هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

میلیشیاکان رێگریده‌كه‌ن له‌ گەڕانەوەی ئاوارەکانی دەشتی نەینەوا

عومەر عەلی لە بەغدا

عێراقییەك خۆڵ و خاشاك کۆدەکاتەوە لە ماڵەکەیدا دوای گەڕانەوەی بۆ شارۆچکەی قەرەقوشی زۆرینە مەسیحی، کە دەکەوێتە 30 کیلۆمەتر خۆرهەڵاتی موسڵ، لە 5 ئایار 2017. [فازل سەنا/ئاژانسی فرانس پرێس]

عێراقییەك خۆڵ و خاشاك کۆدەکاتەوە لە ماڵەکەیدا دوای گەڕانەوەی بۆ شارۆچکەی قەرەقوشی زۆرینە مەسیحی، کە دەکەوێتە 30 کیلۆمەتر خۆرهەڵاتی موسڵ، لە 5 ئایار 2017. [فازل سەنا/ئاژانسی فرانس پرێس]

ماوەیەکە خەڵکە ئاوارەکەی دەشتی نەینەوا سکاڵا لەوە دەکەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە لەژێر چەتری هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشد)دا چالاكن، بوونەتە رێگر لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان.

زۆرێك له‌وانه‌ی ناچارکران لە ناوچەكانی باکوری خۆرهەڵاتی موسڵ هەڵبێن لەکاتی داگیرکاریی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا، ئێستا رێگرییان لێدەکرێت لە گەڕانەوەیان لەلایەن هەمان ئەو میلیشیانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە "رزگاریان" كردوون.

دانیشتوانی ناوچەکە دەڵێن ئەندامانی گروپە کەمینەکان تووشی هەراسانکردن بوونەتەوە لەلایەن ئەم ملیشیانەوە، کە پێشێلکارییان ئەنجامداوە لە دژی موڵك و زه‌ویوزاره‌كانیان.

بۆ راکێشانی سەرنج بۆ دۆخه‌كه‌یان، سەدان دانیشتووی دەشتی نەینەوا، لەنێویاندا مەسیحی، ئێزیدی و کوردەکان، لە 22 کانونی دووەم خۆپیشاندانێکیان رێکخست لەبەردەم نوسینگەی نێرده‌ی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

داوایان لە نەتەوە یەکگرتوەکان کرد فشار بخاتە سەر حکومەتی عێراقی بۆ نەهێشتنی میلیشیاکانی حەشد لە دەشتی نەینەوا.

خۆپیشاندەر عیماد زەهران بە دیارونای وت نامەیەکیان داوه‌ به‌ نێرده‌ی نەتەوە یەکگرتوەکان کە تیایدا سکاڵایان لە کارە جاڕسکەر و نایاساییەکانی ئەم میلیشیانە کردووه‌.

ئاماژەیکرد بەوەی پیاوانی میلیشیاكان لە ناوچەکە، کە زۆرێکیان هەرزەکارن، بازگەی ئەمنی نافەرمییان داناوه‌ و پاره‌ لەو ئۆتۆمبیل و پیادانە وەردەگرن کە پێیاندا تێده‌په‌ڕن.

وتی: "هیچ کەس ناتوانێت دژیان بوه‌ستێته‌وه‌ یان لە بەرامبەر کارەکانیاندا بەرپرس رایانبگرێت."

وتیشی ئەمە نمونەیەکی خراپ پێشکەشدەکات و پرسیاری ئەوەی کرد چۆن دانیشتوان دەتوانن ژیان و موڵکوماڵی خۆیان بپارێزن لە دەسەڵاتێك کە خۆی لەسەروو دەوڵەت و یاسای عێراقیەوە دەبینێت.

ئاماژەیکرد بەوەی نزیکەی 3,000 خێزانی ئاوارەی دەشتی نەینەوا خۆیان بەدوورگرتووە لە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان -- نەك لە ترسی داعش، بەڵکو بۆ خۆلادان لە مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیاکانی حەشد.

ئاسایشی ناسەقامگیر و گۆڕانکاری دیمۆگرافی

سیروان خۆشناو کە بەشداریی لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەدا کردووە دژی میلیشیاکان، وتی لە ئەنجامی ئامادەیی ئەم میلیشیانەدا، دۆخی ئەمنی لە دەشتی نەینەوا ناسەقامگیر بووە.

بە دیارونای وت پیاوانی میلیشیاكان دابینکردنی ئاسایشیان فەرامۆشکردووە و لەجیاتی ئەوە تەرکیزیان خستۆتە سەر هەوڵدان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان و بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکانی سەرکردەکانیان.

وتی: "دۆخی ئەمنی له‌ دەشتی نەینەوا باشتر بوو کاتێك ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەدا بوو." ئاماژەیکرد بەوەی کە بە بۆچوونی ئەو، ئەوان رێزی زیاتریان نیشاندەدا بەرامبەر مافەکانی گروپە کەمینەکانی ناوچەکە.

راوێژکارێكی پارێزگاری نەینەوا، ئیڤان فایەق، وتی ژمارەی ئاوارەکان کە گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان لە دەشتی نەینەوا، بەتایبەتی ئەندامانی کەمینەی مەسیحی، زۆر نزمە.

بە دیارونای وت نزیکەی نیوەی نیشتەجێیانی بەرتەلە لە دەشتی نەینەوا نەگەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان، لەکاتێکدا له‌سه‌دا 1 دانیشتوانی رەسەنی تەل کییف گەڕاونەتەوە -- کە تا ئێستا نزمترین رێژەی سەدییە.

هۆشداریشی دا لەوەی دۆخی هەنووکە ئاماژەیە بە گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی کە دەکرێت کۆتاییبهێنێت به‌ بوونی زۆرێك لە کەمینە ئایینی و ئێتنیەکان لەم ناوچانە.

لە مانگی ئابدا، سەرەکوەزیرانی ئەوکات عادل عەبدولمەهدی فەرمانی کرد بە حەشد کە لە تەواوی بازگەکانی ژێردەستیان لە ناوچەی دەشتی نەینەوا بکشێنەوە، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی سکاڵاکانه‌وه‌ لەدژیان.

بەڵام ئەندامانی لیوای 30 حەشد -- کە بەڕێوەدەبرێن لەلایەن وەعد قەدو، کە لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە -- رەتیکردەوە پابەند بێت و لە پێگەکانی خۆیاندا مانەوە دژی ویستی حکومەت.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500