چهندین هەفتەیه لهوكاتهوهی ئهو میلیشیا عێراقییانهی لەلایەن ئێرانهوه پشتیوانی دهكرێن لهگهڵ ئهمریكا كهوتنه هێرشكردنه سهر یهكتر، بەڵام شارهزایان هۆشداریدهدهن كه ئەو دوو رکابەرە دهشێت ئەم کاتە بەکاربهێنن بۆ ئامادەکاری بۆ پهرهسهندنی بارگرژییەکان.
فیلیپ سمیس، کە لێکۆڵینەوە لە یەکە چەکدارە شیعەکان دەکات بۆ ناوەندی واشنتۆن بۆ سیاسهتهكانی خۆرهەڵاتی نزیک، وتی: "تەنانەت ئەگەر هێرشی موشەکیش نەبینین، ئێرانییەکان خۆیان بۆ شتێکی تر ئامادە دەکەن."
سمیس وتی: "لەهەمانکاتدا، سەربازانی ئەمریکا لە عێراق خۆیان جێگیركردووه و هەڕەشەکان بە جددیتر وەردەگرن."
ئەو سەربازانە، وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) جێگیربوون، دەیانجار کراونەتە ئامانجی هێرشی موشەکی کە بەپێی کات کوشەندەتر بوون.
مانگی رابردوو، پهنتاگۆن دەستیکرد بە ئامادەکردنی پلانێک لە دژی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ئەگەری ئاڵۆزتربوونی دۆخەکەدا، بەتایبهتی کەتایب حیزبوڵا كه به هێرشە موشەکییەکان تۆمەتباردەکرێن.
بەرپرسێکی باڵای عێراق وتی: "واشنتۆن پێی وتین کە ئەوان لە یەک کاتدا 122 پێگە لە عێراق دەکەنە ئامانج ئەگەر ئەمەریکیی زیاتر بكوژرێن."
چەند دیپلۆماتێکی وڵاتانی هاوپەیمان وتیان دەکرێت بۆردومانی لەم جۆرە ببێتە هۆی هاتنە ئارای ئاکامی گەورە، کە رەنگە پێکبێت لە تۆڵەکردنەوە لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران و دەکرا هانی عێراقی بدایە بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە هێزە بیانییەکان لە عێراق بکاتە دەرەوە.
ئەمریکا و ئێران بەشێوەیەکی ترسناکانە کەوتوونەتە لێواری روودانی ناکۆکییەکی تهواوهوه.
ئەمریکا فەرماندەی ئێرانی قاسم سولەیمانی لە کانونی دووەم لە بەغدا کوشت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئێران هێرشی موشەکی بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە خۆرئاوای ئێران.
ئەمریکا دواتر سیستمی پاتریۆتی دژە موشەکی و سیستمی بەرگریی موشەکی C-RAMی لە عێراق جێگیرکرد بۆ پاراستنی هێزەکانی.
لەهەمانکاتدا، ئەمریکا ئامادەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کەمکردەوە و لە نیوەی ئەو بنکانە کشایەوە کە پێشتر لێی جێگیربوو لە عێراق و سەدان راهێنەری کشاندەوە وەک رێکاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
کەتایب حیزبوڵا سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت ئەو کشانەوانە ببنە هۆی کشانەوەی تەواوەتی و هەمیشەیی، ئەمەش ئەگەری روودانی هێرشی موشەکیی تر زیاددەکات.
میلیشیاکەی سەر بە ئێران لەم مانگەدا رایگەیاند: "ئەو هێزانە هیچ قوربانییەکی گیانیان نابێت ئەگەر بەردەوامبن لە کشانەوە لە چوارچێوەی کشانەوەی تەواوەتیدا لە عێراق."
ئارامییەکی ناڕهحهت، لە ئێستادا
لهههمانكاتدا، سێ لهو گروپانهی پێشتر نەناسراو بوون بانگەشەی هێرشیان کردووە، هەڕەشەیان لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کردووە، تۆماری ڤیدیۆیی درۆنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و بنکەی عەین ئەسەدیان بڵاوکردۆتەوە، کە سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.
دوو بەرپرسی باڵای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وتیان گوماندەکەن گروپەکان "هەمان بکەرە کۆنەکان بن" -- کەتایب حیزبوڵا و هاپەیمانەکانی -- کە "کەمێک جیاوازتر خۆیان رێکدەخەن".
سمیس وتی پێدەچێت ئێران هاوپەیمانه عێراقییەکانی رێکبخاتەوە و گروپەکانی بەرەی پێشەوە بەکاربهێنێت بۆ نکۆڵیکردن له بهرپرسیارێتی.
سمیس وتی: "ئێستا ئارامی هەیە، بەڵام هەر کە دۆخەکە بۆیان گونجا جارێکی تر ئاگرەکە خۆشدەکەن."
لە سیاسەتیشدا، یاری گوریس راکێشان لەنێوان ئێران و ئەمریکادا لەسەر عێراق لە شوێنێکی هەستیاردایە.
مستەفا کازمی، سەرهکوەزیرانی راسپێردراو ئامادەکاری بۆ کابینەکەی دەکات، بەرپرسانی ئەمریکاش بڕیارە لە حوزەیراندا سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆی جددی.
دیپلۆماتکارێکی خۆرئاوایی وتی ئەگەر کازمی شکستبهێنێت، رەنگە ئەمریکا حکومەتی عێراق بە "نەیار و لایەنگری ئێران" ناوزەندبکات و سزای نوێ بسەپێنێت.