هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێرشه‌ خوێناوییه‌كانی سوپای سوریا ئیدلیب دەکەنە ئامانج

ئاژانسی فرانس پرێس

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا ته‌رمی ژنێک هەڵدەگرن کە لەژێر داروپەردووی بینایەکدا لەو شوێنەی کە دەوترێت هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر دەرهێنرایه‌وە، لە شارۆچکەی ئه‌ریحا لە باکوری ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی پارێزگای ئیدلیبی سوریا، لە سەرەتای 30 کانونی دووەم. [عارف وەتاد\ئاژانسی فرانس پرێس]

ئەندامانی بەرگری شارستانی سوریا ته‌رمی ژنێک هەڵدەگرن کە لەژێر داروپەردووی بینایەکدا لەو شوێنەی کە دەوترێت هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر دەرهێنرایه‌وە، لە شارۆچکەی ئه‌ریحا لە باکوری ناوچه‌ گوندنشینه‌كانی پارێزگای ئیدلیبی سوریا، لە سەرەتای 30 کانونی دووەم. [عارف وەتاد\ئاژانسی فرانس پرێس]

هێرشە ئاسمانییەکان 10 مەدەنییان کوشت لە نزیک نۆرینگەیەکی پزیشکی لە ناوچەکەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا پێنجشەممە (30 کانونی دووەم)، لەکاتێکدا هێزەکانی حکومەت بەردەوامییان دا بە هێرشێکی زەمینی.

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند فڕۆکەکانی روسیا شارۆچکەی ئه‌ریحایان كرده‌ ئامانج لە پارێزگای ئیدلیب، بەڵام وەزارەتی به‌رگری روسیا رایگه‌یاند كه‌ "فڕۆکەکانی هیچ هێرشێکیان لەو ناوچەیەی سوریا ئەنجامنەداوە".

حکومەت و روسیای هاوپەیمانی بۆردومانە کوشندەکانیان زیادترکردووە لە دواهەمین ناوچەی گەورەی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە سوریا، کە بەهێواشی لە باشورەوە دەچنە ناویەوە.

لایەنگرانی دیمەشق چوارشەممە شارۆچکەی ستراتیژیی مەعرەت نوعمانیان گرتەوە کە دەکەوێتە باکوری خۆرئاواوە.

رێکخراوەکە رایگه‌یاند كه‌ بەرەبەیانی پێنجشەممە، هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا نزیک نانەواخانەیەک و نۆرینگەی شامییان لە ئه‌ریحا کردە ئامانج کە لەئێستادا لە خزمەتگوزاری کەوتووە.

رێکخراوەكه‌ رایگەیاند کە دەتوانێت دەریبخات فڕۆکەی چ لایەنێک هێرشەکانی ئەنجامداوە، بەگوێرەی جۆر، شوێن، ئاڕاستەی فڕین و تەقەمەنی.

زیادبوونی هێرشەکانی روسیا

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ دواهەمین ژمارەی مردووەکان گەیشتە 21 مەدەنی کە لە چوارشەممەوە لەلایەن هێرشە ئاسمانییەکانی روسیاوە کوژراون.

لە دەستپێکی ئەم مانگەوە، روسیا نکۆڵی لە ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی هێرشکردن دەکات لە ناوچەكه‌ لەوکاتەوەی ئەو ئاگربەستەی لەگەڵ تورکیای پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن راگەیاندووە، کە 12 کانونی دووەم چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڵام لەوکاتەوە ئاگربەستەکە بووەتە نامەیەکی بێگیان و ژمارەی هێرشەکانی روسیا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە لە ناوچەیەک کە لەلایەن تووندەڕەوانی هاوپەیمانی تەحریر شامه‌وه‌ کۆنتڕۆڵکراوە.

هەزاران سەربازی روسیا لە سوریا جێگیركراون بۆ پشتیوانیكردنی سوپا، لەکاتێکدا یەکەیەکی ئەندامانی تایبەتی ئەمنیی روسیش لەسەر زەوی چالاکن.

هێزەکانی حکومەت پێنجشەممە لە مەعرەت نوعمان لە باکورەوە پێشڕەوییانکرد بەرەو شارۆچکەی سەراقیب، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی بەهۆی بۆردومانە خەستەکانەوە هەڵهاتوون.

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ هێڵی پێشەوە لەئێستادا بەقوڵی پێنج کیلۆمەتر لەناو شارۆچکەکەدایە.

هەردوو مەعرەت نوعمان و سەراقیب دەکەنەوە سەر شاڕێگەی M5 کە دیمەشق و دووەمین شاری سوریا، حەلەب بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە M5 لە دەرەوەی دەسەڵاتی رژێمدایە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500