هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

ساتێکی هاوخەمی لە عێراق بۆ قوربانیان و بەرگریکارانی ڤایرۆسی کۆرۆنا

خالید تائی

سەربازانی عێراق سڵاوی سەربازی ده‌كه‌ن بۆ قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە میانه‌ی ساتێکی هاوخەمیدا لە 7 نیسان لە سەرتاسەری عێراقدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازانی عێراق سڵاوی سەربازی ده‌كه‌ن بۆ قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە میانه‌ی ساتێکی هاوخەمیدا لە 7 نیسان لە سەرتاسەری عێراقدا. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ئێوارەی سێشەممە (7 نیسان) ساتێکی هاوخەمی لە عێراق ئەنجامدرا بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (كۆڤید-19) و خێزانەکانیان و ئەوانەی لە ریزی پێشەوەی بەرگریکردنن.

سروودی نیشتمانیی عێراقی بە دەنگی بەرز لە بڵنگۆکانەوە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا لێدران و له‌لایه‌ن هه‌موو تەلەفزیۆنه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌ رۆژی سێشەممه‌، کاتژمێر 9 ئێواره‌ بەکاتی ناوخۆ، پەخشکرا، لەکاتێکدا زەنگی فریاگوزاری دەبیسترا.

ئەو چالاکییە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای تەندروستی و ژینگەی عێراقه‌وه‌ رێکخرابوو، لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی عادل عەبدولمەهدی.

ئه‌ندامانی هێزه‌ ئەمنییه‌كان لە بنکەكانیان سڵاوی سەربازییان کرد وەک یادکردنەوەی هەموو ئەوانەی لە سەرانسەری جیهاندا بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە یان تووشبوون.

تیمێکی تەندروستی عێراق لە پارێزگای واست سەردانی خەڵك دەکەن لە ماڵەکانیاندا بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە 6 نیسان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

تیمێکی تەندروستی عێراق لە پارێزگای واست سەردانی خەڵك دەکەن لە ماڵەکانیاندا بۆ ئەنجامدانی پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە 6 نیسان. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دانیشتوانی عێراق لە سەربان و به‌له‌کۆنەکانیانەوە چەپڵەیان لێدا دوای وتنەوەی سروودی نیشتمانیی عێراق، بە راوەشاندنی ئاڵای عێراق وەک پیشاندانی سوپاسگوزاریی خۆیان لە هەوڵەکانی کارمەندانی تەندروستی و ئەمنی کە بەرگریدەکەن لەپێناو رێگریکردندا لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

"خودا گەورەیە" و نزا لە بڵندگۆکانەوە دەبیسترا بۆ چاکبوونەوەی نەخۆشەکان و کۆتاییهاتن بە ڤایرۆسەکە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە عێراق سێشەممە 91 كەیسی نوێی تووشبوون و کەیسێکی گیانلەدەستدانی تۆمارکرد و کۆی گشتی تووشبوانی گەیاندە 1,122 و گیانلەدەستدانی سه‌رجه‌می 65 كه‌س.

جێگری وەزیری تەندروستی عێراق، جاسم فەلاحی چوارشەممە بە دیارونای وت ئاڵەنگاریی پەتاکە "سەختە" و "هیچ سیستمێکی تەندروستی، چەنده‌ پێشکەوتووش بێت، توانای رووبەڕووبوونەوەی نییە".

وتی: "هەر لەبەر ئەوەیە، بەو رێوشوێنانەی بۆ رێگریکردن گرتوماننەتەبەر، هەوڵده‌ده‌ین بۆ هێشتنەوەی دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدا."

رێوشوێنەکانی رێگریکردن کاریگەرن

فەلاحی وتی: "ئێمە یەکێک بووین لە یەکەمین ئەو وڵاتانەی پلانی رێگریکردنمان دانا کاتێک ڤایرۆسەکە بڵاوبووه‌وە، رێوشوێنەکانیشمان کاریگەر و بێوێنە بوون."

وتی: "سنوورەکانمان داخست، گەشتەکانمان راگرت، تەواوی گەشتیارانمان کەرەنتینه‌ کرد و پشکنینمان بۆ ئەو کەسانە ئەنجامدا کە لە دەرەوە گەڕانەوە، هەروەها بە سەپاندنی رێوشوێنی تووندی وەك قەدەغەی هاتوچۆ و رێگریکردن لە کۆبوونەوەکان بۆ کەمکردنەوەی تووشبوون."

وتی لەگەڵ ئەو رێوشوێنانەشدا، "کارمەندانی پزیشکی و پەرستارەکانمان هەوڵەکانیان خستۆته‌گه‌ڕ بۆ به‌هاناوه‌چوونی هه‌موو کەیسه‌ گومانلێكراوه‌كان بە تووشبوون و پشکنینی پێویستیان بۆ ئەنجامده‌ده‌ن، لەگەڵ رێکخستنی هەڵمەته‌كانی پشکنین و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە ماڵەکانیاندا".

وتیشی تەواوی ئەو تووشبوانەی پشتڕاستکراونەتەوە لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان. "هه‌رچی ئامێری هەناسەدان و سییه‌كانیشه‌ له‌گه‌ڵ تاقیگه‌كانی پشکنین، وەزارەتەکەمان لەهەوڵدایە بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستی و ئامێرە پزیشکییانە".

هه‌روه‌ها وتی: "زۆربەی ئەو پێداویستییانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە و پاراستنی کارمەندان لە مەترسی تووشبوون پێویستن، دابینکراون."

فەلاحی سوپاسگوزاری خۆی ده‌ربڕی بۆ پیشاندانی هاوخه‌می له‌لایه‌ن عێراقییه‌كانه‌وه‌ لە چالاکییەکەی سێشەممەدا و وتی: "پزیشک و په‌رستیاران لە عێراق و جیهان ئەمڕۆ بە هەوڵەکانیان شانبەشانی کارمەندانی ئەمنی و تیمە خۆبەخشەکان، لە هێڵی پێشەوەی بەرگریدان لە دژی ڤایرۆسەکە."

وتی: "هەروەها سوپاسی هاوڵاتیان دەکەین بە پابەندبوونیان بە رێوشوێنەکانی قەدەغەی هاتوچۆ و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی و رێگریکردن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500