دانیشتوانی دێره زوور لەو بەشانەی پارێزگاکە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی رژێم و میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێراندان، دووچاری کێشەی بهردهوام دەبنەوە، چالاکوانانی ناوخۆ وتیان.
چالاکوان عەمار ساڵح بە دیارونای وت دامەزراوەکانی حکومەتی سوریا هیچ کارێکیان بۆ پێشخستنی ناوچەکانی خۆرهەڵاتی پارێزگاکە ئەنجامنەداوە کە کۆنتڕۆڵیان کردوونەتەوە، سەرباری ئەو بەڵێنانەی ئهوکاتە بە دانیشتوانەکانیان دا.
وتی هەموو ئەوەی روودەدات بەهۆی زیادبوونی ژمارەی میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و نیشتەجێبوونیانە لەو ناوچانەدا کە داگیریانکردوون، بۆئەوەی ماڵ بۆ چەکدارەکان دابینبکەن و هەندێك لە خانووەکانی خەڵکی تر بکەن بە بنکەی سەربازی.
سەڵاح وتی هێشتا داروپهردووی ئەو بینا و خانووانه لانهبراون كه لە شەڕی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا وێرانکراون.
چەندین ناوچە و گەڕەک هێشتا ئاوەداننەکراونەتەوە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆوه. هەروەها رێژەی بێکاری و هەژاری بەهۆی کەمیی هەلی کارهوه زیادیکردووە.
وتی لەنێو هەندێك شەقامدا، چەندین کەس دەبینرێن بەدوای هەر شتێکدا دەگەڕێن کە بەکاربێت یان بۆ خواردن بشێت، منداڵانیش کاری زهحمهت و تاقەتپڕوکێن دەکەن.
وتیشی: "ناوچەکە هەرگیز پێشتر رێژەیەکی هەژاری و پشتگوێخستنی لەمجۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە." ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە ئەم بارودۆخە هەم نائاساییە و هەمیش دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشە.
بەرزبوونەوەی نرخ و هاتنەئارای چەندین بەربەست
ساڵح وتی نرخی شمهك لە بازاڕەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، بەتایبەتی نرخی خۆراک و سەوزە و میوە، بەجۆرێک کە کڕینیان لە توانای زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە بەدەرە.
وتیشی هیچ هەنگاوێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کێشانە نەنراوە.
ساڵح وتی بەشێک لەو خێزانانەی کوڕەکانیان چوونەتە ریزی میلیشیکانی سەر بە سوپای پاسدارانهوه، لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ئەو مانگانەیەش کە لەلایەن میلیشیاکانەوە دەدرێت تەنها بەشی پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو خێزانانە ئەمەیان لە هیچ پێباشترە.
وتی: "ئازادی هاتوچۆکردن لەو ناوچانە بوونی نییە بەهۆی زۆریی ژمارەی چەکدارانهوه، کە خاڵی پشکنینی ناسنامەیان داناوە و رێگری لە خەڵک دەکەن بە ویستی خۆیان هاتوچۆبکەن."
وتیشی ئەو چەکدارانە رێگری لە جوتیاران دەکەن لە چوونە زەوییەکانیان و پێگەیاندنی دەغڵودانەکانیان، لەژێر پاساوی ئەوەدا کە خاکەکەیان لە "زۆنی سەربازی" داخراودایە.
وتی: "ئەمە لەکاتێکدایە كه رژێم هەوڵدەدات ئەو وێنایە بە بڵاوکردنەوەی کردەوەکانی پینەبکات، کە بۆ پێشخستنی ناوچەکە ئەنجامیان دەدات، وەک ئاوەدانکردنەوەی پارکی گشتی بە پشتیوانیی رێکخراوە نێودەوڵەتیییەکان."
وتیشی هاوکات، "ناوچەکانی دەوروبەری بەتەواوی وێرانکراون" و خۆڵوخاشاکی کەڵەکەبوو لە هەموو شوێنێکە و ئەمەش هەڕەشهی جددی بۆ سەر تەندروستی گشتی دروستدەکات.