگەی راگهیاندنی بهڕێوبهرێتی کشتوکاڵی نەینەوا]
ئیسماعیل وتی هێزە ئەمنیەکان لهوهپێش هەنگاوی بەرپێگریی ئەمنییان نابوو بۆ پاراستنی کێڵگەکان له هەڕەشەی ئاگرەکانی داعش.
وتی: "بەڵام بەهۆی بەرفراوانیی زهوییه چێنراوهكانهوه، کە هەندێکجار لە ناوچە دوورەدەستەکانی نزیك بە شوێنی خۆحەشاردانی تیرۆریستانن، پاراستنی هەموویان کارێکی سەختە، بەتایبەتی زهوییهكانی 12 گوند لە باشوری مەخمور."
وتیشی هێزە سەربازییەکان و تیمەکانی بەرگری مەدەنی لەئێستادا هەوڵەکانیان دووقاتکردوە و لەلایەن جوتیاران و خۆبەخشانی ئەو گوندانەشهوە یارمەتی دەدرێن.
ههروهها وتی چەندین رێنماییش بۆ دروێنە بڵاوکراونەتەوە، لەنێویاندا "دروێنە دەبێت بەکۆمەڵ ئەنجامبدرێت لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنیەکاندا، بەتایبەتی لەو کێڵگانەی درێژدەبنەوە بەرەو ناوچە هەورازەکان".
وتیشی دروێنە دەبێت لەنێوان خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا ئهنجامبدرێت.
زیادبوونی چالاکییهكانی داعش
ئیسماعیل وتی: "ئەندامانی داعش چالاکیە تیرۆریستیەکانیان زیادکردووە لە دوو مانگی رابردوودا و لە بنکە نهێنیەکانیانەوە لە چیاکانی قەرەچوغ و دەشتی قەراج."
وتیشی چەندین هێرشیان ئەنجامداوه بە بەکارهێنانی بۆمبی دەستکرد و دوو هەفتە لەمەوبەر بۆسهیهكیان دانا و دوو سەربازیان کوشت لە فیرقەی 14ی سوپای عێراق.
ئیسماعیل جەختیکردەوە لەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی کنەوپشکنین بەدوای حەشارگەکانی داعشدا بەردەوامن و "تیرۆریستان ئاشناییان بە جوگرافیای ئەم ناوچانە دەقۆزنەوە، کە توانایەکی زیاتری هاتوچۆ و هەڵاتن و خۆحەشاردانیان پێدەبهخشن لەو ئەشکەوتانەدا کە دۆزینەوەیان سەختە".
ئیسماعیل داوای تووندکردنی هەنگاوە ئەمنیەکانی کرد لە ناوچە چیاییەکانی مەخمور و لێدان لە هێڵەکانی پشتیوانیكردنی چەکداران و تێكشکاندنی تەواوی حەشارگەکانیان.