شەڕ و پێکدادان لە باکوری سوریا بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ناوچەکە شیاوی ئەوە نهبێت مەدەنییەکان لێی بژین، کە لەئێستادا لە ناوچەیەکی زۆر بەرتەسکدان و بارودۆخیان خراپە، بەگوێرەی راپۆرتێک کە چوارشەممە (4 ئازار) بڵاوکرایەوە.
پڕۆگرامی سیگناڵ لە رێکخراوی مرۆیی هارڤارد وێنە سەتەلایتییەکانی شارۆچکە و کەمپەکەی پارێزگای ئیدلیبیان شرۆڤەکرد، کە رژێمی سوریا لە کانونی یەکەمەوە هێرشێکی وێرانەکەری بۆ ئەو ناوچەیە دەستپێکردووە.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک، کە لەگەڵ راپۆرتەکە بڵاوکرایەوە و لەلایەن هارڤارد بەهاوبەشی لەگەڵ منداڵپارێز و وێرڵد ڤیژن بەرهەمهاتبوو، "لەو ناوچانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، لێکۆڵەران دەیخەمڵێنن کە سێ یەکی بیناکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیانیان بەرکەوتووە یان داڕماون".
بەیاننامەكە رایگەیاند: "بەوپێیەی زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە پێش یان لەکاتی پەلامارەکەدا هەڵهاتوون، رێژەی وێرانبوونی خانووهكان و ژێرخانه مەدەنییەکان، ئەگەری گەڕانەوەیان لە ئاییندەیەکی نزیکدا تاڕادەیەک دووردەخاتەوە."
ئەو وێنە سەتەلایتییانەی لە راپۆرتەکەدا شیكراونهتهوه، پیشانیدهدهن كه کێڵگە کشتوکاڵییهكان پڕبوون له کەمپ بۆ ئاوارەکان لە ماوەی چەند مانگێکدا، لەگەڵ تەختبوونی چەندین گوند و شارۆچکە.
رژێم و هێزە هاوپەیمانەکانی بەپشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا لە کانونی یەکەمەوە ناوچەیەکی گرنگیان کۆنڕۆڵکردۆتەوە، كه بووەتە هۆی هێنانە ئارای شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوون کە لە شەڕی نۆ ساڵەی سوریادا بوونی نەبووە.
بۆردومانکردنی خوێندنگە و نەخۆشخانەکە بووەتە هۆی ئەوەی مەدەنییەکان شارۆچکەکانیان بەجێبهێڵن و بەرەو سنووری تورکیا بڕۆن. نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ئێستادا لە ناوچەیەکی بەرتەسک و بارودۆخێکی خراپدا گیریانخواردووە.
'بەئامانجکردنی ژێرخانه مەدەنییەکان'
وتەبێژی رێکخراوی منداڵپارێز، ژوئێل باسول وتی: "له باشترین سینارۆدا، کە واژۆکردنی دهستبهجێی ئاگربەستە، چەندین مانگ دەخایەنێت، ئەگەر چهند ساڵێكیش نەخایەنێت، بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانه مەدەنییە وێرانبووهكان و دواتریش بونیادنانەوەی متمانە لای ئەو كۆمهڵگانهی دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."
بەگوێرەی راپۆرتێک کە دووشەممە لەلایەن کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوە لە سوریای سەر بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکرایەوە، رژێم بەمەبەست ژێرخانه مەدەنییەکانی کردۆتەوە ئامانج بۆ ترساندنی خەڵك و ئاسانکاری بۆ هێرشە سەربازییەکەی.
کۆمسیۆنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "ئەو هێرشانەی لەلایەن هێزەکانی [لایەنگری رژێمەوە] ئەنجامدراون و ژێرخانه مەدەنییەکانیان کردۆتەوە ئامانج، لەنێویاندا ئهوانهی بهدیاریکراوی پارێزراون."
راشیگەیاند: "لەئاکامدا، زۆر له ناوچه مهدهنییهكان لهقهڵهمدراون به نهشیاو بۆ ژیان" و ئاماژەیکرد بە شارۆچکە گرنگەکانی وهك مەعرەت نوعمان و خان شهیخون لە پارێزگای ئیدلیب.
ههروهها رایگەیاند کە تەختکردنی چەند شارۆچکەیەکی دیاریکراو ئەنجامدراون "لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ خێراتركردنی گرتنهوهی رێگا ستراتیجییەکان".
زیاتر لە نیوەی ئەو ملیۆن کەسەی ئاوارە بوون لە سێ مانگی رابردوودا منداڵن، كه دەیان هەزاریان ئێستا لەو سەرماوسۆڵەیەدا له دهشتودهردا دەخەون.