هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی پێشمەرگە داوای هەوڵی هاوبەش دەکەن بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش

خالید تائی

هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنی دژ بە داعش لە سنوورە ئیدارییەکانی نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و دیالە له‌ کانونی یەکەمی 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە]

هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئۆپەراسیۆنێكی ئەمنی دژ بە داعش لە سنوورە ئیدارییەکانی نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و دیالە له‌ کانونی یەکەمی 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە]

هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان داوای کاری هاوبەشیان کردووە لەگەڵ هێزەکانی عێراق بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و هۆشداریشیانداوە لە زیادبوونی چالاکی تیرۆریستی لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان سنوورە ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

سکرتێری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر، دووشەممە (13 نیسان) وتی وەزارەتەکە "100هێرشی تیرۆریستیی پاشماوەکانی داعشی تۆمارکردووە لەو ناوچانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە".

وتی لە 2019، تێكڕای 238 هێرش تۆمارکراون.

وتیشی: "هێرشەکان بەچڕی لە ناوچەکانی خانەقین و جەلەولا و سەعدییە و قەرەتەپە و گردەکانی حەمرین ئەنجامدراون، جگە لە دوز خورماتوو لەگەڵ دەوروبەری کەرکوك و مەخمور."

لە دواین هێرشیاندا، چەکدارانی داعش له‌ 7 نیسان تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد لە شارۆچکەی کوڵەجۆ، کە دەکەوێتە سنووری ئیداریی نێوان پارێزگاکانی سلێمانی و دیالە.

دوو پێشمەرگە کوژران و یەکێكی دیکە بریداربوو لە هێرشەکەدا.

یاوەر وتی هێرشەکە "نیشانەیەکی دیکەی زیادبوونی چالاکییه‌ تیرۆریستیه‌كانه‌ لەو ناوچانەی کەوتوونەتە سنوورە ئیدارییەکانی نێوان هەرێمی (کوردستان) و پارێزگا عێراقییەکانی هاوسێی."

سنوورەکە 1,000 کیلۆمەترە و لە سنووری ئێران و عێراقەوە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەكه‌ درێژدەبێتەوە تا شارۆچکەی رەبیعە لەسەر سنووری سوریا.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە "ئەو ناوچانە لەڕووی جوگرافییەوە ئاڵۆزن ، چونکە دۆڵ و چیا و حەشارگەی سروشتی و سەوزایی چڕیان لێێە کە وادەکات سەختبێت تیرۆریستەکان بدۆزرێنەوە و هێرش بکرێتە سەریان".

وتی بەڵام ئاله‌نگارییه‌ ئەمنییەکە زۆر زیاترە لەوەی تەنیا سەختیی ئەو ناوچانە بێت، ئەوەش بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دروستبووە لەسەر دووڕیانی نێوان ئەرکە ئەمنییەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدرالییەکانی عێراق.

یاوەر داوای فراوانکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگی کرد و وتی بازگەی هاوبەشی ئەمنی و بۆسه‌ پێویستە دابنرێن بۆئەوەی بۆشاییەکە کەمبکرێتەوە.

داوای خێراکردنی هێرشەکانیشی کرد بۆسەر پاشماوەكانی تیرۆریستان لەڕێی هەوڵی هاوبەشی سەربازییەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجامدەدەن بۆ دۆزینەوەی تیرۆریستان لەو ناوچانەی دەکەونە ژێر بەرپرسیارێتی ئەوانەوە.

هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە لە 11 ئازار رێکەوتنیان راگەیاند بۆ چالاککردنی کۆمیتە هاوبەشەکانی هەمئاهەنگی له‌نێوان هەردوولادا بۆ لەناوبردنی چالاکییەکانی داعش و پاراستنی ئەمنییەتی سنوورە ئیدارییەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500