هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

فەرەنسا پشتیوانی له‌ هەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ پاککردنەوەی مینەکانی داعش

خالید تائی

شاره‌زایانی فه‌ره‌نسی راهێنان به‌ كارمه‌ندانی عێراقی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی لابردنی مین. [خاوه‌نی وێنه‌: وه‌زاره‌تی به‌رگری فه‌ره‌نسا]

شاره‌زایانی فه‌ره‌نسی راهێنان به‌ كارمه‌ندانی عێراقی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی لابردنی مین. [خاوه‌نی وێنه‌: وه‌زاره‌تی به‌رگری فه‌ره‌نسا]

فەرەنسا چالاکانە پشتیوانیی له‌ هەوڵەکانی عێراق کردووە لە بنه‌بڕکردنی مەترسیی مینە چێنراوەکان و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان کە لەدوای "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەجێماون لەو ناوچانەی پێشتر کۆنتڕۆڵی کردبوون، شارەزایان بە دیارونایان وت.

بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە -- کە یەکێکە لە بەربەستەکانی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان -- شارەزا فەرەنسییەکان هاتوونەتە پێشەوە، چەندین خولی راهێنانیان بۆ کارمەندانی عێراقیی پەیوەندیدار بە هەوڵەکانی هەڵگرتنەوەی مینه‌وه‌ رێکخستووە.

لە میانه‌ی خولێکی "لێکۆڵینەوەی پاش هێرشه‌كان" کە لە کانونی یەکەمدا ئەنجامدرا، ئەندازیارانی سەر بە هێزی ئه‌ركی نارڤیکی فەرەنسی، راهێنانیان بە ئاژانسی دژەتیرۆری عێراق کرد بۆ هەڵگرتنەوەی بەڵگە لەدوای تەقیاندنەوەی تەقەمەنییەکی دەستکردی ساختە.

کارمەندانی ئاژانسی دژەتیرۆر، کە لەلایەن هێزی ئه‌ركی ناڤریکه‌وه‌ راهێنانیان پێکراوە وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی شامال، لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژ بە داعش خزمەتدەکەن و زۆربەی جار دەچنە شوێنی روودانی تەقینەوەکان.

کۆمەڵێک شارەزای فەرەنسی لە عێراق راهێنان بە کارمەندانی مینهەڵگرەوە دەکەن لە ژینگەی جیاوازدا. [خاوەنی وێنە: باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا]

کۆمەڵێک شارەزای فەرەنسی لە عێراق راهێنان بە کارمەندانی مینهەڵگرەوە دەکەن لە ژینگەی جیاوازدا. [خاوەنی وێنە: باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا]

سەربازێکی عێراق ئامێرێکی تەقەمەنی پوچەڵدەکاتەوە کە لە گوندی حەشتەری ناحیەی مەخموری باکوری عێراق لەلایەن داعشەوە چێنراوە، 19 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازێکی عێراق ئامێرێکی تەقەمەنی پوچەڵدەکاتەوە کە لە گوندی حەشتەری ناحیەی مەخموری باکوری عێراق لەلایەن داعشەوە چێنراوە، 19 تەمموز. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ئۆپەراسیۆنی شامال یەکەیەکی فەرەنسیی ئۆپەراسیۆنی ویستی سه‌ركه‌وتنه‌، كه‌ هاوپەیمانییەکی 80 وڵات و رێخراوه‌ کە لە دژی داعش یەکیانگرتووە. ئۆپەراسیۆنەکە کاردەکات بۆ پشتیوانیکردنی سەربازان له‌ مه‌یداندا و هەروەها دابینکردنی خولی راهێنان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

فەرەنسا سێشەممە (7 کانونی دووەم) بەفەرمی رایگەیاند کە "هیچ نیازێك"ی نییه‌ بۆ کشاندنەوەی سەربازەکانی لە عێراق کاتێک بارگرژی و ئاڵۆزییەکانی زیادبوون بەهۆی کوشتنی جەنەراڵێکی ئێرانی لەلایەن ئەمریکاوە.

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری فەرەنسا، وڵاتەکە به‌ 200 سەرباز به‌شدارییكردووه‌ له‌ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا دژ بە داعش، کە ئەرکی 160 سەربازیان راهێنانکردنە بە ئه‌ندامانی سوپای عێراق.

وەزیری بەرگری، فلۆرێنس پارلی سێشەممە وتی: "لە هەینییەوە ئەمنییەتی ئەو سەربازە فەرەنسیانەمان پتەوتر کردووە کە لە عێراق جێگیرن."

پارلی وتی: "گرنگترین ئەرک لەمڕۆدا هەمان ئەرکی دوێنێیە و پێویستیشە هەمان ئەرکی سبەینێ بێت: شەڕی دژ بە داعش و گروپەکانی تر لەسەر زەوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ پڕوپاگەندەکەی لەسەر ئینتەرنێت."

خولی راهێنانی پێشکەوتوو

وتەبێژی وەزیری بەرگری عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت چارەسەرکردنی کێشەی تەقەمەنییە نەتەقیوەکان ئاڵەنگارییەکی ئاڵۆز بووە.

وتی: "چەندین پارچە خاکی پانوبەرین هەن کە بەتەقەمەنی ئاڵوده‌بوون، لەکاتێکدا چەندین بۆمب لە نێو خانووەکان و سەر رێوبانەکان و بیناکان و شوێنگەلێک چێنراون کە به‌ خه‌یاڵی هیچ کەسێکدا نایەن."

