هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

سوپای عێراق شاڕێگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ سعودیە دەپارێزێت

خالید تائی

بەرپرسانی سەربازی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی باڵا بازگەیەك ده‌پشكنن لەسەر ئەو رێگەیەی بەرەو دەروازەی سنوریی عەرعەر دەچێت لەگەڵ سعودیە لە حوزەیرانی 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

بەرپرسانی سەربازی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی باڵا بازگەیەك ده‌پشكنن لەسەر ئەو رێگەیەی بەرەو دەروازەی سنوریی عەرعەر دەچێت لەگەڵ سعودیە لە حوزەیرانی 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سوپای عێراق لە 28 نیسان رایگەیاند كه‌ پلانێك جێبەجێدەکات بۆ رێگرتن لەوەی چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) زیان لە سەلامەتی ئەو شاڕێگە نێودەوڵەتیە بدەن کە عێراق و سعودیە پێکەوە دەبەستێتەوە.

ئەو رێگەیە تاکە دەروازەی زەمینییە بۆ کاروانی حاجیەکان بۆ مەککە و دەروازەیەکی بازرگانی هەرێمیشە لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

بەڕێوبەری راگه‌یاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی باڵا، عەمید فاهیم کەریم وتی پلانەکە دانانی ساتر و خەندەق له‌خۆده‌گرێت بەدرێژایی 120 کیلۆمەتر کە لە بیابانی خۆرئاوای کەربەلاوە دەستپێدەکات بەرەو سنووری کارگێڕیی قەزای نەخیب له‌ ئەنبار.

وتی سوپا تائێستا بەربەستێكی بەدرێژایی 10 کیلۆمەتر دروستکردووە و ئاماژەیکرد بەوەی پلانەکە "دانانی چەند بازگە و كه‌مین و جێگیرکردنی دەوریەی ئەمنی له‌خۆده‌گرێت بە هاریکاری له‌گه‌ڵ یەکەکانی پۆلیس، پاسەوانی سنوور و ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی".

کاروانێك لە حاجیانی عێراق گەشتدەکەن بۆ سعودیە بۆ حەجکردن لە ئابی 2017. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی حەج و عەمرەی عێراق]

کاروانێك لە حاجیانی عێراق گەشتدەکەن بۆ سعودیە بۆ حەجکردن لە ئابی 2017. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی حەج و عەمرەی عێراق]

هەوڵەکان چەند کەمپینێکی چڕوپڕ و بەردەوامی تێدایە بۆ کنەوپشکنینی بیابانه‌كه‌ی خۆرئاوا کە لە پارێزگاکانی کەربەلا و ئەنبارەوە درێژدەبێتەوە بە بەشداریی هێزی ئاسمانی.

کەریم وتی کەمپینەکە ئامانجی دۆزینەوەی حەشارگەکانی داعش و تێکدانی پلانەکانیانە بۆ هێرشکردنە سەر شاڕێگەی نێودەوڵەتی.

وتی ئامانجی پلانەکە بەهێزکردنی ئاسایشیشە لە کەربەلا و ناوچەکانی نزیکی و وتیشی بیابانی کەربەلا هیچ رووداوێکی تیرۆریستی بەخۆوە نەبینیووە لەوکاتەوە كه‌ چەندین دومەڵان هەڵگرەوە رفێنران و کوژران لە ساڵی رابردوودا.

هه‌روه‌ها وتی: "دوای ئەو رووداوە، چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیمان خستەگەڕ بۆ پاککردنەوەی بیابان [لە پاشماوەکانی داعش] و فراوانکردنی دەسەڵاتمان بەسەریدا. ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەئێستادا هەفتانە ئەنجامدەدرێن."

وتیشی کامێراكانی بینین له‌ شەودا بەردەوام چاودێریی بیابانه‌كه‌ دەکەن و بەپێی پێویستیش بازگە و دەوریەی لێیە بۆ پاسەوانیکردنی سنووری کەربەلا، بەتایبەتی بیابانه‌كه‌ی خۆرئاوا.

کردنەوەی دەروازەی ئەنبار

پاراستنی ئەو رێگەیە بەشێکە لە پلانی حکومەت بۆ کردنەوەی دەروازەی سنوریی زەمینی عەرعەر دوای ئەوەی هەریەکە لە سعودیە و عێراق تشرینی یەکەمی رابردوو رایانگەیاند بەشێکی دەروازەکە دەکەنەوە بۆ بازرگانی، نزیکەی 30 ساڵ دوای ئەوەی داخرا.

پسپۆڕی ئەمنی سەفا ئەعسەم وتی هێرشە یەکلەدوای یەکەکان دژی داعش لە بیابانی خۆرئاوای عێراق گروپەکەی لاوازکردووە، سەرەڕای بوونی چەند پاشماوەیەك کە چەند هێرشێکی بچوك ئەنجامدەدەن بەتایبەتی بە كردنه‌ ئامانجی پێگە کەم پارێزراوەکان لە بیابان.

بە دیارونای وت پاراستنی شاڕێگەکە بەشێکە لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی بەردەوام بۆ لاوازکردنی چەکداران و رێگرتن لەوەی دەرفەتی سوودبینینیان هەبێت لە ئاستەنگی سیاسی و پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19).

وتی داعش هەوڵدەدات بە هەر نرخێك بێت ئەندامانی هانبدات کە لەئێستادا لەدۆخی بەرگریدان و شانە نوستووەکانی زیندووبکاتەوە بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێك.

وتیشی ئەمە مانای وایە هەر پلانێکی ئەمنی دەبێت هەوڵی چاودێری و هەواڵگری له‌خۆبگرێت بەپشتیوانی ئامرازی پێشکەوتووی چاودێری.

ئەم بۆچوونە لەلایەن پسپۆڕی ئەمنی محەمەد روبەیعیشەوە پشتڕاستکرایەوە کە وتی دروستکردنی بەربەست و خەندەق بەتەنیا بەس نییە بۆ بەتەواوی نەهێشتنی هەڕەشەی داعش.

روبه‌یعی وتی پلانی شەڕی داعش لە بیابانی خۆرئاوا و پاراستنی رێگەی عەرعەر -- کە ناسراوە بە رێچکەی حەج -- پێویستی بە کامێرای چاودێری و درۆن و فڕۆکەی ئەنجامدانی چاودێریی زیاترە، جگه‌ لە باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە.

وتیشی داعش هەوڵی دەرفەتێك دەدات تا بیسەلمێنێت کە هێشتا زیندووە، "هەربۆیە دەبێت بەردەوامبین لە رووبەڕووبوونەوەیان و بەڕەكه‌ لەژێرپێیان دەربهێنین".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500