هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

کۆچەرییەکانی ئەنبار سکاڵادەکەن لەدەست هەراسانکاریی میلیشیاکان

حەسەن عوبێدی لە بەغدا

ئەفسەرێکی پۆلیسی عێراق بەرەو نشینگەیەکی بەدەوییەکان (كۆچه‌ره‌ییه‌كان) دەڕوات نزیك بە شارۆچکەی حەدیسەی ئەنبار لەم وێنەیەدا له‌ 19 نیسان 2009. [عەلی یوسف/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەفسەرێکی پۆلیسی عێراق بەرەو نشینگەیەکی بەدەوییەکان (كۆچه‌ره‌ییه‌كان) دەڕوات نزیك بە شارۆچکەی حەدیسەی ئەنبار لەم وێنەیەدا له‌ 19 نیسان 2009. [عەلی یوسف/ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەو بەدەوی و شوانانه‌ی ژیانێکی کۆچەرییان هەیە لە بیابانی ئەنبار نزیك بە سنووری سوریا شوێنگۆڕکێیان پێدەکرێت بۆ کەنارەکانی هەندێك شاری عێراق، لەکاتێکدا چەندین سکاڵا هەیە لەوەی لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هەراساندەکرێن.

زۆرێك لە کۆچەرییەکان کاتێك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەشێکی گەورەی لە ئەنبار گرت لە ناوەندی 2014 ئاوارەکران و کاتێك هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی 2017 گروپەکەیان دەرکرد، گەڕانەوە بۆ ناوچە بیابانیەکانی پارێزگاکە.

کۆچەرییەکان و بەرپرسانی ناوچەکە بە دیارونایان وت، ئێستا ناچاردەکرێن دووبارە بگوازنەوە -- ئەمجارە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە کە لەژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کاردەکەن.

میلیشیا عێراقیەکانی سەر بە ئێران، لەنێویاندا کەتائیب حیزبوڵا، حەرەکات نوجەبا و سەرایا خوراسانی لە کاتی شکستی داعشەوە ئامادەیی خۆیان دەچەسپێنن و پتەوتردەکەن لەو ناوچەیەی بەدرێژایی سنووری سوریایە.

ئەندامانی میلیشیای سەرایا خوراسانی سەر بە ئێران بەشداریدەکەن لە نمایشێکی سەربازیدا لەم وێنەیەدا کە 23 حوزەیران 2017 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە.

ئەندامانی میلیشیای سەرایا خوراسانی سەر بە ئێران بەشداریدەکەن لە نمایشێکی سەربازیدا لەم وێنەیەدا کە 23 حوزەیران 2017 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە.

ئەوانه‌ دەستیانگرتووە بەسەر موڵكوماڵی تایبەتی ناوچە سنوورییەکەدا، بنکە و پێگەی سەربازی و جبەخانەی چەکیان دامه‌زراندووه‌. ئەم کارانە زۆر لەو کەسانەی کە لەلایەن داعشەوە ئاوارەکرابوون، پەشیمانکردۆته‌وه‌ لە گەڕانەوە.

قائیم، کە راستەوخۆ هاوسێی شاری ئەلبوکەمالی سوریایە، خاڵی هاتوچۆی سەرەکییە لەگەڵ سوریا. ئەو شارۆچکە سنوورییە وەك دەرچەی هاتوچۆ بووە بۆ ئەو میلیشیانەی پشتیوانی رژێمی سوریان و بۆتە بەندەرێك بۆیان.

پسپۆڕان بە دیارونایان وت بوونی میلیشیاکانی سەربە ئێران لەم ناوچەیە خزمەت بە ئامانجی ئاییندەی ئێران دەکات بۆ دامەزراندنی رێچکەیەکی زەمینی هەرێمبڕ.

بەدەوییەکان سکاڵادەکەن لەدەست هەراسانکاری

ژمارەیەکی زۆر لە بەدەوی و شوانه‌كان بەمدواییانە ره‌شماڵ و پێچاوەتەوە و خۆیان و ئاژه‌ڵه‌كانیان به‌ره‌و ئەو ناوچانەی نزیك بە شارەکانی قائیم و هیت و محەمەدین رۆیشتوون و دەڵێن لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانەوە هەراسانکراون.

