شرۆڤەکاران بە دیارونایان وت لەکاتێکدا رژێمی ئێران ململانێ دەکات لەگەڵ ئهو سزایانهدا کە ئابورییەکەیان ئیفلیجکردووە، هەوڵیداوە ئەو فشارانە کەمبکاتەوە لەسەر داهاتەکانی بە قازانج بەدەستهێنان لەڕێی دامەزراندنی بونیادێكی دهسهڵاتی هاوتهریب لە عێراق.
وتیان میلیشیا عێراقییەکان لە ناوەندی ئەو پرۆژەیەدان چونکە راستەوخۆ لە سوپای پاسدارانەوە هاوکاری دارایی وەردەگرن و بەو هۆیەشەوە قەرزارینی.
شرۆڤەکاری سیاسی ئەحمەد شەوقی بە دیارونای وت: "بریکارەکانی ئێران چالاکن لە دروستکردنی دەوڵەتێكی 'تهریب'ی قوڵ کە ئهركی سهرهكیی دزینی سیستەماتیکی سەرچاوەکانی عێراقییەکانە بۆ وەلانانی تواناکانیان."
وتی: "ئەو پارەیەی ئەو بریکارانە بەدەستیدەهێنن لەڕێی کاری نایاساییەوە دەچێتە خەزێنەی سوپای پاسدارانەوە تا بەردەوامبێت له سەپاندنی هەژمونی و چالاکییەکانی کە زیان دەگەیەنن بە سەقامگیریی هەرێمەکە."
بەقاچاغبردنی نەوت و دەرمان و کەلوپەلی دیکە بۆ ناوە و دەرەوەی عێراق سەرچاوەی سەرەکی داهاتی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە، شەوقی وتی و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه میلیشیاکان توانیویانە قازانجی زۆر بەدەستبهێنن لەڕێی کاری نایاساییەوە.
وتی بەگوێرهی ههندێك خهمڵاندن، ئەو میلیشیانە رۆژانە نزیکەی 23,000 بەرمیل نەوتیان گواستۆتەوە لە بیرە نەوتەکانی باکوری عێراقەوە و بە بارهەڵگر بە قاچاخ بردویانن بۆ ئێران.
قاچاخچێتی لە 2017ەوە 2 ملیار دۆلار کەوتووە لەسەر داهاتی نەوتی عێراق.
زنجیرهیهك چالاکی نایاسایی
شەوقی وتی: "میلیشیاکان چەندین میتۆدی کۆکردنەوەی دراوی کاش و ناردنیان بۆ ئێران بەکاردەهێنن." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه "کاریگەری خۆیان بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی فاتورهی سازته و کڕینی ژمارەیەکی زۆری دۆلار".
وتی ئەوەش دیناری عێراقی لاوازدەکات لەڕێی دەرهێنانی دۆلارهوه لە ئابوری عێراق.
وتیشی میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەستیشیان هەیە لە گەندەڵیكردن لە تەندەرەکانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا لەگەڵ سپیکردنەوەی پارە لەڕێی "نوسینگه بازرگانییهكان" و تۆڕە نهێنییەکانەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه داهاتەکانی ئەو چالاکییانە "بەکاردەهێنرێن بۆ پشتیوانیکردنی چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە سوریا و لوبنان و یەمەن".
وتی میلیشیاکان دەستیشیان گرتووە بەسەر بازاڕی ئاسنی سکرابدا بە توانەوەی ئۆتۆمبیلی کۆن لەگەڵ وردە ئاسنی ئهو بینایانهی لەکاتی شەڕی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا وێرانبوون و دواتر وەك ماددەی خاو دەیانفرۆشنەوە لە عێراق.
شارەزایهكی بواری ستراتیژی، عەلا نەشوع بە دیارونای وت: "میلیشیاکان باری ئاسنی سکراب لە عێراقەوە دەگوێزنەوە بۆ ئێران و لەوێ کارگەکانی پۆڵای ئێران دروستیاندەکەنەوە و بە عێراقی دەفرۆشنەوە."
نەشوع وتی: "میلیشیاکان ئابوری عێراق و سەرچاوە نیشتمانییەکان بەکاردەهێنن بە چەندین شێوازی جیاواز، لەکاتێکدا دەیانەوێت پارە پەیدابکەن بۆ پشتیوانی سوپای پاسداران و رێگەبدەن بە رژێمی ئێران فشاری سزاكان لەسە خۆی کەمبکاتەوە."
وتی له خاڵە سنوورییە زەمینییەکان و بەندەرە دەریاییەکان، میلیشیاکان گومرگی نایسایی دەخەنە سەر شمەکەکانی دێنە ناو عێراقەوە، جگە لە خاوە وەرگرتن لە بازرگانەکان و هەناردەکەران و وەرگرتنی بەرتیل بەرلەوەی رێگەیانبدەن کەلوپەکانیان بۆ کۆگاکانیان بگوێزنەوە.
وتیشی: "ئەمە عێراقییەکانی هەژار کردووە." ئاماژهشی كرد بۆ ئەوەی "عێراق بەدهست خراپی خزمەتگوزاری گشتییەوە دەناڵێنێت سەرباری بودجەیەکی زۆری دەوڵەت".
بەکارهێنانی ئابوری عێراق
پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق، عومەر عەبدولسهتار وتی: "میلیشیاکان هیچیان نەهێناوە بۆ عێراق جگە لە وێرانکاری و هێشتا ئابوریەکەشی بەکاردەهێنن لەڕێی گەندەڵییەوە تا رژێمی ئێران و میلیشیا و هەوادارەکانی لە رووخان بپارێزن."
خۆپیشاندان لە عێراق بەردەوامە لە سەرەتای تشرینی یەکەمەوە "بۆ داواکردنی کۆتاییهێنان بە کۆنتڕۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ئێران" لەگەڵ کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوە و دزینی ئابوری عێراق و تاوانەکانی دیکەی ئەنجامیدەدەن دژ بە گەلی عێراق، وهك عهبدولسهتار وتی.
وتیشی ئێستا "جیهان هۆشیاربۆتەوە لە مەترسی ئەو میلیشیانە و پشتیوانییان بۆ سوپای پاسداران تا هاوکاری بن لە وەستانەوەی دژ بە ئابڵوقەکانی بەسەریدا سەپێنراون".
عەبدولسهتار وتی: "هەوڵە نێودەوڵەتییەکان ئێستا سەرنجیان لەسەر تێکدانی سیستمە داراییەکانی ئەو گروپانەیە کە بەیعەتیان داوە بە ئێران."