هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

عێراق ناوچەیەکی بیابان کۆنترۆڵدەکات کە سێ پارێزگا پێکەوە دەبەستێتەوە

خالید تائی

سەربازانی عێراق دەنێردرێنە شاری کەربەلا له‌ 14 کانونی دووەم بۆ راگرتنی ئەمنییەت. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازانی عێراق دەنێردرێنە شاری کەربەلا له‌ 14 کانونی دووەم بۆ راگرتنی ئەمنییەت. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

بەرپرسێکی ناوخۆیی سێشەممە (4 شوبات) بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق بیابانێكی گەورەیان کۆنترۆڵکردووە کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف و ئەنباره‌وه‌.

بەرپرسی راگه‌یاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی ناوەڕاست، فەهیم کەریم، وتی فەرماندەییەکە گەورەترین ئۆپەرایسۆنی پشکنینی ئەنجامدا لەو بیابانەی کەوتۆتە نێوان هەرسێ پارێزگاکەوه‌ دوای ئەوەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژه‌یانكرد به‌ هەوڵەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بۆ جێکردنەوەی شوێنپێی لەو ناوچەیە.

وتی یەکەیەکی گەورەی پۆلیسی فیدرال و هێزەکانی پاراستنی سنوور و حەشدی شەعبی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و فڕۆکەکانی سوپا بەشدارییانکرد لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.

وتیشی: "لە هەشت قۆڵەوە دەستیپێکرد لە دەوری بیابانەکە، یەکە سەربازییەکان یەکه‌مجار ناوچە بیابانییەکەیان کێوماڵکرد کە 130 کیلۆمەتر لە بیابانەکەوە درێژدەبێتەوە بۆ نەجەف و ناوچەی نوخەیب."

یەکە سەربازییەکانی عێراق دەچنە قوڵایی بیابانەکەی نێوان پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف و ئەنبار لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكدا لە ئەیلولی 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

یەکە سەربازییەکانی عێراق دەچنە قوڵایی بیابانەکەی نێوان پارێزگاکانی کەربەلا و نەجەف و ئەنبار لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكدا لە ئەیلولی 2019. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

وتی دواتر ناوچەی نێوان نوخەیب و لەساف -- کە درێژدەبێتەوە بۆ بیابانەکەی کەربەلا -- بەدرێژایی 150 کیلۆمەتر کێوماڵكرا، له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچە بیابانییەی بەرەو ئەنبار درێژدەبێتەوە.

کەریم وتی ئەو ناوچانە "بەتەواوی کێوماڵکران و شوانەکان و دانیشتووانی بیابانەکە بەتەواوی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدرا" w وتیشی پشکنینیش بۆ هەموو ئۆتۆمبیلە مەدەنییەکان ئەنجامدرا.

هه‌روه‌ها وتی: "هیچ تیرۆریست و حەشارگەیەك نەدۆزرانەوە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەدا، ئەوەش هێمایە بۆ ئەوەی بیابانەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە و هەوڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی [داعش] بە ئاراستەی درووستدا دەڕۆن."

'ئەولەویەتی باڵا'

کەریم وتی چاودێریکردن و هەوڵە هەواڵگرییەکان لە بیابانەکە زیادکراون "بە ئامانجی دۆزینەوە و رێگریکردن لە چالاکیه‌كانی پاشماوەکانی داعش".

وتی: "بەرقەرارکردنی ئەمنییەت لەو ناوچە بیابانییانە لە باڵاترین ئەولەویەتەکانمانن بەهۆی شوێنکەوتەی ستراتیژییانه‌وه‌، چونکە بەسەر شاری گەورەدا دەڕوانن وەك نەجەف و کەربەلا."

وتیشی: "ئەرکەکانمان سەرنجیان لەسەر بەدوورگرتنی بیابانەکەیە لە تیرۆریستان و زیادکردنی ئەمنییەتی شار و گوندەکانی چواردەوری."

کەریم وتی ئۆپەراسیۆنەکانی کێوماڵکردن بەردەوامن و ئێستا سەرنجیان لەسەر ئەو ناوچانەیە کە لە دەریاچەی ره‌زازەوه‌ لە باشوری ئەنبار درێژدەبنەوە تا ناوچە بیابانییەکانی نەجەف و کەربەلا تا دەگەنە سنوورە ئیداریەکانی پارێزگای دیوانییە.

وتیشی: "ئەم هەفتەیە هەڵمەتێكی گەورەی دیکە ئەنجامدەدەین بۆ پاکكردنەوەی ناوچە بیابانییه‌كانی دیکە بە بەشداری فڕۆکە جەنگی و هەلیکۆپتەرەکانی عێراق."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500