عێراقییەکان پشتیوانیدهكهن لە بڕیاری حکومەتەکەیان بۆ داخستنی سنوورەکان لەگەڵ ئێران چونکە کەیسەکانی مردن و توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتوونەتە ئاستێکی ترسناك.
عێراق سنوورە 1,500 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ ئێراندا داخست لە ناوەڕاستی ئازاردا و هێزی نارد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
یەکشەممە ( 22 ئازار) عێراق داخستنی دەروازەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند تا 28 ئازار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە.
زۆربەی پارێزگا عێراقییەکان قەدەغەی هاتوچۆی ناوخۆیان راگەیاندبوو بەڵام رێکارە نوێکە هەموو وڵات دەگرێتەوە، بەگوێرهی ئەو بڕیارە نوێیەی شانەی قەیرانی حکومەت.
![رێپیشاندەرێکی تەندروستی لە 13 ئازار بۆ عێراقییەکانی رووندەکاتەوە چۆن ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگوێزرێتەوە لەگەڵ رێکارەکانی رێگری كه گیراونهتهبهر بۆ راوهستاندنی بڵاوبوونەوەی. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق]](/cnmi_di/images/2020/03/25/23045-iraq-market-covid-600_384.jpg)
رێپیشاندەرێکی تەندروستی لە 13 ئازار بۆ عێراقییەکانی رووندەکاتەوە چۆن ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگوێزرێتەوە لەگەڵ رێکارەکانی رێگری كه گیراونهتهبهر بۆ راوهستاندنی بڵاوبوونەوەی. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق]
بهگوێرهی بڕیارەکە، قوتابخانەکان و زانکۆکان و هەموو شوێنەکانی دیکەی کۆبوونەوە داخراون لەگەڵ فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی وڵات.
عێراق تا ئێستا 316 کەیسی ڤایرۆسی کۆرۆنای تۆمارکردووە لەگەڵ 27 مردن بەهۆیەوە.
میلیشیاکان هەوڵدەدەن سنوورەکە کراوە بێت
هاوڵاتیان بە دیارونایان وت دەبێت رێنەدرێت میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران فشار بخەنە سەر حکومەت بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەی داخستنی سنوورەکان، یان دواخستنی جێبەجێکردنی رێکارەکانی رێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دانیشتوویهكی بەغدا، عەلی راجی وتی: "ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری ئێراندا بڵاوبۆتەوە و ئەو مەترسیەشی هەیەتی [لەسەر عێراق] کارەساتبارە ئەگەر سنوورەکان بە کراوەیی بمێننەوە."
دانیشتوویەکی تری بەغدا کە نەیویست ناوی بهێنرێت بە دیارونای وت: "ئەندامانی میلیشیاکان گوێنادەنە ژیانی ئێمە [...] ئەوان مهرگ لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاودەکەنەوە بۆ دڵخۆشکردنی ئێران و رێگریکردن لەوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی زیانی بەرکەوێت لە دەرئەنجامی داخستنی سنووردا."
جەختیشیکردەوە لە گرنگی رێگریکردن لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دانانی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی حکومەت و بەرەنگاربوونەوەی تاکتیکەکانی فشاركردنیان بۆ هێشتنەوەی سنوورەکە بە کراوەیی و گەڕانەوەی گەشت و بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
شرۆڤەکاری سیاسی، غەنیم عابد وتی: "میلیشیاکان گوێنادەنە چارهنوسی گەلی عێراق و تەنیا دەیانەوێت خزمەتی ئەجهندای ئێران بکەن و بەرژەوەندییهكان و نفوزی بپارێزن."
بە دیارونای وت: "ئهو گروپانه بەرپرسیارن لە مهرگی بێتاوانان و بەرپاکردنی تووندوتیژی و ئەنجامدانی تاوانی بێئەژمار و کۆمەڵکوژی."
وتیشی: "چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکەم بخوازن عێراقییەکان و وڵاتهكه بپارێزن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا."
