بەرپرسانی عێراق لەو شارانەی لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) رزگارکراون بە دیارونایان وت نیگەرانن لە دەرئەنجامی هێرشەکانی ئەمدواییانەی لەلایەن ئهو میلیشیا عێراقیانهوه ئەنجامدران كه ئێران پشتیوانییان دەکات، بۆسهر ئامانجهكانی ئەمریکا لە عێراق.
وتیان نیگەرانی ئەوەن ئهو کردەوانەی میلیشیاکان ببنه هۆی راگرتنی ئەو بەرنامە گرنگانەی لەلایەن ئەمریکاوە دابیندەکرێن کە هاوکارییەکی گەورە لەو ناوچانە پێشکەشدەکەن، وەک پاککردنەوەی زەوییەکان لە مین و لە بواری تەندروستی و پەروەردەشدا.
ئەندامی لیژنەی ئاوهدانكردنهوه لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، خالید دولەیمی وتی دەیان هەزار عێراقی راستەوخۆ سوودمەندبوون لە هاوکارییەکانی ئەمریکا، کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا یان رێکخراوە مرۆییە جیاجیاکانەوە دابینکراون.
ناوبراو بە دیارونای وت هاوکارییەکانی ئەمریکا یارمەتیدەرێکی باش بوون لە بووژاندنەوە و بونیادنانەوەی نەخۆشخانەکان و ناوەندەکانی تەندروستی و خوێندنگەکان لە سەرتاسەری عێراقدا.
![باڵیۆزی ئەمریکا ماسیو توێلەر و پارێزگاری ئەنبار عەلی فەرحان، بەشداریدهكهن له ئاهەنگێکی دانانی بەردی بناغەی خوێندنگەیەکدا لە پارێزگای ئەنبار لە تشرینی دووەمدا. [خاوەنی وێنە: پارێزگاری ئەنبار]](/cnmi_di/images/2020/01/23/21963-US-Iraq-relations-600_384.jpg)
باڵیۆزی ئەمریکا ماسیو توێلەر و پارێزگاری ئەنبار عەلی فەرحان، بەشداریدهكهن له ئاهەنگێکی دانانی بەردی بناغەی خوێندنگەیەکدا لە پارێزگای ئەنبار لە تشرینی دووەمدا. [خاوەنی وێنە: پارێزگاری ئەنبار]
ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە باڵیۆزی ئەمریکا، ماسیو توێلەر بەمدواییانە سەردانی ئەنباری کرد و بەردی بناغەی خوێندنگەیەکی دانا کە خزمەت بە 1,000 خوێندکار دەکات لە حەبانییە.
ناوبراو وتی چەندین پڕۆژەی دیکەش کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیریکراون لە فەلوجە و قائیم و رەمادی جێبەجێدەکرێن، "کە هەمووان هیوادارن زیانیان پێنهكهوێترێت".
دولەیمی وتی لەوکاتەوەی ئەنبار لەدەست داعش ئازادکرا، زیاتر لە 40 پڕۆژەی هاوکاریی پشتیوانیکراو لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجامدراون به سوودی خەڵکی ئەنبار.
وتی هێزەکانی ئەمریکاش یارمەتی دانیشتوانی گوند و شارەکانیان داوە لە پاککردنەوەی ئەو مین و تەقەمەنییە دەستکردانەی لەلایەن داعشەوە چێنراون.
پابەندبوونی ئەمریکا بە عێراقەوە
ئەندامی ئەنجومەنی خێڵەکی ئەنبار، شێخ عەبدولڕەحمان جاسم دولەیمی وتی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، کە پێکدێن لەو بەرنامانەی ئەمریکا پشتیوانیی دارایی کردوون، بڕبڕەی پشتی هەڵمەتی گەڕاندنەوەی سەقامگیرین لە روتبە و فوڕاتی سەروو.
وتی بە هێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەی هاوڵاتیانی ئەمریکی لێن، میلیشیاکانی سەر بە ئێران مەترسی دەخەنە سەر دابینکردنی چەندین جۆری جیاواز لە هاوکاری بۆ خەڵکی عێراق.
