هێزەکانی عێراق گۆڕێکی بەکۆمەڵی قوربانیانی دەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان دۆزییەوە لە قەزای هیت له ئەنبار، یەکشەممە (5 نیسان)، فەرماندەی خێڵەکی ئەنبار، شێخ قەتەری سەمەرمەد عوبهیدی بە دیارونای وت.
عوبهیدی وتی: "هێزە هاوبەشەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و لیوای 29ی فیرقەی 7 دوای دەستڕاگەیشتن بە زانیاری هەواڵگری، ئۆپەراسیۆنێکی گەڕانیان بەنێو گوندی خۆزەدا ئەنجامدا له باشوری هیت."
وتی هێزەکان "سەرەتا تونێلێك و جبەخانەیەکی چەکیان دۆزییەوە کە ماتۆڕێکیشی تێدابوو. بەڵام لێکۆڵینەوەی وردی شوێنەکە دەریخست پاشماوەی جەستەی مرۆڤیان تێدایە."
وتیشی: "روونبووهوە کە گۆڕێکی بەکۆمەڵی قوربانیانی کوژراوی دەستی داعشی تێدایە."
لانیکەم پاشماوەی 20 جەستە دۆزراوەتەوە
عوبهیدی وتی: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، گۆڕەکە پاشماوەی لانیکەم 20 قوربانی تێدایە."
وتی ئەوانە پاشماوەی مەدەنیەکانی خەڵکی هیت و ئەندامانی سوپا و پۆلیسی عێراقن کە لەنێوان 2014 و 2016 کوژران کاتێك داعش قەزاکەی کۆنترۆڵکردبوو.
وتیشی گۆڕەکە دووبارە رووی قێزەونی تیرۆریستان دەردەخاتەوە، کە پێشێلکاریی بێشوماری مافەکانی مرۆڤیان ئەنجامداوە.
ههروهها وتی: "تیرۆریزم بەردەوامە لە ئازاردانی قوربانیانی هەرکات دەرفەتێك بێتە پێشەوە." ئاماژەیکرد بەوەی یەکشەممە سێ ئەندامی داعش هێرشیان کردە سەر بازگەیەکی فیرقەی 1ی پیادە لە بیابانی خۆرئاوای روتبە، نزیك بە شاڕێگەی نێودەوڵەتی.
وتیشی: "هێرشەکە بووە هۆی كوشتنی چوار سەرباز و برینداربوونی دووانی دیکە، لەکاتێکدا سێ هێرشبەرەکە راونران و کوژران."
ئۆپەراسیۆنەکان دژی داعش بەردەوامن
عوبهیدی وتی: "ئەم دزەکردنە ئاماژە نییە بە لاوازیی هەنگاوە ئەمنیەکان یاخود فەرامۆشکاری لە هەوڵەکاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی دوژمن، چونکە هەڵمەت و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان بێ کەمتەرخەمی بەردەوامن بۆ شوێنپێهەڵگرتنی تیرۆریستان لە ناوچە بیابانیەکاندا."
وتیشی ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێری و گەڕان لە بیابانی خۆرئاوا بەردەوامن و هەفتەی سێ جار ئەنجامدەدرێن. ههروهها وتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، لیوا قاسم محەمەدی، بەشداری لە ئەرکێکی چاودێری و گەڕاندا کرد لە 6 نیسان و چەند ئەفسەرێکی دیکە یاوەرییان کرد.
عوبهیدی وتی: "هاوکات، هێزەکان لە خێڵەکانی عوبهید، ئەلبو مەحەل، جەغایفە و کەرابلەش بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداریدەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بۆ شوێنپێهەڵگرتنی تیرۆریستان لە قوڵایی بیاباندا."
وتی: "ھێشتاش بەتەواوی پاراستنی ناوچە بیابانیەکان ئەرکێکی تەواو سەختە و دوژمن دەکرێت سوود ببینێت لە خاکی بیابان و بەرفراوانیەکەی بۆ خۆشاردنەوە لە شوێنەکانی خۆحەشارداندا و بەگەڕخستنی هێرشی جارناجار."
عوبهیدی دەریخست کە هێزە ئەمنیەکان بەمزوانە "هەڵمەتێکی سەربازیی گەورە"ی 10 رۆژە ئەنجامدەدەن بەمەبەستی گەڕان لە ناوچە فراوانەکانی بیابانی سەرسار، باکوری قەزای راوە، وادی حوران و وادی قەزف بەدوای حەشارگە و پاشماوەکانی داعشدا.