عابد وتی پێنج خاڵی سنووری لەگەڵ ئێراندا داخراون، بهڵام هۆشداریی دا کە میلیشیاکان هێشتا کۆنتڕۆڵی چەندین خاڵی سنووری نافەرمی دەکەن کە بە کراوەیی ماونەتەوە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
وتی میلیشیاکان تەحەدای هەموو بڕیارەکانی حکومەت و ئەو رێکارانە دەکەن کە پەیوەندییان بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه ئەندامانی میلیشیای سەرایا سەلام کە وابەستەن بە کەسایەتی ئایینیهوه، موقتەدا سەدر، رێیان دابوو پاسێكی گەشتیارانی ئێرانی بچێتە ناو شاری سامەڕاوه له 17 ئازار بۆ زیارەتکردنی شوێنە پیرۆزەکان و ئەوەش پێشێلکاری رێنماییەکانی حکومەتە.
وتی میلیشیاکان فشاریشیان زیادکردووە لەسەر حکومەت بۆئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە ئێرانەوە وەك خۆیان بەردەوام بن.
بەگوێرهی عابد، ئەو هەوڵەیان توڕەیی خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە کە لە فڕۆکەخانەی نەجەف لە ناوەڕاستی عێراقدا کۆبوونەوە لە 14 ئازار بۆ بەرزکردنەوەی داوای داخستنی فڕۆکەخانەکە.
عێراقییەکان دڵخۆشنین بە دەستوەردانی ئێران
عابد وتی عێراقییەکان خۆیان دەناڵێنن بەدەست دەستوەردانی رژێمی ئێرانهوه لە کارەکانیان و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی رەوشی ئەمنی و سیاسی.
وتیشی پێویستیان بەو رژێمه و بریکارەکانی نییە تا كێشهكانیان زیاتربكهن بهجۆرێك كه بگاتە ئەوەی ژیانیان لەدەستبدەن.
شرۆڤەکار و لێکۆڵەری سیاسی عەبدولقادر نایهل وتی: "هەر لە سەرەتاوە سەرکردە ئێرانیەکان راستییەکانیان شاردەوە لەسەر ژمارەی توشبووان و مردووان لە وڵاتەکەیاندا و ژمارەی کەیسەکان بهشێوهیهكی مەترسیدار لە ههڵكشاندایه."
بە دیارونای وت: "هیچ رێکارێکیان بە جددی وەرنەگرتووە بۆ رێگریکردن لە ڤایرۆسەکە و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی و سنوورەکانیشیان دانەخستووە."
نایهل وتی: "بەهۆی سیاسەتی سەرکردە لەخۆباییەکانییەوە و گوێنەدانیان بە ژیانی هاوڵاتیان، ئێران بۆتە بنكهیهكی پەتا بەربڵاوەکە، کەچی هێشتا ئەو سەرکردانە سوورن لەسەر درۆکردن و هەڵخەڵەتاندن."
سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئێران، عەلی شەمخانی، لە گەشتێکیدا بهمدواییانە بۆ عێراق جەختیکردەوە لەسەر خواستی تاران بۆ هاوکاریکردنی عێراقییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.
نایهل وتی ئەو لێدوانانە رەخنەی زۆریان لێگیرا لەناو ئێراندا و لەناو عیراقییەکانیشدا، کە دەیانوت "چۆن رژێمی ئێران دەتوانێت هاوکارییان بکات لەکاتێکدا خۆی شکستی هێناوە لە کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایك پۆمپیۆ رەخنەی تووندی لە رابەری ئێران عەلی خامنەیی گرت دووشەممە (23 ئازار) و وتی "درۆکانی" هەموو جیهان دهخهنه بەردەم مەترسی گەورە.
پۆمپیۆ وتی: "رژێمی ئێران بەردەوامە لە درۆکردن لەگەڵ گەلی ئێران و جیهان لەسەر ژمارەی کەیسەکان و ئەوانەی مردوون، کە بەداخەوە زۆر زیاترن لەوەی رژێم ددانی پێدا ناوە."