چالاکوانێکی ناوخۆ وتی تیمە پزیشكییهکانی کڵاو سپییەکان، بەهەماهەنگی لەگەڵ چەند رێکخراوێکی مرۆیی دیکە کە لە باکوری سوریا چالاکن، بە بەردەوامی کاردەکەن بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19).
ئەندامێكی کڵاو سپییەکان، خالید خهتیب بە دیارونای وت بەیارمەتیی خۆبەخشە گەنجەکان ئەنجامدانی رێوشوێنەکانی رێگریکردنیان دەستپێکردووە.
وتی ناوچە گشتییە سەرەکییەکان بە ماددهی پاكژكهرهوه دەڕشێنن و هۆشیاری دەربارەی ڤایرۆسەکە و چۆنێتی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی لەنێو دانیشتوانی ناوچەکە و ئاوارەکاندا بڵاودەکەنەوە.
خهتیب وتی رێوشوێنە سەرەتاییەکان پێکدێن لە داخستنی خوێندنگە و زانکۆکان، کەمکردنەوەی کاتی کردنەوەی بازاڕەکان و سنووردارکردنی کاتی کردنەوەی کافێ و رێستۆرانتەکان و گۆڕینیان بە دیلیڤەری.
![پزیشکان و خۆبەخشان نەخۆشخانەیهكی خێوەتگەیی بۆ کەرەنتینکردن دادەنێن لە باکوری سوریا. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی ڤایۆلێت]](/cnmi_di/images/2020/03/24/23180-Hospital-quarantine-tents-600_384.jpg)
پزیشکان و خۆبەخشان نەخۆشخانەیهكی خێوەتگەیی بۆ کەرەنتینکردن دادەنێن لە باکوری سوریا. [خاوەنی وێنە: رێکخراوی ڤایۆلێت]
وتی هاتوچۆ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر سنووردارکراوە و تەنها بۆ حاڵەتی پێویستییە، هەروەها پێویستیی راگرتنی سەردانیکردنی کۆمەڵایهتی جەختی لەسەر کرایەوە، بەتایبەتی لە کەمپە قەرەباڵغەکانی ئاوارەکاندا.
وتی ئەو رێوشوێنانە لە پارێزگای ئیدلیب و دەوروبەری پارێزگاکانی حەما و حەلەب جێبەجێدەکرێن.
تیمەکانی بەرگری شارستانی (کڵاو سپییەکان) و خۆبەخشان دەستیانکردووە بە چەند هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە و رشاندنی ناوەندە مەدەنییەکان، خوێندنگەکان و زانکۆکان و شوێنە گشتییەکان و کەمپی ئاوارەکان.
ئەو رێوشوێنانە لەو ترسەوە سەرچاوەدەگرن کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، کە لەڕووی رێژەی دانیشتوانەوە زۆر جهنجاڵ بووە دوای ئەوەی شەپۆلێکی ئاوارەبوون رووی لە ناوچەکە کرد بەهۆی تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکانی رژێمی سوریا و روسیاوه.
خهتیب وتی پشکنینی پلەی گەرمی لە خاڵەکانی تێپهڕین ئەنجامدەدرێت بۆ پهیبردن به نیشانهكانی نهخۆشییهكه، بەڵام وتیشی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون لە ناوچەی ئیدلیب تا ئێستا تۆمارنەکراوە.
سوریا یەکشەممە (22 ئازار) تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.
خهتیب وتی چوار کەس کە نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان لێ دەرکەوتووه، کەرەنتینکراون لە نەخۆشخانەی عەتمە لە پارێزگای ئیدلیب.
وتی لەهەمانکاتدا، دروستکردنی یەکەیەکی تایبەت بە کەرەنتینە بە 50 خێوەتەوە لەجێبەجێکردندایە کە توانای لەخۆگرتنی 200 نەخۆشی دەبێت.
پشکنین لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێدەکات
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دووشەممە رایگەیاند کە پشکنین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە چەند رۆژی داهاتوودا لە باکوری خۆرئاوای سوریا دەستپێدەکات.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە رێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییاندا لە دۆخی ناوچەی ئیدلیب -- کە ژمارەیەکی زۆر له کەمپهكاندا له خێوەت و خانووە کاتییەکاندا دەژین کە مەرجە سەرەتاییەکانی پاکوخاوێنییان تێدا نییە -- "زۆر گونجاون" بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
وتەبێژێكی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هێدین هاڵدهرسن وتی نزیکەی 300 كهرهسهی دەستنیشانکردنی کۆڤید-19 چوارشەممە دەگەنە تاقیگەیەکی شاری ئیدلیب و "بە ماوەیەکی کەم دوای ئەوە پشکنینەکان دەستپێدەکەن".
وتیشی لە ماوەیەکی کەمدا 2,000 پشکنین ئەنجامدەدرێن.
ئەو کەسانەی راهێنانیان پێکراوە بۆ بەکارهێنانی كهرهسه و پێداویستییەکان لە تورکیای دراوسێ، لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ یارمەتیدان.
وەک بەشێک لە پلانێکی بەرفراوانتر لە ناوچەکە، سێ نەخۆشخانە بە یەکەی چاودێریی چڕەوە وەک یەکەی جیاکەرەوە دانراون و ئامێری هەناسەدانیشیان تێدایە.
نزیکەی 1,000 کارمەندی تەندروستی لهگهڕدان و کۆمەڵێک کەرەسەی نوێ، لەنێویاندا 10,000 دەمامکی نەشتەرگەری و 500 دەمامکی هەناسەدان، لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگەن.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی 'زۆر نیگەرانە'
هاڵدهرسن وتی: "رێکخراوی تەندروستی جیهانی زۆر نیگەرانە لەو کاریگەرییەی دەکرێت کۆڤید-19 لە باکوری خۆرئاوا هەیبێت. ئەو خەڵکە ئاوارەیەی ئەوێ لە بارودۆخێکی ناهەمواردا دەژین کە ئەمەش وایانلێدەکات لاوازتربن بۆ تووشبوون بە ڤایرۆسەکە."
یونیسێف دووشەممە هۆشداریی دا کە سەدان هەزار کەس لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا لە مەتریسییەکی گەورەدان بە تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەهۆی پچڕانی بەردەوامی سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوهوه.
میستی بوسوێڵ لە رێکخراوی خاچی سووری نێودهوڵهتی دووشەممە وتی ئەو دۆخە ناهەموارەی ئیدلیب "بووەتە هۆی خراپترکردنی دۆخی سەدان هەزار کەس، ئەمەش لاوازتری کردوون".
لە بەیاننامەیەکدا وتی: "رێیتێدەچێت نەخۆشییەکە لەناو دانیشتوانەکەدا بڵاوبووبێتەوە" لە ئیدلیب.
ناوبراو هۆشاداریدا كه ئەو 85 هێرشهی كرانه سهر ناوەندە تەندروستییەكان ساڵی رابردوو، ناوچەکەی زیاتر لاوازكردووه.
بوسوێڵ وتی: "زۆربەی ئەو نەخۆشخانانەی کراوەن، ناتوانن بچن بهدهم ئهو داوایانهوه كه ههن."