میدیاکانی سوریا و چالاکوانانی مرۆیی داوای هاوکاری دەکەن بۆ دانیشتووانە مەدەنییەکەی پارێزگاکانی ئیدلیب و حەلەب لە باکوری رۆژئاوای سوریا لەکاتێکدا رژێمی سوریا بەردەوامە لە هێرشەکەی كه لە کانونی یەکەمەوە 900,000 سوریی ئاوارەکردووە.
چالاکوانێكی ئیدلیب، هیشام ئیدلیبی بە دیارونای وت هەزاران کەس لە شەڕی چەند رۆژی رابردوو هەڵهاتوون و ئاوارەبووه نوێكان لە دەشتەکاندان لەو ناوچانهی تاڕادەیەك ئەمینترن نزیك لە سنووری تورکیا، چونکە کەمپەکان پڕبوون.
وتی دەکرێت نەبوونی پشتیوانی ببێتە مەترسی لەسەر ژیانی ئاوارەکان و ئەوەش زەنگی مەترسی لێداوە لای چالاکوانەکانی ناوچەکە.
وتیشی ئەمە وایکرد ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوا لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بکەن کە لەژێر دەستی رژێمدا نین بەخێرایی هاوکاری دابینبکەن بۆ ئاوارەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا.
وتی مەدەنیەکان لە باکوری سوریا خۆیان له ژیانێكی سهخت و پڕ زەحمەتیدان دوای هەشت ساڵ شهڕ و ئاوارەکانیش لەوان خراپتر.
وتیشی یەکێك لە کێشە سەرەکییەکان نەبوونی هاوکاری رێکخراوە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییە سهرهكییهکانەوە.
هەوڵە ناوخۆییەکان بۆهاوکاری
ئیدلیبی وتی: "ههرچهنده هەوڵە ناوخۆییەکانی دابینکردنی هاوکاری لەلایەن چالاکوانانەوە کەمە و ئاستیان سنووردارە، بەڵام بهئاشكرا بوونەتە هۆی گۆڕانی رەوشەکە."
وتی ئەو هەوڵانەش بریتین لە کۆکردنەوەی پارە یان کڕینی شمەك و پێدانی وەك هاوکاری لەگەڵ هەوڵی تاکەکەسی وەك دابینکردنی نان و خۆراك بەبێ بەرامبەر بۆ دانیشتووانە ئاوارەکە.
وتیشی شمەکە سەرەتاییەکان و خۆراك لە کەمبوونەوەدان چونکە ژمارەی دانیشتووانی باکوری سوریا بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن زیادیکردووە.
ههروهها وتی رەوشی کەمپە نافەرمییەکان زۆر خراپه، چونکە خزمەتگوزاری تەندروستی لە لێواری نەماندایە و قهیرانی خۆرك و مازۆت (نەوت) هەیە، لەکاتێکدا سەرما لەپلەی بەستندایە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه مردنی چەندین کەس تۆمارکراوه و منداڵان و بەساڵاچووان بەرگەی سەرماکە ناگرن.
جگە لەوەش، 12 منداڵ و 3 ژن بە خواردن ژەهراوی بوون نزیك سنووری تورکیا دوای خواردنی خۆراكی خراپبوو، كه لەلایەن كڵاو سپییەکانەوە گوێزرانەوە بۆ بازگەیەکی پزیشکی بۆ وەرگرتنی چارەسەر.