هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

20 ئەندامی داعش دەستگیرکران لە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییه‌كانی عێراقدا

خالید تائی

ئەم ئەندامه‌ی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا دەستگیرکرا لە شارۆچکەی ئیشاق له‌ باکوری بەغدا، 22 ئاب 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ئەم ئەندامه‌ی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا دەستگیرکرا لە شارۆچکەی ئیشاق له‌ باکوری بەغدا، 22 ئاب 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی زیادکردووە بۆ دۆزینەوەی پاشماوە و شانەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

دەزگای دژە تیرۆریزم چوارشەممە (12 شوبات) رایگه‌یاند كه‌ لە سەرەتای شوباتەوە، دەزگا هەواڵگرییه‌كانی عێراق لانیکەم 20 ئەندامی داعشیان دەستگیرکردووە لە ئۆپەراسیۆنەکانی باکور و رۆژئاوای عێراقدا لە ناوچەکانی حەمام عەلیل، گەیارە، موتەیبیجە و بەراونە.

لەناو دەستگیرکراوەکاندا سەرکردەیەکی بەرگری ئاسمانی ناونەهێنراوی داعش هەیە، جگە لەوانەی پێشتر چەکداربوون و ئەوانەش کە زانیاری و پشتیوانی لۆجستییان بۆ چەکدارەکان دابینکردووە و خیزانەکانیان بە قاچاخ دەربازکردووە لە کەمپی هۆل لە سوریاوە بۆ عێراق بە بەکارهێنانی ناسنامەی ساختە.

چواریان کە شانەیەکی نوستوویان لە رەمادی پێکهێنابوو، بەهەمانشێوە دەستگیرکران.

وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆریزم، سەباح نوعمان بە دیارونای وت دەزگاکە به‌مدواییانە دوو شانەی مەترسیداری هەڵوەشاندەوە، یەکێکیان لە شارۆچکەی کەرمە لە ئەنبار و ئەویتر لە باشوری شاری کەرکوك.

وتی یەکێك لە ئەندامەکانی شانەکە سەرکردەیەکی باڵا بووە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژه‌ بۆ ئەوە دەکەن كه‌ ویستوویانه‌ کردەوەی تیرۆریستی لە بەغدا و ئەنبار ئەنجامبدەن.

پلانەکانی داعش هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌

نوعمان وتی: "پلانەکانیان هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه‌ و دەستگیرکران لەو ئۆپەراسیۆنانه‌دا كه‌ پێشتر پلانیان بۆ داڕێژرابوو بە پشتبه‌ستن به‌ زانیارییە گرنگەکان و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ تەواوی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی دیکەدا."

وتی: "ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانمان پتەوترکردوون و ئەمڕۆ لەهەموو کاتێكی تر چالاکترن و بەرهەمیان هەیە لە دۆزینەوەی تۆڕی شانە چالاك و نوستووەکاندا و تیرۆریستە مەترسیدارەکان لەناودەبەن."

وتیشی داعش هەوڵدەدات "خۆی کۆبکاتەوە و پەیکەری رێکخراوەیی دروستبکاتەوە بە هاوکاری ئەو سەرکردە و چەکدارانەی ماوێتی".

نوعمان وتی گروپەکە سەرنجی لەسەر "هەوڵەکانە بۆ راکێشانی دانیشتووانی ناوچە و گوندە دوورەدەستەکان بۆلای خۆی تا بێنەپاڵی و پشتیوانی لێبکەن و مۆڵگەی خۆی لەو شوێنانە دروستبکاته‌وه‌".

وتیشی: "زانیارییەکانمان پشتڕاستیدەکەبنەوە كه‌ ئەو هەوڵانە شکست دەهێنن چونکە دانیشتووانەکە ئەمڕۆ چاوکراوەترن و جارێكی دیکە فریونادرێن لەلایەن تیرۆریستانەوە، کە کۆمەڵکوژیی بێشوماریان ئەنجامدا و بەرپرسن لە ئاوارەیی و وێرانبوونی ناوچەکان."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500