سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان هەیەنی (21 شوبات) داوای "کرداری کۆنکرێتی" كرد بۆ رێگریکردن لە قەیرانێک لە دواهەمین ناوچەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسی و ئەڵمانییەکانیدا.
قەیرانێکی مرۆیی لە پارێزگاکەی ئیدلیبی باکوری خۆرئاوا سەریهەڵداوە، لەکاتێکدا رژێمی سوریا، بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا، پێشڕەویدەکات بە هێرشێک کە بووە هۆی ئەوەی نزیک یەک ملیۆن مەدەنی ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.
سەرۆکایەتییەکە رایگەیاند کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لهگهڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجێڵا مێرکڵ و سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێڵ ماكرۆن، ئەردۆگان "جەختیكرد لە پێویستیی وەستاندنی پەلامارەکەی رژێم و لایەنگرەکانی لە ئیدلیب".
ئەردۆگان جەختیشیكرد لەسەر پێویستی دابینکردنی "پشتیوانییەکی بەهێز لەڕێی کرداری کۆنکرێتییهوه بۆ رێگیرکردن لە قەیرانێکی مرۆیی".
مێرکڵ و ماکرۆن پێنجشەممە قسەیان لەگەڵ سەرۆکی روسیا ڤلادمیر پوتین کرد و داوای وەستاندنی شەڕەکەیان کرد و چاوەڕێی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵیین، بهبهشداریی ئەردۆگان.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پوتین، مێرکڵ و ماکرۆن نیگەرانیی خۆشیان دەربارەی "قەیرانێکی دارایی" راگەیاند.
27 سەرکردەکەی یەکێتی ئەوروپا هەینی سەرکۆنەی هێرشەکانی رژێمی سوریایان کرد بۆسەر شاری ئیدلیب و هۆشداریشیان دا لە روودانی قەیرانێکی مرۆیی.
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا، کە نوێنهرایهتی 27 وڵاتی ئەندام دهكات، رایگەیاند: "پەلامارە سەربازییە نوێكه لە ئیدلیب لەلایەن رژێمی سوریا و لایەنگرەکانییهوه، کە بوونەتە هۆی هێنانە ئارای چەندین قەیرانی مرۆیی، ناتوانرێت پهسهندبكرێت."
ئەنجومەنەکە راشیگەیاند: "یەکێتی ئەوروپا داوای لە هەموو لایەنەکانی بارگرژییەکان کرد رێزی تەواوەتی بەرپرسیارێتیەکانیان بگرن لەژێر یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا و بەبێ بەربەستدروستکردن رێبدهن به هاوکاری مرۆیی بگاتە دەستی هەموو ئەوانەی پێویستییان بە یارمەتییە."
رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی تورکیا و هاوپەیمانە سورییەکانیاندا لەدژی هێزەکانی رژێم بووە هۆی کوشتنی 27 چەکدار لە پێنجشەممەدا.
رێکخراوەکە رایگەیاند کە 11 چەکداری لایەنگری رژێم و 14 چەکداری ئۆپۆزسیۆن کوژران، لەگەڵ دوو سەربازی تورکیشدا.
تورکیا 16 سهربازی لە ئیدلیب لەم مانگەدا لە شەڕ و پێکدادانەکانیدا لەگەڵ هێزەکانی رژێم لەدەستداوە، هەروەها بنکەکانی پتەوترکردووە لەکاتێکدا داوای کشانەوەی رژێم دەکات.
'هیچ رووبهڕووبوونهوهیهك' لەگەڵ روسیا
تورکیا پێنجشەممە رایگەیاند کە نەیویستووە "هیچ رووبهڕووبوونهوهیهك" لەگەڵ روسیادا رووبدات.
هاوکات روسیا هۆشداریدایە تورکیا بۆ راوەستاندنی پڕچەککردنی "تیرۆریستان"، گوایە فڕۆکەکانی روسیا ئەو گروپانەی لە ههرێمی ئیدلیب کردۆتە ئامانج کە ئەنقەرە پشتیوانییان دەکات.
ئەنقەرە لێدوانەکانی مۆسکۆ رەتدەکاتەوە کە گوایا توركیا پشتیوانی گروپە تیرۆریستەکانی ناوچەکە دەکات.
