رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ رایگەیاند کە بۆمبێک سێشەممە (28 نیسان) تەقییهوە لە بازاڕێکی شاری عەفریندا له ناوچە گوندنشینەکانی حەلەب لە باکوری خۆرئاوای سوریا، کە بووە هۆی کوشتنی لانیکەم 46 کەس.
چالاکوانهكی بواری میدیا، تارق ئەحمەد بە دیارونای وت پێدەچێت ژمارەی كوژراوان بەرزببێتەوە چونکە ههندێك لە بریندارەکان لە دۆخێکی ناجێگیردان.
ئەحمەد وتی هێشتا لیستی ناوی قوربانییەکان بڵاونەکراوەتەوە، چونکە ههندێك لە لاشەکان بەهۆی سووتانەوە نهناسراونهتهوه.
وتیشی زیاتر لە نیوەی قوربانییەکان مەدەنین کە لەو ناوچەیە دەژین یان هاتبوون بۆ بازاڕکردن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی لانیکەم 10 منداڵ لەنێو قوربانییەکاندان و نزیکەی 60 کەسیش دووچاری سووتاوی هاتوون.
ههروهها وتی زانیارییە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە تەقینەوەیەکی گەورە روویدا بەهۆی تەنکەرێکی سووتەمەنییەوە کە لە ناوچەکە بوو، ئەوەش بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە و رێگری لەبەردەم هەڵمەتەکانی رزگارکردندا.
ئەحمەد وتی تەقینەوەکە لە ناوەندی بازاڕێکی قەرەباڵغدا لە ناوەندی شارەکەدا لەنێوان فولکەی سیاسە و سەرایادا روویدا، لە نزیک ناوەندی دامەزراندنی یەکێک لە گروپە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکان.
وتی ئەم ناوچەیە زۆربەی کات قەرەباڵغە و ژمارەیەکی زۆر مەدەنی سەردانی دەکەن، بەتایبەتی پێش بەربانگ.
وتیشی تیمەکانی کڵاو سپییەکان داروپەردووی ناوچەکە لادەبەن و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای کەسە ونبووەکاندا، ژمارەی قوربانییەکانیش لە دوای تەواوبوونی هەڵمەتی گەڕانەکە رادەگەیەنرێت.
ئەحمەد وتی تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی له ئەنجامدانی تەقینەوەکە رانهگهیاندووه و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش كه ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی کۆمەڵێک گروپی ئۆپۆزسیۆندایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکدادانیان ئەنجامداوە.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
وتەبێژی وەزارەتەکە، مۆرگان ئۆرتاگوس وتی: "کردەوەی بێویژدانانەی لەم جۆرە بە هیچ جۆرێک لە هیچ لایەنێکی ناكۆكییهكان پهسهند ناکرێت."