هه‌واڵه‌كانی عێراق
کۆمەڵگا

شەڕی سوریا کەمترین ڕێژەی مردن تۆماردەکات

ئاژانسی فرانس پرێس

کەمپی حۆل لە پارێزگای حەسەکەی سوریا لێرەدا دەبینرێت لە 8 ئاب 2019. گروپێکی كۆمه‌ك لە 1 نیسان هۆشداریدا لە قەرەباڵغی کەمپی ئاوارەکان، له‌نێویاندا حۆل، کە مەترسییەکی گەورەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان لەسەرە. [دەلیل سولەیمان\ئاژانسی فرانس پرێس]

کەمپی حۆل لە پارێزگای حەسەکەی سوریا لێرەدا دەبینرێت لە 8 ئاب 2019. گروپێکی كۆمه‌ك لە 1 نیسان هۆشداریدا لە قەرەباڵغی کەمپی ئاوارەکان، له‌نێویاندا حۆل، کە مەترسییەکی گەورەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێیان لەسەرە. [دەلیل سولەیمان\ئاژانسی فرانس پرێس]

شەڕەکەی سوریا بووەتە هۆی کوشتنی 103 مەدەنی لە مانگی ئازاردا، ئەمەش کەمترین ژمارەی قوربانییە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە 2011، رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ چوارشه‌ممه‌ (1 نیسان) رایگەیاند.

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ لەنێو کوژراوەکاندا، نزیکەی 51 کەسیان بەهۆی تۆپباران و هێرشی ئاسمانیی رژێمی سوریاوه‌ کوژراون.

راشیگه‌یاند كه‌ قوربانییەکانی تر بەهۆی پاشماوەی تەقەمەنی یان "تیرۆکردنه‌" نهێنیئامێزه‌كانه‌وه‌ گیانیان لەدەستداوە.

ژمارەی قوربانیان دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی ئێستا بوو لە شوباتدا، کاتێک هێرشێکی رژێم بۆسەر ناوچەی ئیدلیبی باکوری خۆرئاوای سوریا له‌ گه‌رمه‌یدا بوو، كه‌ ژمارەی کوژراوان له‌ مانگه‌كه‌دا گەیشتە 275 کەس.

شەڕی سوریا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 380,000 کەس لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە نۆ ساڵ پێش ئێستا، كه‌ بەرزترین ژمارەی قوربانیان لە تەمموزی 2016 تۆمارکرا به‌ 1,590 کەس، لەمیانه‌ی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی رژێمی سوریا و ئۆپۆزسیۆندا لە حەلەب.

رژێمی سوریا لە سەرەتای ئازاردا پەلامارێکی سەربازیی راوەستاند لە باکوری خۆرئاوای وڵاتەکە، دوای راگەیاندنی ئاگربەستێک بە نێوەندگیریی روسیای هاوپەیمانی رژێم.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌، کە روسیا پشتیوانیی دەکرد، نزیکەی ملیۆنێک کەسی ئاوارە کرد لە ناوچەکە لە سەرەتای کانونی یەکەمەوە، ئەمەش فشاری لەسەر ئەو كه‌مپه‌ نافه‌رمییانه‌ دروستکرد کە خۆیان پڕبوون لەو خێزانانەی هەڵهاتوون پێشئەوەی تووندتوژییەکان زیاتر پەرەبستێنن.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاوارەکان

چارەنوسی ئاوارەکان نیگەرانییەكی سه‌ره‌كیی گروپەكانی كۆمه‌ بووه‌ لەمیانه‌ی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا، کە بووەتە هۆی مردنی دوو کەس و تووشبوونی هه‌شت کەسی دیکە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ئاگربەستێکی سەرتاسەریی کردووە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەکاتێکدا گروپە مرۆییەکان هۆشدارییان داوه‌ لە کارەساتێکی تەندروستی ئەگەر پەتاکە بچێتە نێو کەمپە قەرەباڵغەکانی ئاوارەکانه‌وه‌ یان بەندیخانەکانی رژێم.

کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی چوارشەممە هۆشداریدا کە دەکرێت ڤایرۆسکە لە کەمپە قەرەباڵغەکانی ئاوارەکاندا لە هەر شوێنێکی تر خێراتر بڵاوببێتەوە.

کۆمیتەکە رایگەیاند کە ئامارەکانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رێژەی بڵاوبوونەوە لە خراپترینی ئه‌و کەمپانەدا دەکرێت ئه‌و حاڵه‌ته‌ تراژیدییه‌ی کەرەنتینەکردنی كه‌شتی دایمۆند پرینسێس لە کەناراوەکانی ژاپۆن تێپه‌ڕێنێت.

کۆمیەتەکە رایگه‌یاند: "خەڵکانی ئاوارە و بێماڵی نێو کەمپەکان لە سوریا و یۆنان و بەنگلادێش دووچاری مەترسییەکی گەورەی کۆڤید-19 دەبنەوە بەهۆی ئەو دۆخەی ژیانیانه‌وه‌ کە بەشێکیان زۆر قەرباڵغترن لە دایمۆند پرینسێس."

مارکوس سکینەر لە کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی وتی: "بڵاوبوونەوەی خێرای کۆڤید-19 لە دایمۆند پرینسێس پیشانیدا چۆن لە شوێنی ئاوادا بڵاودەبێتەوە، بەڵام بۆ ملیۆنان کەسی ئاوارە کە لە دۆخێکی خراپتردا دەژین و خزمەتگوزارییەکی کەمتریان هەیە، مەترسییەکە کوشندەترە."

بەگوێرەی کۆمیتەکە، کەمپی ئاوارەکانی حۆل لە پارێزگای حەسەکەی سوریا رێژەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە 37,570 بۆ هه‌ر یەک کیلۆمەتر دووجا، ئەمەش چڕترە لە رێژەی دانیشتوانی دایمۆند پرینسێس.

سکینەر وتی یارمەتی دارایی پێویست دابینکراون و هەندێك رێوشوێنیش دەکرێت بگیرێنە بەر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مەترسییەکان لە کەمپەکاندا، وەک دابینکردنی ئاوی زیاتر، ده‌ستنیشانكردنی ناوچەكانی جیاکردنەوە و دروستکردنی پەناگەی نوێ بۆ پشتیوانیکردن لە لێکدووریی کۆمەڵایەتی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500