هه‌واڵه‌كانی عێراق
تەندروستی

عێراق دەروازەکان دادەخات و سوریا یەکەم توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا رادەگەیەنێت

ئاژانسی فرانس پرێس

سەربازێکی عێراق ناوچەیەکی بەغدا پاكژدەکاتەوە له‌ 18 ئازار بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19). [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەربازێکی عێراق ناوچەیەکی بەغدا پاكژدەکاتەوە له‌ 18 ئازار بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19). [ئەحمەد روبەیعی/ئاژانسی فرانس پرێس]

عێراق یەكشەممە (22 ئازار) داخستنی دەروازەکانی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاند تا 28 ئازار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، لەکاتێکدا سوریا یەکەم کەیسی توشبووی راگەیاند.

بەگوێره‌ی بڕیارێکی نوێی شانەی قەیرانی حکومەت، زۆربەی پارێزگاکانی عێراق قەدەغەی هاتوچۆیان سەپاندووه‌، بەڵام رێکارە نوێکە سەرانسەری وڵات دەگرێتەوە.

به‌گوێره‌ی بڕیارەکە قوتابخانە و زانکۆکان و شوێنەکانی گردبوونەوە دادەخرێن لەگەڵ چەندین فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی وڵاتەکە.

زۆر کەس ترسیان هەبوو لەوەی توشبووان بە لێشاو لە ئێرانەوە بێن، کە به‌گوێره‌ی دوا ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە کە دووشەممە بڵاوکرایەوە، تا ئێستا 1,812 کەس مردوون دوای توشبوونیان بە ڤایرۆسەکە.

عێراق یەکەمجار سنوورە 1,500 کیلۆمەترییەکەی لەگەڵ ئێراندا داخست نزیكه‌ی مانگێك لەمەوبەر و هێزی نارد بۆ سەپاندنی بڕیارەکە.

عێراق 233 کەیسی توشبوونی به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمارکردووە و 20 کەسیش مردوون، بەڵام نیگەرانی هەیە کە زۆر کەسی دیکە هەن و پێییان نەزانراوە، چونکە تەنیا 2,000 کەس لە دانیشتووانە 40 ملیۆنییەکە تا ئێستا تاقیکردنەوەی دەستنیشانکردنیان بۆ کراوە.

سەرباری ئەو رەوشانە، کەسایەتی ئایینی پۆپۆلیست موقتەدا سەدر بەردەوامە لە ئەنجامدانی نوێژی به‌كۆمه‌ڵ لە شارۆچکەی کوفە و لە گەڕەکی شاری سەدری ناو بەغدا کە دانیشتوانێکی چڕی تێدا نیشتەجێیە.

وەزیری تەندروستی جەعفەر عەلاوی نامەیەکی تایبەتی بۆ سەدر نارد تا رازیبکات نوێژە هەفتانەکەی ئەنجامنەدات لەبەر ئەوەی مەترسییەکی زۆری هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

عەلاوی ترسی خۆی دەربڕی لەسەر ئه‌وەی بڵاوبوونەوەی زیاتر دەکرێت سیستمی تەندروستی وڵات لەکاربخات، کە خۆی لەخۆیدا کیشەی هەیە بەهۆی قه‌یرانی ئامێر و دەرمان و دکتۆره‌وه‌.

لەهەمانکاتدا رژێمی سوریا یەك کەیسی توشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، چەند رۆژیك دوای دەستکردن بە رێکارەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی په‌تاكه‌.

وەزیری تەندروستی سوریا، نزار یازیجی یەكشەممە رایگەیاند كه‌ "یەکەم کەیسی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەسێکە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاتووە" بەبێئەوەی ناوی وڵاتەکە بهێنێت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500