هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

عێراقییەکان توڕەن لە پشتیوانیی میلیشیاکان بۆ ئەجه‌ندای سوپای پاسداران

فارس عومران

فەرماندەی هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لەم وێنەیەدا دەبینرێت کە لە 4 کانونی دووەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە. قائانی بەمدواییانە سەردانی بەغدای کرد و لەوێش لەگەڵ چەندین سەرکردە و فەرماندەی میلیشیاکان کۆبووه‌وە.

فەرماندەی هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لەم وێنەیەدا دەبینرێت کە لە 4 کانونی دووەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە. قائانی بەمدواییانە سەردانی بەغدای کرد و لەوێش لەگەڵ چەندین سەرکردە و فەرماندەی میلیشیاکان کۆبووه‌وە.

چاودێران بە دیارونایان وت ئەو هەنگاوانەی لەلایەن میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە سوپای پاسداران گیراونەتەبەر لە دژی ئەو هێزانەی هاوپەیمانان کە لە عێراق نیشتەجێن، بەشێوەیەکی بەرچاو بوونه‌تە هۆی تووڕەیی لای عێراقییەکان.

وتیان خه‌ڵكی عێراق هەوڵەکانی سوپای پاسداران رەتدەکەنەوە بۆئەوەی وڵاتەکەیان بخزێنێته‌ نێو شەڕی بریكارییه‌وه‌ لەپێناو بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێراندا، هه‌روه‌ها ترسیان هه‌یه‌ لە ئاکامی هێرشەکانی ئەمدواییە بۆسەر وڵاتەکەیان.

ئه‌و میلیشیانه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتگیریده‌كرێن هێرشەکانیان زیاترکردووە لە دژی ئەو هێزانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە عێراقن، کە لە تشرینی یەکەمەوە نزیکەی بیست هێرشیان ئەنجامداوە.

دواهەمین هێرش بریتی بوو لە دوو موشەک کە له‌ ناوچەی سەوزیان دا لە پایەتەختی عێراق، کە لەڕووی ئەمنییەوە زۆر پارێزراوە، چەند کاتژمێرێک پێشئەوەی هێزەکانی ئەمریکا دووەمین بنکەی سەربازی لە وڵاتەکە بەجێبهێڵن.

ئەندامانی ئەو میلیشیا عێراقیانەی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن لە میانه‌ی چالاکییەكدا دەبینرێن لە بەغدا، له‌ حوزەیران 2018. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە]

ئەندامانی ئەو میلیشیا عێراقیانەی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن لە میانه‌ی چالاکییەكدا دەبینرێن لە بەغدا، له‌ حوزەیران 2018. [وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە]

سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت پێدەچێت ئامانجەکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بووبێت. هیچ قوربانییەك رانەگەیەنرا.

تووندوتیژترین هێرشی میلیشیاكان لە مانگی رابردوودا روویدا، کاتێک 18 موشەک بنکەی ئاسمانی تاجییان کردە ئامانج و دوو کارمەندی سه‌ربازیی ئەمریکی و سەربازێکی بەریتانیایان كوشت.

سێ رۆژ دواتر، بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایانگەیاند کە 33 موشەکی کاتیۆشا جارێکی تر بنکەی تاجییان کردەوە ئامانج.

لە ڤیدیۆیەکدا کە 17 ئازار لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، عوسبەت سائیرین (كۆمكاری شۆڕشگێڕان)، میلیشیایەکی پێشتر نەناسراو، بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆسه‌ر تاجی گرتەئەستۆ.

دڵسۆزی بۆ رژێمی ئێران

ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی عێراق، تەها لەهیبی بە دیارونای وت: "پیاوانی میلیشیا بە هیچ شێوەیەک بیر لە دەرئەنجامی کردەوەکانیان ناکەنەوە." تاکە ئامانجیان "كردنی عێراقە به‌ نێچیرێكی ئاسان بۆ ئێران".

وتی: "زۆربوونی هێرشەکان بەڵگەی ئەوەن کە ئەوان هیچ رێزێکیان بۆ حکومەت و یاسا نییە و گرنگییەکی ئه‌وتۆ نادەن بە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی نیشتمان."

وتیشی لەجیاتی ئەوە، ئەوانه‌ جەخت لە دڵسۆزییان بۆ رژێمی ئێران دەکەنەوە و پشتیوانی لە ئەنجه‌ندای ئه‌و وڵاتە دەکەن.