ناوبراو وتی بۆئەوەی ژیانێکی ئاسایی بگەڕێندرێتەوە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان، گرنگە سەرەتا ئەو ناوچانە پاکبکرێنەوە، "لەم بابەتەشدا هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، بەتایبەتیش فەرەنسا، پشتیوانیی پێویستیان پێشکەشکردووین".

خەفاجی وتی فەرەنسا خولی راهێنانی پێشکەوتووی دابینكردووه‌ بۆ تیمە ئەندازیارەکانی سەر بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ سەبارەت بە هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مینە چێنراوەکان و بۆمبەکان بە شێوەیەکی سەلامەت.

لە 2019، 12 شارەزای وەزارەتی ناوخۆ بڕوانامەیان وەرگرت دوای تەواوکردنی خولێکی راهێنانی پێنج مانگی لە فەرنسا لەسەر چۆنێتی مامەڵکردن و پووچەڵکردنەوەی ئەو بۆمبانەی لەسەر پردەکان و روبارەکان و ژێرئاودا چێنراون.

وتی راهێنەرە فەرەنسییەکان خولی راهێنانی پوچەڵکردنەوەی بۆمیان لە ناوەندێکی راهێنان لە سەلمان پاک، باشوری بەغدا، رێکخست بە تەرکیزکردنە سەر بۆمبی کیمیایی، لەگەڵ دابینکردنی کەرەستەی پاراستن و دۆزینه‌وه‌ی بۆمب بۆ ناوەندەکە.

خەجافی وتی خولەکان یارمەتی شارەزایانی عێراقیان داوە "لێزانی و کارامەیی ئاستبەرز بەدەستبهێنن و بیانگەیه‌ننه‌ ئاستێک كه‌ بتوانن ئەزموون و شارەزایەتییەکەیان بگوێزنەوە بۆ هاوکارەکانیان".

وتی هەروەها فەرەنسا یارمەتی دروستکردنی توانای تەکنیکیی عێراقییەکانی داوە لە بواری هاوکارییە مرۆییەکانی پەیوەندیداردا بە مین و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد بۆ دابینکردنی پشتیوانیی زیاتر بۆ ئەم هەڵمەتە گرنگە.

وتی: "هێشتا پێویستییەکی زۆرمان بە کەرەستەی زیاتر هەیە کە بۆ دۆزینەوە و چارەسەرکردنی تەقەمەنییەکان و کەمکردنەوەی مەترسییەکەیان پێویستن."

وتیشی: "بەرەوپێشچوونێکی زۆر باشمان بەخۆوە بینووە لە کەمکردنەوەی مەترسیی مینە چێنراوەکان و پاراستنی ژیانی دانیشتوانی ناوچەکاندا." ئاماژەی کرد به‌وه‌ش كه‌ به‌ڵام مەترسییەکە هێشتا بوونی هەیە.

لەپاڵ راهێنانەکاندا، حکومەتی فەرەنسا، بەیارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی 2018 رابردوودا بڕی 590,000 دۆلار یارمەتیی داراییی پێشکەشی کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرد کە کار لەسەر پاککردنەوەی تەقەمەنییە دەستکردەکان و مینه‌کان ده‌كه‌ن له‌و ناوچانەی لە دەست داعش رزگارکراون.

گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی

سوپاس بۆ یارمەتییەکانی فەرەنسا و یارمەتییە نێودەوڵەتیەکان، کۆمپانیای پاککردنەوەی مینی عێراق، فەهەد توانیوێتی ئەو بەرنامە و پلانانە جێبەجێبکات کە ئامانجیان پاكکردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەیە کە تەقەمەنییەکانی داعشیان تێدا چێنراوە، بەڕێوبەری کۆمپانیاکە محەمەد عەتیە وتی.

بە دیارونای وت: "توانیمان نزیکەی له‌سەدا 80 ئەو شارانە پاکبکەینەوە کە بە مینە چێنراوەکان و پاشماوەکانی تیرۆریستان ئاڵوده‌بوون." هەروەها ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە ناوچە پاککراوەکان پێکدێن لە خوێندنگەکان، ناوەندەکانی تەندروستی و پڕۆژەکانی بنیاتنانەوەی ژێرخان.

وتی له‌پاڵ ئەوەشدا، بەهاوکاری کۆمپانیا ئەمریکییەکانی پاكکردنەوەی مین، جانوس و تێترا تێک، فەهەد نزیکەی 200 ناوچەی ئاڵوده‌بووی لە پارێزگا ئازادکراوەکان پاککردۆتەوە.

بەكۆمه‌كی یارمەتییە داراییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆی گشتی 30,000 موشەکهاوێژ و 125 تەن مینی چینراو و بۆمبی نەتەقیو لەناوبراون.

شرۆڤەکاری ئەمنی، سەرمەد بەیاتی ستایشی هەوڵەکانی فەرەنسای کرد لە یارمەتیدانی عێراق لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی تیرۆریزم لەڕێی پشتیوانیکردنی هەڵمەتەکانی پاککردنەوەی مینە چێنراوەکانه‌وه‌.

بە دیارونای وت فەرەنسا بەشداریکردووە لە هەوڵەکانی خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان، دوای ئەوەی پاشماوە تەقەمەنییەکانی شه‌ڕ پاککراوەنەتەوە.

وتی بەڵام رێگای بەردەمی به‌ته‌واوی رزگاربوون لە تەقەمەنییەکانی داعش "هێشتا درێژە و هەوڵی جددیتری بەرپرسانی عێراق و نێودەوڵەتیی پێویستە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500