هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە پێکەوە کاردەکەن بۆ شەڕکردن دژی داعش

خالید تائی

شانده‌كانی وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە له‌ 24 شوبات کۆبوونەوە. هەردوولا رێکەوتن لەسەر کاری هاوبەش بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی پاشماوەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

شانده‌كانی وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە له‌ 24 شوبات کۆبوونەوە. هەردوولا رێکەوتن لەسەر کاری هاوبەش بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژی پاشماوەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

بەرپرسان وتیان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە پێکەوە کاردەکەن بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

سکرتێری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر بە دیارونای وت لە کۆبوونەوەکەی 24 شوباتدا لە بەغدا هەردوولا تاووتوێی دروستکردنی کۆمیتە هاوبەشوكانیان کرد بۆ شەڕکردن دژ بە داعش لەگەڵ چەند بابەتێکی دیکە.

وتی هەردوولا لەسەر دوو خاڵی گرنگ کۆك بوون.

وتیشی: "یەکەم پەیوەندی بە گرنگی پابەندبوونەوە هەیە بە پێدانی ئەو پارەیەی نەدراوە لە بودجەی ساڵی رابردوو كه‌ بۆ پێشمەرگە په‌سه‌ندکرا و مانگانە دەکاتە 68 ملیار دینار (57 ملیۆن دۆلار)."

ئەندامانی هێزی دەستەبژێری عێراق پاشماوەکانی داعش لە قەزای مەخمور دەدۆزنەوە لەم وێنەیەدا كه‌ لە 9 ئازار بڵاوبۆته‌وە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی عێراق]

ئەندامانی هێزی دەستەبژێری عێراق پاشماوەکانی داعش لە قەزای مەخمور دەدۆزنەوە لەم وێنەیەدا كه‌ لە 9 ئازار بڵاوبۆته‌وە. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی عێراق]

هه‌روه‌ها وتی دووەم خاڵ پەیوەندی هه‌یه‌ بە ئەمنییەتی "ناوچە کێشە لەسەرەکان"ه‌وه‌ لە روانگەی ئیداریی نێوان بەغدا و هەولێرەوە.

ئەو ناوچانەش بریتین لە پارێزگای کەرکوك و چەندین قەزا لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و نەینەوا، وەك خانەقین و شێخان و مەخمور و حەمدانییە و شەنگال.

وتی: "رێکەوتین لەسەر کۆمیتە سەرەکی و لقەکانی هاوئاهەنگی نێوان پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری تا پێکەوە دەستبکەنەوە بە کارەکانیان، کە ئامانجیان رێگریکردنە لە جموجۆڵی چەکدارە تیرۆریستەکان."

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان به‌رپه‌چی داعش ده‌ده‌نه‌وه‌

کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا دوای چەندین کۆبوونەوەی هاوشێوەی پارساڵ بۆ دۆزینەوەی چەندین رێگای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ کردنە ئامانجی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

یاوەر وتی داعش شكستی هێناوە "بەڵام چەکدارەکانی هێشتا چالاکن لەو ناوچانە لە شێوه‌ی گروپی بچوكدا کە بەنهێنی جموجۆڵدەکەن و کەمین دادەنێن و بازگە و بنکە سەربازییەکان دەکەنه‌ ئامانج و تەقەمەنی ده‌چێنن."

وتی ئەو پاشماوانە دەستیشیان هەیە لە چەندین رووداوی رفاندندا بۆ سەرانە و خاوە وەگرتن.

بەگوێره‌ی وەزارەتی پێشمەرگە، "456 ئۆپەرایسۆنی تیرۆریستی لە 2018 ئەنجامدراون" لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و "1,742 مەدەنی و ئەندامانی هێزە سەربازییەکان کوژراون یان برینداربوون لەو هێرشانەدا".

ناوبراو وتی ساڵی پار 238 رووداو هەبوون کە 1,200 قوربانییان لێکەوتەوە.

وتیشی: "پێشمەرگە و بەرپرسە کوردەکان بەردەوامن لە کۆبوونەوەی مانگانە و تەنانەت هەفتانە" کە بوونەتە هۆی "ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە ئەمنییەکان بۆ شکستهێنان بە تیرۆریستەکان و رێگریکردن لە تەقینەوە".

بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو

عەمیدی خانەنشینکراو، عەدنان کەنعانی، کە شارەزای بواری ئەمنییە و پێشتر بەرپرس بووە لە دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق، ستایشی هەوڵەکانی بەغدا و هەولێری کرد بۆ کاری هاوبەش بۆ کەمکردنەوەی مەترسی پاشماوەکانی داعش.

وتی: "پێشمەرگە هێزێكی عێراقییە و پەیوەستە بە وەزارەتی بەرگرییەوە لە ئاستی فیدراڵدا. زۆر بەتوانان و رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕکردن دژ بە تیرۆریستان و رزگارکردنی شارەکاندا لە کۆنتڕۆڵیان."

"حکومەتی فیدراڵ سوورە لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندیەکان و کاری هاوبەش لەگەڵ هێزە کوردییەکە له‌ڕێی کۆمیتە دوولایەنەکانەوە کە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنییان تێدایه‌ لەگەڵ نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی."

کەنعانی دەستنیشانی گرنگی جیاکردنەوەی هەوڵە ئەمنییەکانی کرد لە رەوشی نالەباری سیاسی و ئاماژەیكرد بۆ ئەوە كه‌ داعش هیواخوازە رەوشەکان بقۆزێتەوە تا توانا پەیدابکاتەوە، خۆی کۆبکاتەوە، بنکەکانی چالاك بکات و پەناگە بدۆزێتەوە.

وتی داعش لە رەوشی داڕووخاندایە و تەنیا سەرچاوەی هێزیشی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەیەتی. "دەبێت بەرەنگاریکردنی ئەو ئایدۆلۆژیایە بکرێت و فشاری سەربازی زۆرتر لەسەر چەکدارانی گروپەکە دابنرێت."

شەڕکردن دژی دوژمنێكی هاوبەش

سەرۆك شارەوانی مەخمور، رزگار محەمەد پشتڕاستیکردەوە كه‌ فیرقەی 14ی سوپای عێراق ئێستا کۆنتڕۆڵی رەوشی ئەمنی لە قەزاکە کردووە.

روونیكرده‌وه‌ كه‌ هێزەکانی پێشمەرگە نێردراونەتە مەخمور لە پارێزگای نەینەوا و چەند قەزایەك بەدرێژایی سنووری ئیداری پارێزگاکە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

لە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستاندا، کە لە ئەیلولی 2017 ئەنجامدرا، پێشمەرگە دەبوو پێگەکانیان جێبهێڵن دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان رەوشی ئەمنییان کۆنتڕۆڵکرد.

محەمەد وتی سوپای عێراق ئەرکەکانی خۆی ئەنجامدەدات لەو ناوچەیە و چەندین ئۆپەراسیۆن لەلایەن دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراقەوە ئەنجامدراون بۆسەر حەشارگەکان لە چیاکانی قەرەچوغ و ناوچه‌ی دۆڵی قەراج.

هەروەها تیشكی خسته‌سه‌ر گرنگی کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پتەوکردنی ئەمنییەتی قەزاکە.

محەمەد وتی زنجیرە چیای مەخمور باڵیکێشاوە بەسەر سێ پارێزگادا -- کەرکوك و نەینەوا و سەڵاحەدین -- بۆیه‌ش "پاراستنی ئەمنییەتی ئەو ناوچانه‌ سەخت و ئاوێته‌یه‌ و پێوستی بە هەوڵی سەربازی گەورە هەیە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500