هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

یەکێتی ئەوروپا سەرکۆنەی پەلامارەکەی باکوری خۆرئاوای سوریا دەکات

ئاژانسی فرانس پرێس

دووکەڵ بەرزدەبێتەوە لە میانه‌ی چەند هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر گوندی که‌فر روما لە باشوری ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای ئیدلیب له‌ 26 تەمموز. [عومەر حاج کەدور\ئاژانسی فرانس پرێس]

دووکەڵ بەرزدەبێتەوە لە میانه‌ی چەند هێرشێکی ئاسمانیدا بۆسەر گوندی که‌فر روما لە باشوری ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای ئیدلیب له‌ 26 تەمموز. [عومەر حاج کەدور\ئاژانسی فرانس پرێس]

یەکێتی ئەوروپا پێنجشەممە (23 کانونی دووەم) سەرکۆنەی شەڕە نوێكه‌ی دەوروبه‌ری ناوچەیەکی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی کرد لە باکوری خۆرئاوای سوریا، هەروەها داوای کۆتاییهێنانی بەو هێرشە ئاسمانییانە کرد کە "جێی په‌سه‌ندكردن نین" و بوونەتە هۆی کوشتنی چەندین مەدەنی.

رێکخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا لە ئیدلیب پێنجشەممە پێنج مەدەنییان کوشت، لەنێویاندا پێنج منداڵ.

رێکخراوەکە رایگەیاند كه‌ پێنج مەدەنی له‌ هەمان خێزاندا لە سەراقیب کوژران و سێی تریش لە شارۆچکەی ئەرنابە.

سەرۆکی رێکخراوەکە، رامی عەبدولڕەحمان وتی: "ناوچەکە دووچاری بۆردمانێکی تووند بۆتەوە لەلایەن فڕۆکەکانی روسیاوە."

رێکخراوەکە رایگەیاند کە بۆردومانەکەی روسیا پێنجشەممە خۆرئاوای پارێزگای حەلەبی کردە ئامانج بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێبکەوێتەوە.

روسیا پشتیوانی رژێمەکەی سەرۆکی سوریا، بەشار ئەسەد، دەکات کە هەوڵدەدات لە ئیلیب نزیکببێتەوە، دواهەمین ناوچەی گەورەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن.

هێرشە ئاسمانییەکان سێشەممە لانیکەم 23 مەدەنییان کوشت.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: "تازەکردنەوەی پەلامارەکەی سەر ئیدلیب، لەنێویاندا هێرشی ئاسمانی و بۆردومانکردن و بەئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی، جێی په‌سه‌ندكردن نین و دەبێت کۆتاییان پێبێت."

وتەبێژەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی: "یەکێتی ئەوروپا سزاکانی سەر رژێمەکەی ئەسەد لەژێر چاودێریدا دەهێڵێتەوە تا ئەو هێرشە دڕندانە بەردەوامبن."

پێویستی به‌ چارەسەرێکی سیاسی

زۆربەی ئیدلیب و چەند بەشێکی پارێزگای حەلەب هێشتا لەلایەن ئەو یەکانەوە کۆنترۆڵکراون کە لە دژی رژێمی سوریان، لەنێویاندا هاوپەیمانی تووندڕەوی تەحریر شام.

ئیدلیب لانیکەم میوانداری ده‌كات له‌ 3 ملیۆن کەس، کە زۆربەیان بەشەکانی دیکەی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلە هەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای 'رێپێدانی خێرا و ئه‌مین و بێڕێگری' كرد بۆ رێکخراوە مرۆییەکان و جەختیشی كرده‌وه‌ لە پێویستی به‌ چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕەکە.

تووندوتیژییەکان لەزیادبووندان سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن مۆسکۆوە لەسەرەتای ئەم مانگەدا کە هەرگیز جێبەجێنەکرا، هەروەها هۆشداریش هەبوو کە رەنگە هێرشێکی زەمینی ئەنجامبدرێت.

بەگوێرەی نوسینگەی هەماهەنگیکردنی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 350,000 کەس لە 1 کانونی یەکەمەوە ماڵەکانیان بەجێهێشتووە، بەزۆرییش به‌ره‌و باکور له‌ باشوری ئیدلیبه‌وه‌، کە خراپترین پشکی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرکەوتووە.

نوسینگەکە هەینی رایگەیاند کە لە نێوان 15 و 19 کانونی یەکەمدا، زیاتر لە 38,000 کەس بەهۆی تووندوتیژییەوە لە خۆرئاوای حەلەب هەڵهاتوون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500