هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) یەکشەممە (1 ئازار) دوو بەرپرسی "مەترسیدار"ی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان دەستگیرکرد لەکاتی هەڵکوتانەسەرێكدا بۆسەر حەشارگەکەیان لە پارێزگای دێرە زوور له خۆرهەڵاتی سوریا.
هەسەدە رایگەیاند كه هەڵکوتانەسەرەکە، لەلایەن هێزە تایبەتەکانی هەسەدەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دوای چاودێرییەکی چڕوپڕ ئەنجامدرا.
بەشێك بوو لە هەوڵێکی گەورەتر لەلایەن هەسەدە و دەزگا ئەمنیەکانی دیکەوە لە ناوچەکە بۆ شوێنکەوتن و لەناوبردنی هەموو شانە نوستووەکان کە لە گروپەکە ماونەتەوە.
چالاکوانێكی دێرە زوور، عەمار ساڵح بە دیارونای وت هێزە ئەمنیەکان سوفیان سەید دەندەح و براکەیان، مەروان سەید دەندەحیان دەستگیرکرد لەکاتی هەڵکوتانەسەرێكدا بۆسەر ئەو ماڵەی خۆیان تێدا حەشاردابوو لە شارۆچکەی ئەبو حەمام.
وتی ئەو دوو پیاوە خەڵکی شارۆچکەی غەرانیجن، کە هەر لە ناوچەی ئەلبوکەمالە و لە ماوەی رابردوودا خۆیان لەنێوان چەندین حەشارگە و شارۆچکەدا شاردۆتەوە.
سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەی گەڕاندەوە بۆ کاری هێزە تایبەتەکان و چاودێری و بەدووکەوتنی پێشتر کە لەلایەن تیمە هەواڵگرییەکانەوە ئەنجامدراون.
وتی ئەمە بووە هۆی دەستنیشانکردنی حەشارگەکەیان لە ئەرکێکی هەڵکوتانەسەر و دەستگیرکردندا.
وتی جیا لە پیشەوەریی هێزە ئەمنیەکان، هاریکاری کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دابینکرا، کە ئەو ئایدۆلۆژیا تووندڕەوە رەتدەکەنەوە کە لەلایەن داعشەوە برەوی پێدەدرێت، بەشدارییەکی زۆر گەورەی هەبوو له سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکەدا.
'زەبرێکی کوشندە بۆ گروپەکە'
ساڵح، سوفیان سەید دەندەحی لهقهڵهمدا بەوەی كه "یەکێکە لە عەقڵە پلاندانەرانەکانی گروپەکە" و وتی چەندین ڤیدیۆی پروپاگەندەی بڵاوکردۆتەوە کە تێیاندا داوای لە پیاوانی گەنج کردووە پەیوەندیبکەن بە گروپەکەوە و لە ریزەکانیدا شەڕبکەن.
ساڵح وتی دەستگیرکردنی "زەبرێکی کوشندە بوو بۆ گروپەکە" کە هەوڵیدەدا خۆی بەهێزبکاتەوە بە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی لەنێو خەڵکە مەدەنیەکەدا.
ئاماژەیکرد بەوەش كه هەڵمەتەکەی ئەبو حەمام بەڵگەی بەشداریی ئەو دووانەی دەرخست لە کردەکانی تیرۆریزمدا کە مەدەنیەکان و کارمەندانی هەسەدەیان کردبووە ئامانج لە ناوچەکە.
وتی لەو كهلوپهلانهی لە حەشارگەکەدا دۆزرانەوە، ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، چەك، تەقەمەنی و بڵاکراوە و پروپاگەندەی داعش هەبوون.
ساڵح ئاماژەیکرد بە دابەزینی ژمارەی هێرشەکان کە لەلایەن شانە نوستووەکانی داعشەوە لەو ناوچەیە ئەنجامدەدرێن و ئهوهشی گەڕاندەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە بەردەوامەکان کە لەلایەن هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدەدرێن.