شەڕ لە باکوری خۆرئاوای سوریا "بەشێوەیەکی مەترسیدار نزیکە" لە پەناگەکانی نزیکەی ملیۆنێك خەڵکی ئاوارە، کە مەترسی "کوشتارگە"یەکی حەتمی هێناوهته ئاراوه، نەتەوە یەکگرتوەکان دووشەممە (24 شوبات) رایگەیاند.
جێگری بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ قەیرانی سوریا، مارك کەتس وتی نەتەوە یەکگرتوەکان هەوڵدەدات گواستنەوەی کۆمەك دووهێندە بکات لەڕێی سنووری تورکیاوە لە 50 وە بۆ 100 لۆری لە رۆژێکدا.
کەتس وتی: "شەڕەکە لەئێستادا بەشێوەیەکی مەترسیدار نزیکە لە ناوچەیەك کە زیاد لە ملیۆنێك لەنێو خێوەت و داڵدەی کاتیدا دەژین." هۆشداریشی دا لە مەترسی "کوشتارگەیەکی راستەقینە".
هێرشێکی یەك مانگە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریاوە بە پشتیوانی روسیا لە ئیدلیبی باکوری خۆرئاوا بۆتە هۆی ئەوەی سەدان هەزار کەس لە تووندوتیژی هەڵبێن.
کەتس وتی بەهۆی بارگرژییهكانهوه نەتەوە یەکگرتوەکان بە داوایەکی پشتیوانی داراییدا دەچێتەوە بۆ قەیرانەکە لە 330 ملیۆنەوە بۆ 500 ملیۆن دۆلار و وتیشی کورتهێنانی نزیکەی 370 ملیۆن دۆلار هەیە.
کەتس وتی نەتەوە یەکگرتوەکان 1,200 لۆری کۆمەکی ناردۆتە ئەو ناوچەیە لە کانونی دووەم و لە شوباتدا و تائێستا 700 لۆریی دیکەی ناردووە.
ههروهها وتی: "راستیەکەی ئەوەیە زۆر بەسادەیی ئەمە بەش ناکات. زۆر بەئەستەم دەتوانین پێداویستییهكانی خەڵك بۆ خواردن و خێوەت و لێفە و شمەکی زستانه دابینبکەین."
کەتس وتی کارمەندانی کۆمەك "بەتەواوی شەکەتبوون" و هەندێك لە ئهمبارهكان تاڵانکراون و شەڕەکە زیانی بە نزیکەی 77 نەخۆشخانە و ناوەندی پزیشكی دیکە گەیاندووە.
هێرشە ئاسمانییهکانی روسیا 5 مەدەنی دەکوژن
رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه دووشەممە پێنج مەدەنی لە هێرشە ئاسمانیەکانی روسیادا بۆسەر ناوچەی زاویەی باشوری ئیدلیب کوژران و راشیگەیاند كه هیزەکانی رژێم بەشێوەیەکی خێرا لە باشوری ئیدلیب پێشڕەوییان کردووە لە 24 سەعاتی رابردوودا.
ههروهها رایگەیاند كه لە باشوری شاڕێگەی M4 "چەندین شارۆچکە و گوندیان" گرتووە کە لازقیەی قهڵای سهر دهریای رژێم دەبەستێتەوە بە شاری حەلەبی ژێردەستی رژێمەوە.
سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی ئامانجی سەرەکی رژێم گرتنەوەی چەند بەشێکی M4 بوو کە هێشتا لەژێردەستی هاوپەیمانێتی تووندڕەوی تەحریر شام و گروپە هاوپەیمانەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆندان.
ئەمە پێویستی بە چەند ئۆپەراسیۆنێك هەیە دژی شارۆچکەکانی ئەریحا و جسر شوغور، کە هەردووکیان دهكهونه سەرM4.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، هێزەکانی سەر بە رژێم کۆنترۆڵی چەند ناوچەیەکی گرنگی بازرگانییان کردۆتەوە کە لە باکوری خۆرئاوای سوریان -- M5 کە دیمەشق دەبەستێتەوە بە حەلەبەوە و ئەو ناوچەیەشیان گرتۆتەوە کە لە دەوروبەری ئەو شارەی باکورە.