هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

دبلۆماتکارانی نەتەوە یەکگرتوەکان: بەکرێگیراوانی روسیا لە لیبیا شه‌ڕده‌كه‌ن

ئاژانسی فرانس پرێس

سەربازێکی لیبی لە 5 ئایار یاوەریی بەکرێگیراوێك دەکات کە لەلایەن هێزەکانی خەلیفە حەفتەرەوە گیراوە لەکاتی هێرشەکەیاندا بۆسەر بەشی خۆرئاوای وڵاتەکە لە ده‌وروبه‌ری تەرابلسی پایتەخت، كه‌ گومانده‌كرێت بەشێک بێت لە بەکرێگیراوانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە هێنراون. [عەبدوڵا دوما/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەربازێکی لیبی لە 5 ئایار یاوەریی بەکرێگیراوێك دەکات کە لەلایەن هێزەکانی خەلیفە حەفتەرەوە گیراوە لەکاتی هێرشەکەیاندا بۆسەر بەشی خۆرئاوای وڵاتەکە لە ده‌وروبه‌ری تەرابلسی پایتەخت، كه‌ گومانده‌كرێت بەشێک بێت لە بەکرێگیراوانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە هێنراون. [عەبدوڵا دوما/ئاژانسی فرانس پرێس]

دبلۆماتکارانی نەتەوە یەکگرتووەکان چوارشەممە (6 ئایار) بە ئاماژەکردن بە راپۆرتی پسپۆڕان دەربارەی ئابڵوقەی چەك له‌سه‌ر وڵاتەکە، رایانگەیاند كه‌ بەکرێگیراوانی گروپی واگنەر، گروپێکی میلیشیای روسیا کە وا ده‌بینرێت نزیک بێت لە سەرۆك ڤلادیمێر پوتینەوە، لە لیبیا شەڕدەکەن.

ئەوە یەکەمین جار بوو کە نەتەوە یەکگرتوەکان پشتڕاستی ئەو بانگەشانەی میدیای ئەمریکا بکاتەوە بەوەی ئەو گروپە پشتگیری ده‌كات له‌ فەرماندەی بەهێز خەلیفە حەفتەر. مۆسکۆ نکۆڵی لەوە کردووە بەرپرس بێت لە ناردنی گروپەکە.

راپۆرتەکە دەریشیخست کە حەفتەر لەلایەن چەکدارانی سوریاوە پشتگیری دەکرێت.

گروپی واگنەر کۆمپانیایەکی ئەمنی گومانلێکراوی کەرتی تایبەتە و پێده‌چێت هەزاران لە گرێبەستکارانی لە شەڕە بیانیەکاندا بن لە سوریا و ئۆکرانیاوە بۆ کۆماری ئەفریقای ناوەند.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە گروپەکە "ئامرازی دەستی سیاسەتی دەرەوەی کرێملینە" لە لیبیا.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئاماژەکردن بە چەندین دبلۆماتکار کە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردووە بە مەرجی ناونەهێنانیان چونکە هێشتا بەڵگەنامەکە نەخراوەتە بەردەم جەماوەر، رایگەیاند: "پانێڵەکە درکیان بە بوونی سەربازانی بەکرێگیراو کردووە لە گروپی شڤك واگنەر لە لیبیا لە تشرینی یەکەمی 2018وە."

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند: "واگنەر پشتیوانه‌ی‌ تەکنیکی دابیندەکات بە چاککردنەوەی ئۆتۆمبیلە سەربازییەکان، بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە جەنگیەکاندا و بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی نفوز دروستکردندا."

راپۆرته‌كه‌ بەردەوامبوو كه‌ ئەوانه‌ بەشداریش بوون لە "کردەی سەربازیی تایبەتمەندتردا وەك بوونە ئەفسەری چاودێریكردنی هێڵەکانی پێشەوەی تۆپخانە و کۆنترۆڵکاری هێزی هێرشبەری ئاسمانی، دابینکردنی پسپۆڕی دژە هێرشی ئەلیکترۆنی و جێگیرکردنی تیمە نیشانگره‌كان".

راشییگەیاند: "جێگیرکردنیان بۆتە هۆکاری زیادكردنی ژماره‌ی هێزەکانی" حەفتەر.

پسپۆڕه‌كان وتیان ناتوانن سەربەخۆیانە پشتڕاستی ئەوە بکەنەوە چەند لە بەکرێگیراوانی واگنەر لە لیبیا بوون، بەڵام خەمڵاندنەکان ئاماژە بە جێگیرکردنی 800 تا 1,200 ئه‌ندام دەکەن.

راپۆرتەکە، کە لە 24 نیسان دراوەتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئاماژە بەوە دەکات كه‌ بارگرژی هەیە لەنێوان واگنەر و فەرماندەیی حەفتەردا.

یارمەتی لە چەکدارانی سوریاوە

راپۆرتەکە ئاشکراشی كرد كه‌ حەفتەر یارمەتی لە چەکدارانی سوریاشەوە پێدەگات، کە هێندەی تر شەڕەکە ئاڵۆز دەکات.

لە شوباتدا، تورکیا رایگەیاند سورییەکانی هاوپەیمانی تورکیا لە لیبیا شەڕدەکەن بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی رێکەوتنی نیشتمانیی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پشتگیریی لێده‌كرێت.

حەفتەر کونسوڵخانەیەکی لە دیمەشق کردۆتەوە کە لەوێ رژێمی بەشار ئەسەدی سوریا لەلایەن روسیاوە پشتگیریی لێدەکرێت.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند كه‌ بەکرێگیراوانی سوریا لەئێستادا شانبەشانی حەفتەر شەڕدەکەن -- هەرچەندە راشیگەیاند کە نەیتوانیوە دەستنیشانی بکات کێ بەرپرسە لە راهێنان و پارە بۆ دابینکردنیان.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، چەکدارەکان لانیکەم لەڕێی 33 گەشتی ئاسمانییەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتونەتە لیبیا له‌ڕێی کۆمپانیای کەرتی تایبەتی سورییه‌وه‌ لە دیمەشق، هێڵی ئاسمانی چام وینگز و راشیگەیاند کە ژمارەیان کەمترە لە 2,000.

هێزەکانی سەر بە حەفتەر لە نیسانی 2019وە شەڕدەکەن بۆ گرتنی تەرابلسی پایتەخت لە حکومەتی رێکەوتنی نیشتمانی.

ده‌ستێوه‌ردانی سەربازیی بیانی شەڕەکەی تووندترکردووە، بەجۆرێك ئیمارات و روسیا پشتگیری له‌ حەفتەر دەکەن و ئەنکەرە پشتگیری له‌ حکومەتی نیشتمانی دەکات.

ئاگربەستێکی کانونی دووەم کە لەلایەن تورکیا و روسیاوە سازکرا چەندین جار پێشێلکراوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500