چەند مانگێك دوای کوشتنی ژەنەراڵێکی ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە لە بەغدا، ئەمریکا بە ملیۆنان دۆلاری داناوە بۆ هەر وردەکارییەك دەربارەی پیاوێكی گومانلێکراو کە شوێنەکەی پڕدەکاتەوە -- دانوستانکاری حیزبوڵا، محەمەد کەوسەرانی.
واشنتۆن هەفتەی رابردوو کەوسەرانی تۆمەتبارکرد بەوەی "هەندێك لە ئەرکی هەماهەنگیکردنی گروپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی لەئەستۆگرتووە" کە پێشتر لەلایەن فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانهوه، قاسم سولهیمانی، رێکدەخرا.
لەڕاستیدا، کاتێك هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا سولهیمانی کوشت لە کانونی دووەم لە کاروانێکی بچوكدا لە دەرەوەی فڕۆکەخانەی بەغدا، دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەو بەرپرسە کەم ناسراو بەڵام بەهێزە لە حیزبوڵای لوبنانی پشتیگیرکراو لەلایەن ئێرانەوە لەگەڵیاندا مردبێت.
دواتر دەستبەجێ ئەوە پشتڕاستکرایەوە کە کەوسەرانی، کە پێشەنگی سیاسەتی عێراقی حیزبوڵایە، لەنێو کوژراوانی هێرشەکەدا نەبووە.
بەڵام دەنگۆی کوشتنی تەنیا پێگەی ئەوی سەلماند لەنێو کاراکتەرە گومانلێکراوەکانی سەر بە ئێراندا کە سیاسەتی عێراق ئاراستەدەکەن.
ئەمریکا کە سوورە لەسەر سنووردارکردنی نفوزی ئێران لە عێراق، هەفتەی رابردوو خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری راگەیاند بۆ هەر وردەکارییەك دەربارەی چالاکیەکانی کەوسەرانی و هاوکارانیان.
وەزارەتی دەرەوە كهوسهرانی تۆمەتبارکرد بە لەخۆگرتنی هەندێك لە رۆڵەکانی سولهیمانی بۆ هەماهەنگیکردن لەنێو لایەنەکانی سەر بە تاراندا کە هێرشیانکردۆتە سەر ناوەندە دبلۆماسیە بیانیەکان و "تێوەگلاون لە چالاکی تاوانکاری بەشێوەیەکی بەرفراوان رێکخراو".
'ئەنجامدەر'
واشنتۆن سەرەتا کەوسەرانی سزادا وەك "تیرۆریست" لە 2013 بۆ دابینكردنی "راهێنان و پشتیوانی دارایی و سیاسی و لۆجستی" بۆ گروپە شیعەکانی عێراق.
کەوسەرانی لە کۆتاییەکانی ساڵانی 1950 لە عێراق لەدایکبووە، لە حەوزەی پیرۆزی نەجەف خوێندوێتی و هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی عێراقی کردووە کە چوار منداڵی لێی هەیە.
سەرچاوەیەکی نزیك لە ریزە باڵاکانی حیزبوڵاوە وتی: "کەوسەرانی دیاریکرا بە سەرۆکی فایلی حیزبوڵای عێراق لە 2003 و راستەوخۆ لهژێر فهرمانی سکرتێری گشتیدا، حەسەن نەسروڵا، بووه."
لەو رۆڵەدا، ئەو شێخە بەجەستە لاوازە بەردەوام گەشتیکردووە لەنێو بەغدا و بەیروتدا بۆ دانوستان لەنێوان کاراکتەرەکانی عێراقدا، بەتایبەتی لە کاتە پشێوەکانی وەك پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنەکاندا.
بەرپرسێکی باڵای عێراق، کە چەند جارێك كهوسهرانی بینیووە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "لەو رۆڵەدا، وەك کۆپییەکی سولهیمانی وابوو."
سەرچاوەیەکی دیکەی حیزبوڵا وتی: "ئەزمونێکی زۆری هەیە و تەنیا بیانییە، دوای سولهیمانی، کە شەقامی سیاسی عێراقی بەوردی بناسێت."
پسپۆڕێكی سیاسەتی عێراق، هیشام هاشمی وتی کەوسەرانی چەند "کڵاو"ێکی جیاوازی لەسەرکردووە.
لهكاتێكدا ئاماژەیکرد به كۆمهڵێك له پارتە عێراقیە شیعەكان کە رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئی وەك مەرجەعی سەرەکی خۆیان دەبینن، هاشمی وتی: "[كهوسهرانی] رێبەرە لەنێو ئۆرکێسترای دڵسۆزی شیعەکاندا."
بهوشێوهیه زۆر بهوردهكارانه کۆدەنگی دروستدەکات لەنێو لایەنە سیاسی و چەکدارە جیاوازەکانی شیعەدا لە عێراق -- بەڵام کاریشی کردووە بۆ هێنانە ناوەوەی سوننەكانی عێراق بۆ کارکردن لەگەڵ رکابەرە شیعەكانیان.
پرۆفایلێکی گەشەکردوو
دوای هێرشەکەی ئەمریکا کە سولهیمانی و فەرماندەیهكی باڵای عێراق، ئەبو مەهدی موهەندیسی کوشت، کەوسەرانی پرۆفایلی زیاتر گەشەیکرد تا هەماهەنگیكردن لهگهڵ پارتە کوردییەکانیش لەخۆبگرێت.
هاشمی وتی: "بوو به بەرپرس له هەموو پارتە سیاسییەکان."
هاوکات، پەیوەندی لەنێوان عێراق و لوبناندا دروستکرد، لەکاتێکدا حیزبوڵا رووبهڕووی فشاری دارایی بووبووه بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە.
سەرچاوەیەکی دبلۆماسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "کەوسەرانی نفوزی بەسەر سیاسیەکانی عێراقەوە هەبوو -- تاڕادەیەك کە ساڵی رابردوو داوای ملیۆنان دۆلاری کردووە لە عێراق بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی لوبنان."
داواکارییەكهی لە دەرەوەی كهناڵه فەرمییەکانی دەوڵەت بەرامبەر دەوڵەت كردبوو، روونیش نییه ئاخۆ جێبهجێكراوه یان نا.
لەکاتێکیشدا بەرپرسێکی دیکەی عێراقی پشتڕاستیکردەوە کە کەوسەرانی ئەو داوایەی کردووە، سەرچاوەیەکی نزیك لەو شێخە لە بەیروت نکۆڵی لەو پێشنیازە کرد.