چالاکوانێکی ناوخۆ وتی دوای ماوەیەک لە ئارامی بەهۆی وەستانی هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپباران و شەڕکردنهوه، سەرلەنوێ بارگرژییەکان دەستیانپێکردۆتەوە لە باشوری ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب و لە ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای لازقییە دوای بۆردومانەکانی رژێمی سوریا.
چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت رژێمی سوریا تۆپبارانەکەی وەستاندبوو، دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستێک کە ماوەیەکی درێژی له ئارامی مسۆگەرکردبوو.
ئەو ناوچانەی كهوتنهژێر هێرشی تۆپبارانه نوێبووهكان، بریتیین لە کەفر عەوید و کەنسەفرا لە ناوچەی جەبەل زاوییە لە باشوری ئیدلیب، تەردین و کیندا لە ناوچەی جەبەل ئەکرادی ناوچە گوندنشینەکانی لازقییە.
وتی: "تۆپبارانە نوێکانی رژێم ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە نێو مەدەنییەکانەوە کە بەمدواییانە لە کەمپی ئاوارەکانەوە گەڕابوونەوە شارۆچکە و گوندەکانیان لەو ناچەیەی کە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دیاریكراوه."
وتیشی ژمارەیەکیان رەتیانکردۆتەوە بگەڕێنەوە کەمپەکان، "لە ترسی پەرەسەندنی دۆخەکە و ئەوەی جارێکیتر ناوچەکە بکەوێتەوە ژێر هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی تووندی روسیا و سوریا".
ئیدلیبی وتی جگه له تۆپبارانەکەی رژێمی سوریا، پێشێلکردنی ئاگربەستەکە بریتیشبوو لە شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان و گروپە چەکدارە تووندڕەوەکاندا لەگەڵ رژێم و هاوپەیمانەکانی، بەتایبەتی له قۆڵهكانی فەتیرە و مەعرەت عالیە-سەراقیبل له ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب.
وتی بەڵام بارگرژییەکان لە ساحل غاب گەیشتنە لوتکە، کە تێیدا گروپێک لە پیاوانی چەکدار چوونە نێو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم و شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەمان و ئەو هێزانەدا روویدا كه لە شارۆچکەکانی مەنارە و تەنجارە نیشتەجێن.
وتیشی دەیان سەربازی سوریا و چەکدارانی هاوپەیمانی رژێم کوژران و برینداربوون لە میانهی هێرشەکەدا و ئاماژەیکرد بهو راپۆرتانەش كه هێزەکانی رژێم چەند ئەندامێکی گروپە سەربازییە ئۆپۆزسیۆنەکانیان لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب دەستبەسەرکردووە.