له‌هیبی وتی: "وەک چاوەڕواندەکرێت، ئێران لە هیچ کام لەو شەڕانەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ تێوەناگلێت، بەڵام هانی بریكاره‌كانی دەدات کارەکانی بۆ ئه‌نجامبده‌ن لە دەرەوەی سنووری وڵاتەکە... به‌وجۆره‌ش ئەوان باجەکەی دەدەن."

وتیشی: "میلیشیاکان دەبێت لەوە تێبگەن کە کردەوە هه‌ژێنه‌ره‌كانیان بێسوودن و تەنیا کێشە بۆ عێراق دروستدەکەن و دەبنە مایەی هەڕەشە بۆسەر سەقامگیریی وڵاتەکە."

وتی دەبێت هەموو هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (كۆڤید-19) تەرخانبکرێن.

سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵە عەرەبه‌کان، سائر بەیاتی بە دیارونای وت میلیشیاکانی سەر بە ئێران سوود لەو دۆخەی ئێستا وەردەگرن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان و بەرژەوەندییەکانی ئێران.

وتی: "لە لوتکەی قەیرانە سیاسی و ئابورییە بێوێنەکاندا کە دووچاری وڵاتەکە هاتوون و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەم میلیشیانە گڕی دۆڕاندنی شەڕەکان بۆ عێراق و خەڵکەکەی خۆشدەکەن."

وتیشی تاکە لایەنێک کە سوود لەو کردەوانە دەبێنێت رژێمی ئێرانە.

هه‌روه‌ها وتی لە 30 ئازار له‌ سەردانێکیدا بۆ بەغدا، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، ئیسماعیل قائانی چاوی بە چەندین سەرکردە و فەرماندەی میلیشیا کەوت، كه‌ "بەڕوونی ویستەکانی ئێرانی ده‌رخست بۆ دەستوەردان لە پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراقدا".

میلیشیاکان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن

بەیاتی وتی میلیشیاکان لە دۆخێکی دارایی سەختدان لەکاتێکدا زۆربەی سەرکردەکانیان سزای ئابوورییان لەلایەن ئەمریکاوە بەسەردا سەپێنراوە، به‌و واتایه‌ی سەروەت و سامانەکانیان سڕکراون و ناتوانن هیچ ئاڵوگۆڕێکی دراو ئەنجامبدەن.

وتی بەڵام ئەو میلیشیانە هێشتا دەتوانن پارەی چەکدارانیان و تێچووی دامەزراندنی چەکداری نوێ بدەن.

توێژه‌ری سیاسی، غانم عەبد هاوڕایە و دەڵێت ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە سەرچاوە داراییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەرەو کەمبوونەوە دەچن.

به‌ڵام ناوبراو و بە دیارونای وت كه‌ ئەوانه‌ هێشتا داهات بەدەستدەهێنن لەڕێی گەندەڵی، به‌زۆر پاره‌سه‌ندن، دزیکردن لە داهاتی گشتی، قاچاخچێتی و ئەو باجانەوه‌ كه‌ ده‌یخه‌نه‌ سەر کەلوپەلەکان لە دەروازە سنوورییەکاندا.

وتی ئەو پارانه‌ خراونەتە خزمەتی ئابوری ئێران و ئەجه‌ندای سوپای پاسدارانه‌وه‌، کە لە گرنگیی ئەمنیەت و سەروەریی عێراق کەمدەکاتەوە.

دانیشتوویەکی بەغدا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دیارونای وت: "ئەو میلیشیانە پلانە دوژمنكارانه‌كانی ئێران لە وڵاتەکەماندا جێبەجێدەکەن... هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت وڵاتەکە بسووتێنن بۆ دڵخۆشکردنی ئێران."

پرسیی: "بۆچی دەبێت وڵاتەکەمان رابکێشرێتە نێو ناکۆکییەکانی ئێرانه‌وه‌ و باجی کێشەکانی بدات؟"

وتیشی زیادبوونی هێرش و هەڕەشە بەردەوامەکانی میلیشیاکان خه‌ڵكی عێراقیان تووڕەکردووە.

"ئێمە دەمانەوێت بەو گروپە خراپەکارانە بڵێین کە عێراق هی ئێوە نییە و ئێوە ناتوانن چارەنوسی دیاریبکەن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500