بەرپرسێکی عێراقی دووشەممە (11ئایار) وتی هەزاران چەکداری خێڵەکی له حەویجە پشتیوانیی خۆیان راگەیاندووە بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق دژ بە پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە ناوچەکانیان.
سەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆیی حەویجە، ناجی ئیبراهیم حەواس بە دیارونای وت خێڵەکانی رۆژئاوای پارێزگای کەرکوك -- وەك ئەلبو جابر، ئەلساکر، ئەلبو جەحش و سەباویین -- وتویانە هاوئاهەنگی دەکەن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بۆ دەرکردنی داعش.
وتی ئەو خێڵانە "10,000 چەکداریان لە ئامادەباشیدان بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ یەکە سەربازییەکان لە هەر هەڵمەتێكی گەڕاندا بۆ کردنە ئامانجی چەکدارە تیرۆریستەکان."
وتیشی هەینی چەکدارە خێڵەکییەکان لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسی فیدرال و فیرقەی 14ی سوپا و هێزەکانی فەوجی 56ی حەشدی شەعبی، بەپشتیوانی فڕۆکەکانی عێراق، بەشدارییانكرد لە یەکەم ئۆپەراسیۆنی پشکنیندا.
حەواس وتی: "لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکدا، ناوچەکان بەسەر چەند سێکتەرێکدا دابەشکران، هەر سێكتەرە و پێکەوە پشکنینی بۆ دەکرا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و ئهو خێڵانهدا كه لەو شوێنانە نیشتەجێن."
شانە نوستووەکان کرانە ئامانج
هێزە هاوبەشەکان ناوچەیەکی فراوانیان پشكنی كه لە باکوری روباری زابەوە درێژدهبێتهوه بەرەو خوار تا ئەو شوێنەی زاب و روباری دیجلە بەیەكدەگەن -- نزیکەی 30 کیلۆمەتر كه دەشت و گردەکان لهخۆدهگرێت نزیك به ناوەندی حەویجە و ناحیهی عەباسی.
حەواس وتی لهكاتێكدا ئۆپەراسیۆنەکە "نهگهیشت به دۆزینهوهی هیچ حەشارگەیهكی تیرۆریستان"، هاوکاربوو بۆ پاراستنی ئەمنییەت و سەپاندنی کۆنتڕۆڵ بەسەر ئهو ناوچانهدا كه کرانە ئامانج بۆ بەرپەچدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی.
وتی ئەوە دەستپێكێك بوو بۆ ئۆپەراسیۆنی گەورەتر.
وتیشی: "دوای هەوڵەکانی داعش بۆ چالاککردنەوەی شانە نوستووەکانی و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی، خێڵەکان ئەمڕۆ دەیانەوێت هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان دووپاتبکەنەوە و پێکەوە لەپاڵ هێزە ئەمنییەکاندا راوهستن دژ بە گەڕانەوەی تیرۆریستان."
ههروهها وتی چەکدارانی داعش هێشتا بوونیان هەیە لە ناوچە شاخاوییەکانی نزیك حەویجە و ناوبەناو هێرش ئەنجامدەدەن و بەنهێنی دێن و دەچن بە گروپ، کە ژمارەیان لە چوار چەکدار تێپەڕناکات چونکە ترسیان هەیە بکرێنە ئامانج.
وتی ئهو پاشماوانه بەمدواییانە هێرشیانکردە سەر بازگە ئەمنییەکان لە ناوچەکانی مولتەقا و ریاز و ئهو ناوچانهی تا چیاکانی مەخمور درێژدەبنەوە.
وتیشی: "رێنادەین ئەو تیرۆریستە ترسنۆکانە بە ئازادی بێن و بچن و لەگەڵ هێزەکانماندا کاردەکەین بۆئەوەی دەریانبکەین و سزای تووندیان بدەین."