بەرپرسێكی ئەمریکی سێشەممە (11 شوبات) وتی ئەو پلانەی ناتۆ بۆ بەرفراوانکردنی ئەرکەکەی لە عێراق لەڕێی بەکارهێنانی ستافی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا دژ بە داعش، دەکرێت جێگای رەزامەندی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بێت کە داوای چالاکی زیاتری هاوپەیمانییەکەی کردبوو لە رۆژهەڵاتی ناوین.
وەزیرانی بەرگری ناتۆ کۆتایی ئەم هەفتەیە لە برۆکسل کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیاری جوڵەپێکردنی هەندێك هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا کە شەڕی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکەی راهێنانی ناتۆ لە عێراق.
باڵوێزی ترەمپ بۆ ناتۆ کەی بەیلی هەچیسن پێشوازیکرد لەو هەنگاوە و وتی وا دەکات هێزەکانی هاوپەیمانان دەرفەتیان زیاتربێت بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕ دژی پاشماوەکانی داعش لە عێراق.
بە پەیامنێرانی وت: "ئەمە بەشکردنی ئەرکەکانە -- هاوپەیمانە ئەوروپییەکانمان لەگەڵمان دێن و کاری زیاتر دژ بە تیرۆریزم دەکەن."
"ئۆپەراسیۆنەکەی ناتۆ دەستیپێکردووە لە عێراق و پێموایە وەڵامی داواکەی سەرۆك ترەمپە."
ترەمپ لە کانونی دووەم داوای لە ناتۆ کرد زیاتر کاربکات لە رۆژهەڵاتی ناوهڕاست، چەند رۆژێك دوای ئەوەی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی فەرماندەی باڵای ئێران، قاسم سولەیمانی کوشت لە بەغدا.
هێرشەکەی 3 کانونی دووەم بووە هۆی دەنگدانی پەرلەمانی عێراق بە دەرکردنی هەموو هێزه بیانییهكان -- لهنێویاندا ئهو 5,200 سەربازهی ئەمریکا کە لە وڵاتەكهدان.
لە بەرامبەردا هاوپەیمانانی دژ بە داعش ئۆپەراسیۆنەکەیان بۆ سێ هەفتە راگرت و ناتۆ چالاکییەکانی راهێنانی راگرت، هەرچەندە پێداگربوو لەسەر پابەندبوونی بە هاوکاریکردنی عێراق.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەرپرسانی ناتۆ کە پلەیان نزمترە لە جەنهراڵ جێنس ستۆڵتنبێرگ سەرقاڵی دیپلۆماسی بەپەلە بوون لە واشنتۆن و بەغدا بۆئەوەی رێگایەك بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە بدۆزنەوە.
دەیانهوێت دەستکەوتەکان بپارێزن کە دژ بە داعش بەدەستهێنراون لەکاتێکدا گروپەکە لە لوتکەیدا ناوچەیەکی زۆری لە خاکی عێراق کۆنترۆڵکردبوو.
بەگوێرهی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان، پلانێك بۆ گواستنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان -- کە ژمارەیان 11,000 كهسه لە عێراق و سوریا و کوەیت -- بۆ شوێنەکانی ناتۆ لە بەغدا پشتیوانی بەدەستهێناوە.
گواستنەوەی ئیسپانی
هیوا هەبوو بەرپرسان پێشنیارێکی تۆکمە بنوسن بۆ وەزیرەکان بۆئەوەی بە فەرمی ئەم هەفتەیە لە برۆکسل پهسهندبکرێت بەڵام پشێوی لە عێراق پرۆسەکەی خاوکردەوە.
بەرپرسێکی ناتۆ وتی ئێستا دانوستانەکان سەرنجیان لەسەر "کردارەکانە نەك کەسەکان" -- لەسەر ئەوەی گواستنەوەی هێزەکان دەکرێت چی بکات لەبری ئەوەی چەندیان جوڵەیان پێبکرێت.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی وتی هێزەکانی ئیسپانیا کە وهك بهشێك له هاوپهیمانان راهێنان بە عێراقییەکان دەکەن، دەکرێت بگوێزرێنەوە بۆ ئەرکەکەی ناتۆ و بەردەوامی بە هەمان کاریان بدەن لەژێر ئاڵایەکی دیکەدا.
سەرچاوەکە وتی بەڵام راهێنانی هێزە تایبەتەکانی عێراق هێشتا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدەدرێت وەك بەشێك لە ئەرکەکانی هاوپەیمانان.
ستۆڵتنبێرگ وتی هیچ بڕیارێك نەدراوە بەڵام ئەرکەکەی ناتۆ بەردەوامدەبێت بۆ راهێنانی هێزەکانی عێراق و بەشداریکردنیان نابێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی شەڕدا و پێداگریشیکرد لەسەر ئەوەی "رێگریکردن باشترە لە دەسوەردان".