هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتی خاوەنکارانی حەسەکە دەدات

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەنکارانی ناوچەکە دەکەن لە رمێلان. [خاوەنی وێنە: رۆژاڤا 24]

نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە لەگەڵ خاوەنکارانی ناوچەکە دەکەن لە رمێلان. [خاوەنی وێنە: رۆژاڤا 24]

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (23 ئازار)، ساڵێك لەمەوبەر بوو كه‌ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان لە دوایین بنکەی خۆی لە سوریا دەرکرد، کە گوندی باغوزی دێرەزوور بوو.

پێش ئەم ساڵیادە، وتەبێژی هاوپەیمانان، عەقید مایڵز کاگینز و وتەبێژی هەسەدە مستەفا بالی کۆنفرانسێکی هەواڵی هاوبەشیان رێکخست لە رمێلانی پارێزگای حەسەکە لە 6 ئازار، باسیان لە هەوڵە بەردەوامەکان کرد بۆ بنەبڕکردنی شانە نوستووەکانی داعش.

چالاکوانی ناوچەکە، عەمار ساڵح بە دیارونای وت پەیوەندیی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و خەڵکی ناوچەکە بونیادنەرانە و ئەرێنی بووە.

وتی سەرەڕای کارکردن لەگەڵ هەسەدە بۆ بەئامانجکردنی پاشماوەکانی داعش و شانە نوستووەکانی لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، هاوپەیمانی نێودەڵەتی دەمێکە پشتیوانی ده‌كات له‌ خەڵکی ناوچەکە و بەمدواییانە چەندین دەرفەتی خاوەنکاربوونی بەخشیوە.

نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێکار و مەرجە بنەڕەتیەکانی گرێبەست رووندەکەنەوە لەنێوان کۆمپانیا سورییەکان و هێزەکانی هاوپەیماناندا لە حەسەکە. [DVIDS]

نوێنەرانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رێکار و مەرجە بنەڕەتیەکانی گرێبەست رووندەکەنەوە لەنێوان کۆمپانیا سورییەکان و هێزەکانی هاوپەیماناندا لە حەسەکە. [DVIDS]

کاگینز لە 6 ئازار لە وتارێکدا وتی خاوەنکارانی ناوچەکە بانگهێشتکراون تا بە پرۆسەیەکدا بڕۆن و تۆماربکرێن بۆ چەند گرێبەستێك بۆ پشتیوانی بنکەکانی نیشتەجێبونی هێزەکانی هاوپەیمانان.

وتی پێش ئەوەی بتوانن کار لەگەڵ هاوپەیمانان بکەن، بزنسەکان دەبێت تۆماربکرێن و مۆڵەتپێدراو بن.

وتی: "ئەمە مانای وایە، خاوەن پرۆژەکان، خاوەنکاران، دەبێت ئامادەبن پشکنینی پێشینەی ئەمنییان بۆ بکرێت و دەبێت دڵنیابین لەوەی پارەکە راستەوخۆ دەڕوات بۆ بزنسەکان."

کاگینز وتی ئەمە بۆ ئەوەیە دڵنیابین لەوەی پارەکە ناڕوات بۆ رژێمی سوریا، کە سزای بەسەردا سەپێنراوە، یان هەر گروپێکی تووندڕەو.

ئەو گرێبەستانەی کێبکڕکێیان بۆ دەکرێت هی دابینکردنی چەو و لم، ئامرازی قورس و بیناسازیی گشتیان تێدایە.

کاگینز باسی لەوە کرد كه‌ ئەمە "هەنگاوی یەکەمە... لەوەی بە هاوبەشییەکی سەرکەوتووی دەبینین بۆ تاودان و برەودان بە ئابوری ناوچەکە" و ئاماژەیکرد بەوەی ئەو بزنسانەی رەچاودەکرێن، لەلایەن "پیاوان، ژنان، کورد و عەرەبەوە" بەڕێوەدەبرێن.

وتی "ئەگەری ئەوە هەیە هەندێك کەس کاری باشیان دەستبکەوێت، یان شوێنێکی دیکە بدۆزنەوە بۆ فرۆشتنی شمەکەکانیان." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ ئابورییه‌كی به‌هێز له‌ ناوچەکەدا داعش به‌دوور ده‌گرێت.

وتی زۆرینەی حەسەکە چەکداری چالاکی داعشی تێدا نەبوو "لەبەرئەوەی کۆمەڵگەکە رێگەی پێنادات و پێمانوایە ئابورییەکی بەهێز و برەوسەندنی ئابوری بۆ ئەوە گرنگە".

پەیوەندی 'ئەرێنی' لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە

ساڵح کۆبوونەوەکانی ئەمدواییە و پەیوەندیگرتنەکانی هاوپەیمانانی لەگەڵ خاوەنکارەکانی ناوچەکە ناوزەدکرد بە "هەنگاوێکی زۆر ئەرێنی لەهەموو رەهەندێکەوە".

بە دیارونای وت پێدانی گرێبەست بە بزنسە ناوخۆییه‌كان "ناوچەکە دەبوژێنێتەوە و دەرفەتی کار دابیندەکات"، ناوچەکەش پتەودەکات دژی تیرۆریزم و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران).

هێزەکانی ئەمریکا وەك بەشێك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاردەکەن و ئەرکی پاراستنی ژێرخانی نەوتی ناوچەکەیان پێدراوە.

کاگینز وتی: "داعش پێشتر زیاد لە 5 ملیۆن دۆلاری لە ساڵێكدا لەم کێڵگە نەوتیانەوە دەستدەکەوت." وتیشی: "رێنادەین ئەوە رووبداتەوە."

ساڵح ئاماژەیکرد بەوەی جگە لە داعش، بوونی هاوپەیمانان لە ناوچەکە یارمەتی ئەوە دەدات کە ئەوانیدی، لەنێویاندا پاسداران و رژێمی سوریا، نەتوانن سامانی نەوتی ناوچەکە قۆرخبکەن.

ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ پرۆژەکان دەکرێت فراوانبکرێن بۆ بوارەکانی کشتوکاڵ، تەندروستی، وزە و پەروەردە، وه‌ك دوا ئامانجیش دروستکردنی ژینگەیەکی سەقامگیری کۆمەڵایەتی کە بتوانێت هەڵوێستی خۆی بۆ رەتکردنەوەی تیرۆریزم درێژەپێبدات.

وتی تا ئەمڕۆ، 13 کۆمپانیا بە چەندین تایبەتمەندیی جیاواز و جۆری چالاکیەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاووتوێی گرێبەستیان کردووە.

وتیشی لەکاتی ئەم پرۆسەیەدا تەرکیز لەسەر دڵنیابوونە لەوەی ئەو پارەیەی رێککەوتنی لەسەر کراوە دەچێت بۆ کاری رێککەوتن لەسەرکراو و لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و ناگوێزرێتەوە بۆ لایەنەکانی دیکەی وەك داعش یان رژێم.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500