هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پسپۆڕان: رادەستکردنی بنکە سەربازییەکان گەشەکردنی توانای عێراق دەردەخات

خالید تائی

سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنکەی سەربازیی قائیم لە خۆرئاوای ئەنبار جێدەهێڵن و رادەستی سوپای عێراقی دەکەن لە 17 ئازار. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆڕسك]

سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنکەی سەربازیی قائیم لە خۆرئاوای ئەنبار جێدەهێڵن و رادەستی سوپای عێراقی دەکەن لە 17 ئازار. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆڕسك]

رادەستکردنی ئەمدواییانەی بنکەی سەربازیی قائیم لە پارێزگای ئەنبار لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە بە هێزە ئەمنیەکانی عێراق، هەنگاوێکی ئەرێنییە کە توانا سەربازییەکانی عێراق پشتڕاستدەکاتەوە لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسانی سەربازی و چاودێران دەڵێن.

هێزی ئەرکی هاوبەش - ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆڕسك لە 17 ئازار رادەستکردنی بنکەی قائیمی راگەیاند.

بەڕێوبەری بەردەوامیپێدان لە هێزەکە، عەمید ڤنسنت بارکەر وتی: "قائیم شوێنێکی گرنگ بوو لە شەڕی دژی داعشدا. یەکەم، لەبەرئەوەی سوپای عێراق ناوچەی قائیمی رزگارکرد لە هێزێکی شەڕانگێز و دواتریش وەك بنکەیەکی بەهادار لەکاتی شەڕی باغوزدا، دوایین ناوچه‌ی ژێرده‌ستی داعش."

وتی: "رادەستکردنەکەی ئەمڕۆ روویدا بەهۆی هەوڵەکان و سەرکەوتنەکانی هاوبەشەکانمان لە هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقدا."

سەربازانی عێراق جبەخانەی دۆزراوەی داعش کۆدەکەنەوە لە دەوروبەری بەغدا وەك بەشێك لە هەڵمەتی سەربازیی پاڵەوانانی عێراق لە شوبات. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازانی عێراق جبەخانەی دۆزراوەی داعش کۆدەکەنەوە لە دەوروبەری بەغدا وەك بەشێك لە هەڵمەتی سەربازیی پاڵەوانانی عێراق لە شوبات. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

به‌گوێره‌ی بەیاننامەکە، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بەشێوەیەکی بەردەوام ئۆپەراسیۆنەکانیان ئەنجامدەده‌ن لە شەڕی دژی داعشدا و بەرگریده‌كه‌ن لە نیشتمانەکەیان، لەڕێی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی سوپای عێراق کە له‌ شوبات بەگەڕخرا، لەگەڵ هەڵمەتی ویستی سەرکەوتن له‌ ساڵی رابردوودا.

سوپای عێراق لە 2 ئازار دەستیكرد به‌ ئۆپەراسیۆنەکانی شمشێری تیژی -- "گەورەترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان" دژی داعش لەوکاتەوەی لە کۆتایی 2017 تێکشکێنرا -- بەمەبەستی لێدان لە پاشماوەکانی داعش کە خۆیان لە خۆرئاوای ناوچەی جەزیرە شاردۆتەوە، کە کەوتۆتە نێوان پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەواوه‌.

هێزه‌كانی عێراق پێشڕەوی ده‌گرنه‌ده‌ست

به‌گوێره‌ی بەیاننامەکەی هاوپەیمانان، لەکاتێکدا هێزه‌كانی عێراق پێشڕەوی ده‌گرنه‌ده‌ست لە شەڕی دژ به‌ پاشماوەکانی داعشدا، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق ماونەتەوە له‌سه‌ر داوای حکومەتی عێراق و بەردەوامدەبن لە بەخشینی راوێژ و راهێنان بە هێزەکانی عێراق.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی وتی رادەستکردنی قائیم "سەلماندنی ئەوەیە كه‌ هێزەکانمان ئاستێکی بەرزی پسپۆڕی و تواناییان هەیە و بەپێی پێویست شیاون تا خۆیان پێشڕەوی بگرنه‌ده‌ست."

بە دیارونای وت بنکەی قائیم دادەنرا بە یەکێك "لە بنکە سەرەکییەکانی شەڕ بۆ رزگارکردنی شاری قائیم" لە داعش.

وتی دوای ئازادکردنی شارەکە لە تشرینی دووەمی 2017، کە کەوتۆتە خۆرئاوای پارێزگای ئەنبار و لەسەر سنووری سوریایە، "سوپا بووە سەرچاوەی پشتیوانیی لۆجستی پێشکەوتوو بۆ هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە ئەندامانی داعشیان کردبووە ئامانج"، بەتایبەتی لە ناوچەی فوراتی باڵا.

خەفاجی راگەیاندنی رادەستکردنی بنکەکەی له‌قه‌ڵه‌مدا به‌ "هەنگاوێکی ئەرێنی کە تواناکانی سوپای عێراق و بەتایبەتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە پشتڕاستدەکاتەوە، کە بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچە سنوورییه‌كه‌".

وتی هێڵی سنووریی سوریا "پارێزراوە و کۆنترۆڵکراوە".

وتیشی: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان چەندین پلان و سەرچاوەی هەیە بۆ بەرگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان لە سنوورەوە و تێكشکاندنی حەشارگەکانیان لە ناوچە بیابانییه‌كه‌ بەدرێژایی سنوور."

لە 31 ئازار، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەیەکی دیکەی سەربازی کشایەوە لە موسڵ. لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بنکەیەکی فراوانی کەرکوكیش جێدەهێڵن.

پشتبه‌ستن به‌ سەرکەوتنە سەربازییەکان

شیکاروانێكی بواری ئەمنی، سەرمەد بەیاتی بە دیارونای وت سوپای عێراق لەئێستادا دەتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت لە بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بۆ كردنه‌ ئامانجی ئەندامانی داعش.

وتی ئەو شارەزاییەی هێزەکانمان بەدەستیانهێناوە لەکاتی شەڕەکاندا، هەوڵەکانی راهێنان و راوێژکاری لە هێزەکانی هاوپەیمانانەوە، لەمڕۆدا باشتر ئامادەیکردوون بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتیەکە.

بەیاتی وتی هاوکات، عێراق پێویستی بە پشتیوانیی زیاترە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لەشێوەی دابینکردنی دوایین تەکنەلۆژیای سەربازیدا و گەشەپێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی و ئەنجامدانی چاودێریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکان.

پسپۆڕێكی بواری سەربازی، جەلیل خەڵەف وتی: "هێزەکانمان ئاستێکی بەرزی توانا و چوستییان بەدەستهێناوە، کە ئاشکرا بوو لەکاتی ئه‌و هەڵمەتە سەربازییە سەربەخۆیانه‌دا کە لەناوچە سەختەکان دژی داعش ئەنجامدران."

بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنەکانی ویستی سەرکەوتن لە هەشت قۆناغی خۆیاندا و ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق تاقیکردنەوەیەکی بەرچاو بوون کە هێزەکانی عێراق توانییان تێیپەڕێنن و "لەئێستادا دەتوانن بەرەوپێش بچن لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر".

وتیشی رادەستکردنی بنکەی سەربازیی قائیم، دوای بنکەکانی گەیارە (نزیك موسڵ) و K1 (له‌ کەرکوك)، بەشێکە "لە پلانێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ... بەردەوامبوون لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ سوپای عێراق لە دۆخێکدا كه‌ پێویستی بە یارمەتی بێت لە هەڵکوتانە سەر هەر چالاکیەکی تیرۆریستی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500