وتیان گوایە پیاوانی میلیشیاكان دەستیانگرتووە بەسەر گاگەل و حوشترەکانیاندا و بەرمیلەکانی ئاویان تێکشکاندوون تا رێگربن لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان، لەگەڵ راستەوخۆ هێرشی جەستەیی بۆسەریان.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییە ناوخۆییەکان، میلیشیاکان ئەم کارانەیان کردووە، لەنێویاندا ناچارکردنی کۆچەرییەکان بە گواستنەوە و داواکردنی پارە یان گاگەل لێیان، بە پاساوی ئەوەی گوایە پشتیوانیی تیرۆریستانیان کردووە.

بەرپرسێکی ناوچەکە کە داوایکرد ناوی نەبرێت بە دیارونای وت نزیکەی 80 بەدەوی و شوانکارە بەمدواییانە لە بیابانی ئەنبار ئاوارەکراون بەهۆی هەراسانکاریی میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێرانه‌وه‌.

وتی هەندێكیان تاڵانکراون و ناچارکراون سەرانە بدەن، لەکاتێکدا ئەوانیدی هێرشی جەستەییان کراوەتە سەر و كه‌لوپه‌له‌كانیان تێکشکێنراوە.

بەرپرسە ناوچەییەکە وتی ئەو خەڵکە ئاوارەکراوە لە دەوروبەری شارەکانی ئەنبار ره‌شماڵیان هه‌ڵداوه‌ و چەند سکاڵایەکیان تۆمارکردووە لای پۆلیسی عێراق دەربارەی ئەو هەراسانکارییەی رووبەڕووی بوونه‌ته‌وه‌.

وتی وادەردەکەوێت شایەتیەکانیان ئەوە پشتڕاستبکاتەوە کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران ئامانجیان "پاککردنەوەی ئەو ناوچانەیە لە بوونی مەدەنی، تا بتوانن رێگە خۆشبکەن بۆ ئەنجامدانی کارە نایاساییەکانیان پەیوەست بە ئێران و رژێمی سوریاوە".

میلیشیاکان 'رۆڵێکی تێکدەرانە' دەگێڕن

عەقید موحسین سەتار عەوادی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و بادیە وتی هێزەکانی عێراق چەندین جۆر سکاڵای هەراسانکاری و پارەلێسه‌ندنیان بەدەستگەیشتووە لە بەدەوی و شوانکارەکانەوە لە ناوچەکانی نزیك قائیم و روتبە و عەناز.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و بادیە بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی بیابانی ئەنبار، کە درێژدەبێتەوە بۆ هێڵی سنووری لەگەڵ سوریا.

بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق لەو ناوچانەی نزیك بە نشینگەی کۆچەرییەکان جێگیردەبن، تا پارێزگارییان لێبکەن لە دژی هەر هێرشێك بۆسەریان لە ئاییندەدا.

لە ڤیدیۆیەکدا کە چالاکوانانی ناوچەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاویانکردەوە، فەرماندەیەکی سەرایا خوراسانی دەبینرێت دەست بەسەر ناسنامەی بەدەوییەكدا دەگرێت لە بیابان، بەبێ ئەوەی هیچ هۆکارێك بڵێت.

پسپۆڕێكی بواری ئەمنی عێراقی، ئەحمەد حەمدانی وتی کردەی هەراسانکردن بەشێکە لە هەوڵەکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکە.

بە دیارونای وت سکاڵای بەردەوامی هەراسانکاری تەنیا تایبەت نییە بە بەدەوی و شوانکارەکان، بەڵکو دانیشتوانی گوندە سنوورییەکانیش دەگرێتەوە.

وتی ئەم میلیشیانە رۆڵێکی تێکدەرانە دەگێڕن و باری سەرشانی هێزە ئەمنیەکانی عێراقیان سه‌نگینتر کردووە، کە هەوڵی سەقامگیری دەدەن لەو ناوچانە.

سیاسه‌تمه‌داری عێراقی، تالیب عیساوی بە دیارونای وت پێشبینیدەکرێت ستراتیژی ئێران لە عێراق بۆ تێکدانی ئارامی بەردەوامیی هەبێت، "لەبەرئەوەی سەقامگیری دوایین پاساوی ناهێڵێت بۆ دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و دەیوەستێنێت لە دروستکردنی میلیشیاکان".

وتی ئێران دەیەوێت کۆنترۆڵی ناوچە سنووریەکەی نێوان عێراق و سوریا بکات و ماوەیەکە تەرکیزی لەسەر فراوانکردنی نفوزی خۆیه‌تی لەم ناوچانە لەڕێی میلیشیاکانەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500