بەرپرسانی عێراق چەند هەنگاوێکی بەرپێگرانەیان ناوە بۆ دڵنیاییدان لەوەی بەرهەمی گەنمی وڵاتەکە لەمساڵدا دەپارێزرێت لەو ئاگرەی کە ساڵی پار بەنێو کێڵگەکانی ئەو پارێزگایەی باکوردا بڵاوبووهوە، بەرپرسێكی عێراقی دووشەممە (27 نیسان) وتی.
وەرزی ستراتیژیی دروێنە لە ناوەندی ئایاردا دەستپێدەکات، بەجۆرێك پێشبینیدەکرێت کۆی بەرهەم بگاتە زیاد لە شەش ملیۆن تەن گەنم.
بەرپرسانی پارێزگای نەینەوا هەوڵدەدەن کێڵگەکان بپارێزن لەو ئاگرانەی هەزاران دۆنم کێڵگەی گەنمیان لەناوبرد لە ساڵی پاردا، کە زۆرێك پەنجەی تۆمەتیان بۆ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) راکێشا وەك هۆکارەکەی.
نەینەوا کە بە سەبەتەی نانی عێراق دادەنرێت، چەقی وڵاتەکەیە بۆ بەرهەمهێنانی گەنم، کە زیاد لە 6.7 ملیۆن دۆنمی لهو دانەوێڵەیه لێ چێنراوە و نزیکەی نیوەی کۆی گشتی تەواوی کێڵگەکانی عێراقە.
پاراستنی وەرزی دروێنە
بەڕێوبەری بەرگری شارستانی، عەقید حوسام خەلیل عەبد وتی بەڕێوبەرێتی بەرگری شارستانی نەینەوا دووشەممە دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ پاراستنی وەرزی دروێنە لە ئاگر.
بە دیارونای وت: "نزیکەی 45 تیمی گەڕۆکمان بە ئۆتۆمبیل ناردووە، ئۆتۆمبیلی پشتیوانیشیان لەگەڵە لە بەڕێوبەرێتییە خزمەتگوزارییەکان، بە ئامانجی روماڵکردنی زۆرترین ناوچەی چێنراو بە گەنم و دانەوێڵەی دیکە لە نەینەوا."
وتیشی: "تیمەکانمان پارێزگاری دەبەخشنە ئەمبارەکان و دەستبەجێ دەستێوەردان دەکەن گەر دۆخی کتوپڕ بێتەپێشەوە."
عەبد وتی هەنگاوە بەرپێگرەکانی دیکە بریتین له هۆشداریدان بە جوتیاران بۆ هاریکارییکردن لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان بە دەستبەجێ راپۆرتدان لەسەر هەر جوڵە و چالاکییەکی گومانلێکراو.
وتی بەرگری شارستانی بەمدواییانە کۆبوونەوە و کۆڕی چڕوپڕی سازکردووە بەئامانجی پەروەرکردنی جوتیاران لەسەر پێویستی پابەندبوون بە رێنماییەکانی سەلامەتییەوە بۆ پارێزگاری دژی ئاگركهوتنهوه لە کاتی دروێنەدا.
وتیشی هەندێك لە ئاگرەکانی وەرزی رابردوو لە ئەنجامی "فەرامۆشکردنی لەناوبردنی گژوگیای وشك بوون، کە زوو گڕدەگرن کاتێك بەر هەر سەرچاوەیەکی گەرمی بکەون".
عەبد وتی جیا لەوەش، دروێنەکردنی هەڕەمەکیی دانەوێڵە و بەشێوەیەکی شیاو دابەشنهکردنی پارچە زەوییەکان رێگەی دا ئاگرەکان بەخێرایی و بەشێوەیەکی فراوان بڵاوببنەوە.
وتی جوتیاران بەشێوەیەکی زۆرباش پێشوازییان لە دوایین رێنماییەکانی بەرگری شارستانی کردووە.