تێرۆریزم

عێراق ئەو هێڵانەی کارەبا چاکدەکاتەوە کە داعش تەقاندبوونیەوە

خالید تائی

image

تاوەرێکی کارەبا لە خۆرهەڵاتی بەغدا زیانی بەرکەوت لە هێرشێکی داعشدا لە 28 نیسان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کارەبای عێراق]

وەزارەتی کارەبای عێراق هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای چاککردۆتەوە کە لەلایەن پاشماوه‌كانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە تەقێندرابوونەوە لە به‌شه‌كانی باکوری وڵاتەکە لە نیساندا، بەرپرسێکی وەزارەتەکە چوارشەممە (6 ئایار) بە دیارونای وت.

وتەبێژی وەزارەتەکە، ئەحمەد موسا وتی کارمەندانی وەزارەتەکە شەش هێڵی کارەبایان چاککردۆتەوە کە لەوکاتەوەی لە 28 نیسان بە تەقەمەنی دەستکرد کرابوونە ئامانج لە خزمەتگوزاری کەوتبوون.

بە دیارونای وت چەکدارەکان ئەو تەقەمەنییە دەستکردانەیان لە نزیک تاوەرەکانی گواستنەوە و بنکەکانی دابەشکردن چاندبوو.

وتی ئەو هێرشانە بوونە هۆی لەدەستدانی زیاتر لە 2,000 مێگاوات کارەبا، ئەمەش کاریگەریی لەسەر دابینکردنی کارەبا لە ناوچە گەورەکانی خۆرهەڵات و باکوری بەغدا دانا، لەگەڵ پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین.

image

کارمەندانی پارێزگای نەینەوا لە 22 ئازار وێستگه‌یه‌كی کارەبا چاکدەکەنەوە لە موسڵ، کە سێکتەری وزە تێیدا لە شەڕی دژ بە داعشدا زیانێکی زۆری بەرکەوت. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی دابەشکردنی کارەبای نەینەوا]

وتیشی: "توانیمان، بە هەوڵە بێوێنەکانمان، هێڵەکانی 1 و 2ی خۆرهەڵاتی بەغدا چاکبکەینەوە، له‌گه‌ڵ هێڵی هاوردەی کارەبای 400 کیلۆڤۆڵتی میرساد-دیالە كه‌ کارەبا بۆ هێڵی دیالە و بەنداوی موقدادیە-حەمرین دابیندەکات."

موسا وتی لەگەڵ ئەوانەشدا، هێڵەکانی عەبدوڵا-دور و عەبدوڵا-باکوری سامەرا لە پارێزگای سەڵاحەیدن چاککرانەوە بە توانای 132 کیلۆڤۆڵت.

رێگری له‌ دابینکردنی کارەبا

موسا وتی داعش بەردەوامە لە کردنە ئامانجی هێڵەکانی گواستننەوەی کارەبا، بە هێرشێک بۆسەر هێڵی مەنسورییە-دیالە لە سێشەممەدا و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە کارمەندانی وەزارەتەکە لە ئێستادا کار لەسەر چاککردنه‌وه‌ی دەکەن.

ئەوه‌ هێڵێكی سەرەکیی گواستنەوەیە و تواناکەی 400 کیلۆڤۆڵتە، کە تاوەرەکانی له‌ ساڵانی رابردوودا دووچاری هێرشی تیرۆریستی لەم جۆرە بوونەتەوە.

موسا وتی هێرشە تیرۆریستییەکان ئامانجیانە زیانبگەیەنن بە ژێرخانی سێکتەری وزە "کە بەمدواییانە لە گەشەسەندندا بوو"، لەکاتێکدا "چەتەکانی داعش رێگرییان لێ دەکرا بەو سەرکەوتنەی ئێمە بەدەستمانهێنابوو لە دابینکردنی کارەبادا 24 کاتژمێر بۆ هاوڵاتیانمان".

وتیشی چەکدارەکان "لە ئێستادا چاویان لەوەیە هێڵە بەرەوپێشچووەکەی کارەبای عێراق تێکبدەن و بەربەست بخەنە بەردەم ژیانی هاوڵاتیان، بەتایبەتی دانیشتوانی شارە ئازادکراوەکان."

موسا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد "هەوڵی تەواوەتی خۆیان بدەن بۆ پارێزگاریکردن لە هێڵەکانی گواستنەوە و بنکە و هێڵەکانی دابینکردنی کارەبا، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان".

وتی ئەمینکردنی ئەو هێڵانە بە شێواز و رێگا کۆنەکان کارێکی سەختە، چونکە "ناکرێت دەورییەی ئەمنی ئەنجامبدەیت و چەندین بنکەی جێگیر بە درێژایی ئەو هێڵانە دابنێیت" و ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە درێژیی تاکە هێڵێک دەکرێت بگاتە 400 کیلۆمەتر و پێکبێت لە 480 تاوەر.

وتیشی: "هەروەها بەشێک لەو هێڵانە بە ناوچە چۆڵکراوەکاندا دەڕۆن و ئەمنییەتێکی پتەویان نییە، وەک تاڤگەکانی پارێزگای نەینەوا، یان گردەکانی حەمرین و وادی حوران لە ئەنبار."

موسا داوای زیادکردنی بەکارهێنانی "سیستمی چاودێریی مۆدێرنی کرد، وەک کامێرای گەرمیبین و درۆن، بۆ دابینکردنی ئەمنیەتێکی پتەو بۆ هێڵەکانی کارەبا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500