هێزەکانی عێراق دووشەممە (2 شوبات) دەستیانکرد بە "گەورەترین ئۆپەرایسۆنە سەربازییەکان" دژ بە چەکدارانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە بەشی رۆژئاوای وڵات، کە گەورەترینە لە دوای شکستی گورپەکە لە 2017.
هەڵمەتەکە ناونراوە "شمشێری تیژ" و ئامانجی لێدانە لە پاشماوەکانی داعش کە خۆیان لە ناوچەی جەزیرە لە رۆژئاوا حەشارداوە لەنێوان پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوادا.
فەوجەکانی سوپای عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین و نەینەوا، یەکەکانی پۆلیسی فریاگوزاری و سوات و فیرقەی تاکتیکی و هێزەکانی حەشدی شهعبی و خێڵەکان و هێزی ئاسمانی و یەکەکانی ئەندازیاریی مەدەنی و سەربازی بەشداری له ئۆپەراسیۆنەکاندا دەکەن.
شانەی راگەیاندنی ئهمنی لە بەیاننامەیەکدا رایگهیاند: "ئەم ئۆپەراسیۆنانە گەورەترین و بەرفروانترینن لەدوای سەرکەوتن بەسەر داعشهوه لە کۆتایی 2017، لەڕووی ئەو ناوچەیەی پاکدەکرێتەوە لەلایەن هێزە بەشداربووەکانهوه."
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەدین دووشەممە رایگهیاند كه هێزەکانیان چەك و ماددەی تەقەمەنی و دوو ماتۆرساکیل و کەلوپەلی لۆجستی و پزیشکییان دۆزیوەتەوە کە هی چەکدارەکان بوون.
شارەزایهكی بواری سەربازی، جەلیل خەڵەف بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنە نوێکان "سەرنجیان لەسەر ناوچە بیابانییەکەیە کە لە رۆژئاوای وادی سەرسارەوە درێژدهبێتهوه تا سنووری عێراق و سوریا و وادی حوران".
پێدەچێت چەند قۆناغێکیان هەبێت، وەك ئۆپەراسیۆنەکانی ئیرادەی سەرکەوتن، کە هەر هەشت قۆناغەکەی لە کۆتایی کانونی یەکەم تەواوبوون و ناوچەیەکی 32,000 کیلۆمەتر دووجایان لە رۆژئاوای جەزیرە پاککردەوە.
پشتیوانی نێودەوڵەتی توانای عێراقییەکان پتەودەکات
خەڵەف وتی ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکان "دۆزینەوە و تێکدانی کۆبوونەوە شاراوەکانی تیرۆریستەکانە لەگەڵ بڕینی هێڵەکانی گەیاندن و گواستنەوەیان".
وتی سەرنجیان لەسەر ئەو ناوچانەیە کە لەسەر سنوورەوە درێژدەبنەوە بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی ئەمنییەتیان کەمە، وەك گردەکانی حەمرین و مەکحول و مەخمور.
خەڵەف وتی: "بەگوێرهی ئهو زانیاریانهی لەبهردەستدان، گروپی بچوکی داعش هێشتا خۆیان لە رۆژئاوای جەزیرە حەشارداوە و پلانیان هەیە لەوێ شوێنپێی خۆیان بکەنەوە و خۆیان دروستبکەنەوە."
ئاماژهی بهوهش كرد كه چەکدارانی داعش لە چەند هەفتەی رابردوودا ویستویانە "سەرقاڵیی هێزە ئەمنییەکان بە پاراستنی خۆپیشاندانە بەردەوامەکان لە وڵاتهكه بقۆزنەوە بۆئەوەی ئامادەکاریبکەن و شوێنی خۆیان بەرفراوان بکەن".
وتی: "بەڵام هاتنەوەی فشاری گەورەی سەربازی هەل ناداتە تیرۆریستەکان نیشتهجێببن و خاك بگرن و هێرشەکانیان زیادبکەن دژ بە ئامانجه مەدەنی و سەربازییهكان."
وتیشی: "هێزەکانمان پێشکەوتن بهدهستدێنن و لە پێگەی باشتردان بە بەراورد بە رابردوو، چونکە شارەزایی و توانایان هەیە جگە لە چەكی باش و ئامێر و کامێرای چاودێریی پێشکەوتوو."
وتی جگه لەوەش، هاتنەوەی پشتیوانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی بۆ هێزەكانی عێراق، بەتایبەتی پشتیوانیی ئاسمانی، "هەوڵەکانمان پتەوتردەکەن بەرەو نەهێشتنهوهی هیچ هەلێك بۆ دووبارە گردبوونەوەی دوژمن و خۆڕێكسختنهوهیان".