وەزیری بەرگری تورکیا، هولوسی ئاکار بە سی ئێن ئین تورکی وت: "ئێمە هیچ ویستێکمان نییە بۆ رووبهڕووبوونهوه لەگەڵ روسیادا" و وتیشی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی روسیا بەردەوامن.
ئاکار وتی یەکێک لە کێشەکان کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت بریتییە لە ئاسمانی ئیدلیب و چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە روسیا بۆ ئەوەی دەسوەردان نەکات.
هیچ رێکەوتنێکی کۆنکرێتی لەنێوان روسیا و تورکیادا نییە دوای دوو گەڕی گفتوگۆ لەنێوان دوو وەفدی جیاوازدا لە ئەنقەرە و مۆسکۆ لە دەستپێکی ئەم مانگەدا.
ئەنقەرە پێداگریدەکات کە دەیەوێت رێگری لە قەیرانێکی مرۆیی بکات، هەروەها دەشیەوێت رێگری لە لێشاوی ئاوارەکان بۆ نێو تورکیا بکات، کە لە ئێستادا نزیکەی 3.6 ملیۆن سوری لهخۆگرتووه.
وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند کە پێنجشەممە تۆڵەی لە هێزەکانی رژێم کردۆتەوە، بە "کوشتنی 50 چەکداری رژێم و تێكشكاندنی پێنج تانک، دوو زرێپۆشی سەربازان، دوو پیکابی زرێپۆش و تۆپێکی هاوتزهر".
بەگوێرەی رێکخراوی روانگەی سوری، چەند شەڕ و پێکدادانێک لەنێوان هێزەکانی رژێم و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە روویاندا لە نەیرهب، کە دەکەوێتە نێوان شاری ئیدلیب و شارۆچکەی سەراقیبهوه.
رژێم لە نەیرهب کرایە دەرەوە
چالاکوانێكی ئیدلیب، هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە لە ئیدلیب، بە پشتیوانی هێزەکانی تورکیا، دەستیانگرت بەسەر باشوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی نەیرهبدا له ئیدلیب دوای ئەوەی فشاریان لەسەر هێزەکانی رژێمی سوریا دروستکرد بۆئەوەی بکشێنەوە.
وتی هێزەکانی تورکیا به تۆپباران و هێرشی فڕۆکەکانی روسیا کرانە ئامانج و ئەوەش بووە هۆی کوشتنی دوو سەرباز و برینداربوونی پێنجی دیکە.
ناوبراو وتی روداوەکە دوای هێرشێک هات کە لالەیەن گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەحریر شامهوه بۆسەر نەیرەب ئەنجامدرا.
ئیدلیبی وتی هێزەکانی تورکیا پشتیوانی موشەکیی تووند و چەند ئۆتۆمبیلێکی پێشکەوتووی سەربازی دابینکردووە بە ئاڕاستەی ناوچەکانی شەڕ وەک هەوڵێک بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی رژێم لە چەند رۆژی رابردوودا کۆنتڕۆڵی کردوون.
وتیشی شارۆچکەی نەیرهب هەڵکەوتەیەکی ستراتیژی هەیە، لەکاتێکدا دەکەوێتە سەر رێڕەوێکی ستراتیژی بەرەو شاری ئیدلیب، كه قهڵای سەرەکیی تەحریر شام و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەیه.
ئیدلیبی وتی: "رژێم لە نەیرهب کشایهوه و هێزەکانی دیکە چوونە نێو شارۆچکەکەوه و ناوچەکانی باشوریان کۆنتڕڵکرد و ئێستا ئۆپەراسیۆنێكی راماڵین ئەنجامدەدەن."
وتیشی شەڕ و پێکدادانی تووند و تۆپباران و هێرشە ئاسمانییەکان بەردەوامن و چەندین شارۆچکە و گوند لە ئیدلیب لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی روسیاوه دەکرێنە ئامانج.
وتی لەنێو بریندارەکانی شەڕە بەردەوامەکاندا دوو چالاکوانی میدیایی هەبوون، ئیبراهیم دەروێش و ئەحمەد رەحاڵ، کە پارچەی ئهو موشەکانهیان بەرکەوت کە لەلایەن فڕۆکەکانی روسیاوە هاوێژرابوون لەکاتی رووماڵی شەڕ و پێکدادانەکاندا.