بەرپرسێکی ناوخۆیی وتی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق یەکشەممە (19 نیسان) هەڵمەتێکی بۆردومانیان ئەنجامدا بۆسەر حەشارگەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە قەزای دوور لە پارێزگای سەڵاحەدین.
سەرۆکی ئەنجومەنی ناوخۆیی دوور، نەواف زیاب حەسەن دووشەممە بە دیارونای وت: "فڕۆکە F-16 جەنگییەکانی عێراق چەندین هێرشیان کردە سەر دوورگەی عەبدول عەزیز، کە دەکەوێتە ناو روباری دیجلە، لە بەشی رۆژئاوای قەزاکە."
وتی دوورگەکە ناوچەی چڕی سەوزایی لێیە و بۆ هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان ئاشكرابوو كه بۆتە مۆڵگەی داعش و راپۆرتەکانیش ئاماژەیان بۆ بوونی چهندین حەشارگە دەکرد لەو شوێنە.
بۆردومانەکە حەشارگەکانی خاپورکرد و 14 چەکداری کوشت، بەگوێرهی وەزارەتی بەرگری عێراق.
![فەرماندەکانی سوپای عێراق و پۆلیس سەرپەرشتی ئەرکێکی پشکنین دەکەن لە گوندەکانی پارێزگای سەڵاحەدین له 19 نیسان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی سەڵاحەدین]](/cnmi_di/images/2020/04/20/23631-Iraq-Salaheddine-commanders-600_384.jpg)
فەرماندەکانی سوپای عێراق و پۆلیس سەرپەرشتی ئەرکێکی پشکنین دەکەن لە گوندەکانی پارێزگای سەڵاحەدین له 19 نیسان. [خاوەنی وێنە: بەڕێوبەرێتی پۆلیسی سەڵاحەدین]
حەسەن وتی هێرشە ئاسمانییەکان، كه "هێرشی پێشگیرانه بوون و کاریگەرییان کردە سەر ریزەکانی دوژمن، كاریگهر و سهركهوتوو بوون".
وتیشی: "تیرۆریستەکان چاویان لەسەر ئەوە بوو دوورگەکە بکەنە بنکەیەکی چالاك و لەوێوە پلانی دەستپێکردنی هێرشەکانیان بکەن بۆسەر سەڵاحەدین و پارێزگاکانی دیکە."
ههروهها وتی هەوڵەکانی هەماهەنگیکردن لەنێوان دەزگا ئەمنییەکاندا بە هاوکاری دانیشتووان و سەرکردە ناوخۆییەکان هۆکارێكی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە بوو.
هەوڵەکان دژ بە داعش دەبێت بەردەوام بن
حەسەن وتی دەبێت ئەو ئۆپەراسیۆنانە زیادبکرێن، بەتایبەتی لە بەشەکانی دەکەونە رۆژهەڵاتی قەزاکەوە، چونکە پاشماوەکانی داعش بوونیان هەیە لە شارۆچکەکانی جەلەم و عەیس و سەلابیخە و موتەیبیجە، تا گردەکانی حەمرین و عوزهیم لە پارێزگای دیالە.
وتی لەو ناوچانەدا بە گروپی گەڕۆك دێن و دەچن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە.
وتیشی: "سوپای عێراق و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە بەردەوام بە دوای دۆزینەوەی پاشماوەکانەوەن." ههروهها وتی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زۆر هاوکاری ئەو هەوڵانەن.
حەسەن وتی بۆئەوەی دڵنیایی هەبێت لەوەی چەکدارەکان هەلیان بۆ نەڕەخسێت ریزەکانیان تۆکمەبکەن، "دەبێت ئەو هەوڵانەی لێدان لە حەشارگەکانیان و بەرپەچدانەوەی پلانەکانیان زیادبکەین".
بەگوێرهی بەیاننامەیەکی پۆلیس، هێزە ئەمنیەکان یەکشەممە لە سەڵاحەدین ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانیان ئەنجامدا لە گوندەکانی دەکەونە رۆژئاوای شاری تکریت و باشوری سینییە.
یەکەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین و فەوجەکانی پۆلیسی فریاکەون و تیمەکانی پەیوەندی و دۆزینهوهی تەقەمەنی بەشدارییانكرد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.