بهرپرسێكی حیزبوڵا، محەمەد کەوسەرانی، پیاوێکی داواکراو کە بەرپرسیارێتییهکی گەورەی هەیە لە چاودێریکردنی کردەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق، چەندین ئەرکی گرتۆتەدەست کە لە دوای جەنەڕاڵی باڵای ئێران قاسم سولەیمانی بەجێماون.
شرۆڤەکاران وتیان دوای کوژرانی فەرماندەی هێزی قودس لە کانونی دووەم، کەوسەرانی وەکو کاراکتەرێکی دیار دەرکەوت، کە هەوڵدەدات شوێنپیێکانی ئەو پڕبکاتەوە و بەردەوامیبدات بە یەکڕیزی میلیشیکانی سەر بە ئێران لە عێراق.
شرۆڤەکاران بە دیارونایان وت کەوسەرانی، کە رەگەزنامەی لوبنانی و عێراقی هەیە، بەرپرسیاربوو لە گواستنەوەی چەکدارانی عێراق بۆ شەڕ بۆ پشتیوانیکردنی رژێمی سوریا و بۆ گواستنەوەی چەک بۆیان بە قاچاخ.
بۆ ماوهی چەندین ساڵ، پلانیداناوە و بەشداربووە لە هێرشەکاندا دژ بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودهوڵهتی لە عێراق، لهنێویاندا هێرشەکەی کانونی دووەمی 2007 بۆسەر ناوەندێکی هەماهەنگی لە پارێزگای کەربەلا کە بووە هۆی کوشتنی پێنج سەربازی ئەمریکا.
'کاراکتەرێکی کاریگەر'
شرۆڤەکاری سیاسیی سوری، زیاد مونجید بە دیارونای وت کەوسەرانی بەشێوەیەکی بەهێز دەرکەوتهوە دوای کوژرانەکەی سولەیمانی، ههروهها لە هەوڵدایە بۆ دڵنیاکردنەوەی ئەوەی ئێران کۆنتڕۆڵی میلیشیا عێراقییەکانی نەدۆڕێنێت.
وتی لەسەرەتادا راپۆرتەکان دەریانخست کە كهوسهرانی لەگەڵ سولەیمانیدا کوژراوە، بەڵام ئەو هەواڵانە راست نەبوون، "لەوکاتەوە، وەک کاراکتەرێکی کاریگەر دەرکەوتووە کە ئێران بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی پشتی پێدەبەستێت".
مونجید وتی کەوسەرانی لەئێستادا "کاراکتەرێکی کاریگەری پڕۆژەی هەژمونی ئێرانە لە عێراق" بەهۆی ڕۆڵەکەیەوە وەک ئاسانکارێک، کە هەماهەنگیی پەیوەندییەکانی نێوان چەند گروپێکی میلیشیای جیاوازی سەر بە سوپای پاسداران دەکات.
وتی هەروەها بەشداربووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراق لە دژی کاریگەریی ئێران، هەروەها لە سپیکردنەوەی پارە و چالاکی ئابوری نایاسایی بۆ یارمەتیدانی حیزبوڵا و گروپە ئێرانییەکانی تر.
لە ئابی 2013، وهزارهتی دارایی ئەمریکا سزای خستە سەر کەوسەرانی بۆ یارمەتیدانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە شێوەی ئابوری و لۆجستیدا.
لە 10 نیسانی ئەمساڵیش، ئەمریکا خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاریی راگەیاند لە بەرامبەر "هەر زانیارییەک لەسەر جموجۆڵ و تۆڕ و هاوبەشەکانی کەوسەرانی."
رۆژنامەوان و شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، زیاد شەنگالی بە دیارونای وت کەوسەرانی "کاریگەرییەکی زۆری لەسەر چۆنێتی جێبەجێکردنی ئایۆلۆژیای رابەری ئێران عەلی خامەنەیی لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێرانهوه هەیە".
وتی هەرچەندە ناتوانرێت کاریگەرییەکەی بەراوردبکرێت بە کاریگەریی سولەیمانی، "کەوسەرانی هێشتا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە هێشتنەوەی کۆنتڕۆڵ بەسەر ئەو گروپە چەکدارانەدا".
وتیشی ئەو گروپانە پێکدێن لە کەتایب حیزبوڵا، عەسایب ئەهل ئهلحەق، نوجهبا و رێکخراوی بەدر، رۆڵەکانی کەوسەرانیش پێکدێن لە "پێدانی فەرمان بۆ ئەنجامدانی هێرشی موشەکی بۆسەر سەربازان و دیپلۆماتکارانی بیانی لە عێراق".
بهلاڕێبردنی پرۆسەی سیاسی
شەنگالی وتی کاتێک بابەتەکە دێتە سەر پرۆسەی سیاسیی عێراق، کەوسەرانی کاریگەریی خۆی هەیە بە "دەستوەردان له پێکهێنانی حکومەتەکان و هەڵبژاردنی کاندیدە وەزارییەکان".
بەگوێرەی شرۆڤەکاری سیاسی، غانم عەبد، کەوسەرانی یەکێکه لە "گرنگترین ئەو ئامێرانهی ئێران بەکاریهێناوە بۆ دەستوەردان لە پەیوەندییە ناوخۆییەکانی عێراق".
بە دیارونای وت مەترسیی کەوسەرانی لە "هەوڵە زۆرەکانیدایه بۆ بهلاڕێدابردنی پرۆسەی سیاسی [لە عێراق] به ئاڕاستەیهكدا کە ئێران رازیبکات".
پێش کوژرانی سولەیمانی، میدیای عێراق رایانگەیاند کە ئەم و کەوسەرانی بەشداربوون لە گفتوگۆکردندا لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لە عێراق سەبارەت بە دانانی کەسێک لە شوێنی سەرهکوەزیران عادل عەبدولمەهدی.
راپۆرتی تر دەریدەخەن کەوسەرانی لە هەوڵەکانی بەردەوامە، تەنانەت دوای کوژرانی سولەیمانی و رۆڵەکەشی "گەورەتر بووە بۆ هەماهەنگیکارێک لەنێوان پێكهاته سوننی و شیعە و کوردەکاندا".
هەروەها تۆمەتباردەکرێت بە راهێنانکردن بە میلیشیا چەکدارەکان لە عێراق و ناوچەکە و پێدانی پارە و چەک پێیان بۆ نانەوەی پشێوی و ناکۆکی لهسوودی ئێران.