هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

چالاکوانان: تەحریر شام لە باکوری سوریا لە قەیراندایە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

گروپێك خوێندکاری سوری کە لەلایەن تەحریر شامەوە راکێشراون بۆ وێنەیەك رادەوەستن پێش ئەوەی دژی هێزەکانی رژێمی سوریا بنێردرێن بۆ شەڕ. [خاوەنی وێنە: ئه‌كاونتی تەلەگرامی ساحل ئه‌لشیمالی نیوز]

گروپێك خوێندکاری سوری کە لەلایەن تەحریر شامەوە راکێشراون بۆ وێنەیەك رادەوەستن پێش ئەوەی دژی هێزەکانی رژێمی سوریا بنێردرێن بۆ شەڕ. [خاوەنی وێنە: ئه‌كاونتی تەلەگرامی ساحل ئه‌لشیمالی نیوز]

تەحریر شام رووبەڕووی دۆخێکی شلۆق بۆتەوە لەو ناوچەیەی لەژێردەستیدا ماوە لە پارێزگاکانی ئیدلیب و حەلەبی سوریا، لە کەنارەکانی پارێزگای لازقیە و لە بەشەکانی دیکەی باکوری سوریا کە بوونی لێیان هەیە، چالاکوانانی ناوچەکە وتیان.

وتیان ئەمە بەهۆی چەندین کورتهێنانەوە لە پشتیوانی دارایی، خێرابوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و کۆڕەوی هەزاران مەدەنی لە ناوچەکە، لەگەڵ چەندین لە چەکدارانی خۆی كه‌ بۆته‌ هۆی كه‌میی چه‌كدار.

چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف، بە دیارونای وت تەحریر شام بەتەواوی تووشی پاشاگەردانی بووە بەهۆی پێشهاتەکانه‌وه‌ لە ناوچەکانی ژێردەستیدا -- یان ئەوەی کە لێی ماوەته‌وه‌ -- لە ناوچە گوندنشینەکانی لازقیە و ئیدلیب و حەلەب.

وتی سەرچاوە داراییەکانی گروپەکە -- وەك باج و زەکات کە سەپاندبوونی بەسەر خەڵکی ناوچەکەدا -- کەمبوونەتەوە و چالاکی بازرگانی لە ناوچەکە تاڕادەیەك راوەستاوە بەهۆی شەڕ و شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەییەوە.

وتیشی ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی ناوچەیەکی بەرفراوان بێ دانیشتوان بێت، کە مانای وایە تەحریر شام ناتوانێت سوود ببینێت لە مامەڵە بازرگانییەکان یان کرێ و باج بسەپێنێت بەسەر هاتوچۆی شمەكدا بۆ نێو ناوچەكانی ژێردەستی، بەتایبەتی سوتەمەنی.

هێشتا به‌دووی چالاکوانان ده‌كه‌وێت

عەساف وتی سەرەڕای دۆخی سەختی ناوچەی ئیدلیب، تەحریر شام هەڵمەتی خۆی بۆ بە ئامانجکردنی رکابەرانی هێواش نەکردۆتەوە.

وتی: "بەمدواییانە چالاکوانان تراد شەعبوق و ئەحمەد نەعسانیان دەستگیرکرد، کە چالاکییەکیان رێکخست لە شاری سەلقین بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکە ئاوارەیەی لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب و حەلەب هەڵاتوون."

چالاکوانان پرۆژەی ئەهل خەیر (خەڵکی بەخشەر)یان رێکخست بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکە ئاوارەیەی دێن بەرەو ناوچەکە بەجۆرێك بەخشین لە دانیشتوان و خاوەن دوکانەکان کۆکراوەتەوە.

عەساف وتی چالاکوانان ناڕەزاییان دەربڕیوە دەربارەی ئەوەی تەحریر شام چەندین ماڵی چۆڵی بەکارهێناوە بۆ نیشتەجێکردنی خێزانی چەکدارەکانی، لەکاتێکدا رێگە لەهەر کەسێك دەگرێت کە سەر بەو هاوپەیمانێتیە تووندڕەوە نەبێت لەوەی پەنایان تێدا بگرێت.

وتی ئەم هەنگاوە بووە هۆی خۆپیشاندان و بارگرژی لە شارەکەدا.

دانیشتوویه‌كی مەعەرەت نوعمان، هانی نوعمان بە دیارونای وت دەیان خێزانی ئاوارە کە لە هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانەکانی باکوری سوریا هەڵاتوون وتیان زۆرێك لە بازگە و دەروازەکانی تەحریر شام کرێ دەسەنن.

وتی: "چەکدارانی ناوچەکە کرێ دەسەنن تا رێبدەن بە مەدەنیەکان پێیاندا تێپه‌ڕن، بەتایبەتی ئەو خێزانانەی شمه‌ك و راخەر دەگوێزنەوە."

وتیشی شۆفێری لۆرییەکان وتوویانە تەحریر شام کرێی بەرزی سەپاندووە بەسەریاندا بەرامبەر گواستنەوەی خەڵکی ئاوارە و كه‌لوپه‌له‌كانیان و ئاماژەیکرد بەوەی شۆفێرەکان تەنیا کرێیەکی کەم وەردەگرن تا سوتەمەنی و خەرجیەکی کەمی پێ دابینبکەن.

تەحریر شام روو لە لاوازییە

نوعمان وتی خەڵك تێبینی ئەوەیان کردووە كه‌ "تەحریر شام زۆر شەڕی پێناکرێت" دژی هێرشه‌كه‌ی رژێم و تێبینی "کشانەوەی کتوپڕیان لە ناوچەکانی شەڕ" کردووە کە رێی بە هێزەکانی رژێم داوە پێشڕەوی بکەن.

وتی: "چەندین دەنگۆ لە ناوچەکە بڵاوبۆتەوە کە تەحریر شام بەمزوانە خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لەبەر ئەو دۆخە خراپەی پێی گەیشتووە."

رۆژنامەوانێكی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت تەحریر شام هەوڵیداوە چارەسەری کورتهێنانی چەکدار بکات کە بەهۆی شەڕەکەی ئەمدواییەوە یان كوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی بە چەندین هۆکار تووشی بووە.

وتی لەنێو ئەمانەدا ئازادکردنی ئەو چەکدارانەی خۆی کە پێشتر دەستگیری کردبوون لەبەر چەندین هۆکار، لەگەڵ چەکدارانی لایەنەکانی دیکە کە دەستگیری کردبوون یان زیندانی کردبوون "بەو مەرجەی کە لە بەرەکانی پێشەوە شەڕ بکەن".

ئاماژه‌شی كرد: "چەندین یەکەی نوێ پێکهێنراون لەم ئەندامانە و نێردراون بۆ هێڵەکانی پێشەوە، کە شەڕ له‌وێ لە هه‌موو شوێنك چڕترە."

وتی تەحریر شام دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی بەئەندامکردنیش کە خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆی کردۆتە ئامانج و داوایان لێدەکات پەیوەندیبكه‌ن بە شەڕەکەوە بە پاساوی "ئەنجامدانی جیهاد".

عەبدوڵا وتی هەڵمەتێکی دیکە بە ناونیشانی "بكه‌ونه‌ رێ، پیر و لاو" هەوڵدەدات لاوان و پیاوان رابکێشێت بۆشەڕکردن لەنێو ریزەکانیدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500