وتی ئەو هاوکارییانە پێکدێن لە کەرەستەی پزیشکی و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە "چەند رۆژێک پێشتر، ئامێرێکی سۆنەر لە ناحیەی حەدیسە لە ئەنبار بە هاوکاری ئەمریکا دانرا"، ئەمەش مانای ئەوەیە کە چیتر ژنان پێویست ناکات بچن بۆ بەغدا.
12 تشرینی دووەم، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق یارمەتییەکی دارایی نوێی بە بڕی 500,000 دۆلار بۆ زانکۆی ئەنبار راگەیاند بۆ یارمەتیدانی لە خزمەتە پەردەوەردەییەکان و دامەزراندنی مامۆستا و کارمەندانی نوێ بۆ خزمەتی خوێندکارانی عێراقی.
هەروەها، حکومەتی ئەمریکا بڕیاریداوە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی سەقامگیری لە پارێزگای ئەنبار ببەخشێت.
لەكاتی بۆنەی دانانی بەردی بناغەی خوێندنگەی عەبدولڕەحمان ناسردا لە حەبانییە، توێلەر پابەندبوونی بەردەوامی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ بوژاندنەوەی دوای داعش لە ئەنبار و ئەو پارێزگایانەی دیکە کە زیانیان بەرکەوتووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئەم بەرنامەیە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، کارەبا، ئاوەڕۆ، تەندروستی، خانووبهره و پەروەردە دەگەڕێنێتەوە ئاستی خۆی، کە مەرجی سەرەکین لە بەدەستهێنانی گەشەی ئابوری."
بەگوێرەی بەیاننامەکە: "ئەمریکا پابەندە بە هێنانەکایەی دۆخێکی دروست بۆ رێخۆشکردن بۆ گهڕانهوهی ئاوارەكان بۆ ناوچەکانی خۆیان و دووبارە بونیادنانەوەی ژیانیان."
'هەوڵە مرۆییەکان دەبێت بەردەوامبن'
کارمەندی ئەنجومەنی شاری تەل کەیف، حوسام تەلکەیفی وتی لە دەشتی نەینەوا، نزیکەی 37,000 دانیشتوو سوودیان لە هەوڵەکانی هێزەکانی ئەمریکا وەرگرتووە لە ههڵگرتنهوهی مین و تەقەمەنی.
ناوبراو بە دیارونای وت زۆربەی گوند و ناوچە گوندنشینەکان لە تەقەمەنی پاککرانەوە، هەروەها مزگەوت و کڵێساكان و چەندین خوێندنگە و ناوەندی تەندروستی نۆژەنکرانەوە.
وتی: "ئەو هێرشانەی لەئێستادا لەلایەن میلیشیاکانهوه ئەنجامدەدرێن ئازاری دانیشتوانی شارە ئازادکراوەکان دەدەن کە پێویستییەکی زۆریان بە پێداویستییەکانی رۆژانە هەیە لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری."
پەرلەمانتارێكی عێراق، محەمەد عەبد رابوو، بە دیارونای وت: "هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ یارمەتیدانی دانیشتوانی عێراق پێویستی بە روونکردنەوە نییە، خەڵکیش سوپاسگوزارن."
وتی ئەو هەوڵە مرۆییانە دەبێت بەردەوامبن، حکومەتی عێراقیش دەبێت دۆخێکی دروست بهێنێتە ئاراوە بۆ كارمهندهكان، لهنێویاندا کارمەندانی ئاژانسە مرۆییەکان و باڵیۆزخانەكان و تەواوی کارمەندانی بیانی و نەتەوە یەکگرتووەکان.
بهرپرسێكی شارۆچكهی فەلوجە، موئهیهد فەرحان بە دیارونای وت سوپاسگوزارە بۆ ئەو یارمەتی و بەرنامانەی لەلایەن رێکخراوە ئەمریکییەکانەوە دابیندەکرێن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە "هاتوچۆی رۆژانە بەناو شارەکەدا ئەو هاوکارییانە بهبیردێننهوه".