رێكخراوی لێبووردنی جیهانی (ئەمنستی) دووشەممە (11 ئایار) رایگهیاند 18 هێرشی تۆمارکردووە لە باکوری رۆژئاوای سوریا کە لەلایەن رژێمی سوریا و روسیاوە ئەنجامدراون لە ساڵی رابردوودا و دەچنە خانەی "تاوانەکانی جەنگەوە".
هێزەکانی رژێم کە لەلایەن روسیاوە پشتیوانی دەکرێن لە نیسانی 2019وە چەند هەڵمەتێکی سەربازیی کوشندەیان کردۆتە سەر پارێزگای ئیدلیب کە نزیکەی 3 ملیۆن کەسی لێدهژین.
ئاگربەستێك لە سەرەتای ئازارەوە بەگشتی جێبەجێکراوە بەڵام سەدان هەزار کەس بە ئاوارەیی ماونەتەوە و زۆر پێویستیان بە هاوکاری هەیە، لەکاتێكدا هەرێمەکە لە ئامادەباشیدایە بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (كۆڤید-19).
گروپەکەی مافی مرۆڤ رایگهیاند 18 هێرشی بۆ سەر دەزگا پزیشكی و قوتابخانەکان تۆمارکردووە کە لەلایەن رژێمەوە یان روسیاوە ئەنجامدراون لەنێوان 5 ئایاری 2019 و 15 شوباتی ئەمساڵدا لەو ناوچانهی قەڵای ئۆپۆزسیۆنن و ناوچهكانی دهوروبهری.
راشیگهیاند: "بەڵگەكان بەتەواوی نیشانیدەدهن کە هێرشە تۆمارکراوەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریا و روسیاوە پێشێلکاری بێئەژماری جددیی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بوون."
"ئەو پێشێلکاریانە دەچنە خانەی تاوانەکانی جەنگەوە."
ئەمنستی رایگهیاند كه رووداوەکان بریتیبوون لە سێ هێرشی زەمینی و دوو هێرشی بەرمیلی تەقەمەنی لەلایەن رژێمی سوریاوە لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی هەردوولا.
راشیگهیاند كه زۆربەیان لە کانونی دووەم و شوباتدا ئەنجامدراون لە دوا هێرشدا، کە لە کانونی یەکەمەوە نزیکەی 500 مەدەنیی کوشتووه ونزیکەی 1 ملیۆن کەسی ئاوارەكردووه.
ههروهها رایگهیاند كه لەنێو هێرشە تۆمارکراوەکاندا هێرشی ئاسمانیی روسیا لە نزیك نەخۆشخانەیەكهوه لە ئەرحیە ههن، کە لە 29 کانونی دووەم ئەنجامدران و لانیکەم دوو بینای دانیشتووانیان لەگەڵ زەویدا تەختکرد و 11 مەدەنیشیان کوشت.
ئەمنستی دەستی تۆمەتیشی راکێشا بۆ رژێمی سوریا لەسەر هێرشێکی بۆسەر قوتابخانەیەك کە تێیدا چەکی قەدەغەکراوی بۆمبی هێشوویی بەکارهاتووە و تێیدا سێ کەس کوژراون لە شاری ئیدلیب لە 25 شوبات.
بەرپرسی هەرێمیی ئەمنستی، هیبا مورەیف وتی: "دوا هێرشەکە بهردوامیدان بوو بە رەوتیكی قێزەونی هێرشی سیستەماتیکانەی بەرفراوان کە ئامانجیان تۆقاندنی دانیشتووانە مەدەنییەکەیه."
"روسیا بەردەوامە لە پێدانی پشتیوانیی گرنگ -- وەك ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی راستەوخۆی نایاسایی-- سەرباری ئەوەی بەڵگە هەیە کە رێگە خۆشکەرن بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لەلایەن هێزە سەربازییەکانی سوریاوە."
پێکدادانی کوشندە لە ئیدلیب
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگهیاند كه لەهەمانکاتدا پێکدادان لە باکوری رۆژئاوای سوریا یەکشەممە 48 چەکداری رژێم و چەکدارە تووندڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوشت، ئەوەش زۆرترین ژمارەی قوربانییە لە کاتی دەستپێکردنی ئارگبەستەوە دوو مانگ لەمەوبەر.
روانگەکە رایگهیاند كه بەر لە سەرلەبەیانی یەکشەممە، گروپە چەکدارەکان پێگەکانی هێزەکانی هەوادری رژێمی سوریایان کردە ئامانج لە قۆڵی رۆژئاوای هەرێمەکەوە.
راشیگهیاند كه پێکدادانەکە لە ناوچەی ساحل ئەلغاب 35 چەکداری رژێمی کوشت لەگەڵ 13 چەکداری ئۆپۆزسیۆنی تووندڕەو، ئەوانەشیان تێدابوو کە سەر بە گروپی حوراس ئەلدین بوون کە هەواداری قاعیدەیە.
سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولرهحمان وتی: "ئەوە زۆرترین ژمارەی کوژرانی چەکدارەکانە لە دەستپێکی ئاگربەستەوە."
"پێکدادانی ناوبەناو لەگەڵ بۆردومانی جاربەجار هەبوون لەلایەن هەردوولاوە پێشرتر، بەڵام ئەمە تا ئێستا تووندوتیژترین هێرش بووە."
عەبدولرەحمان وتی پێکدادانەکان شەوی یەکشەممە بەردەوامبوون.