سەرچاوەیەکی پۆلیس چوارشەممە (22 کانونی دووەم) وتی چالاکوانێكی عێراقی لە شاری بهندهریی بەسرە کوژرا، لهمیانهی خۆپیشاندانه بهردهوامهكاندا كه داوا لە دەسەڵاتداران دەکەن ئەو چاکسازییانە جێبەجێکەن کە دەمێکە چاوەڕوانیان دەکەن.
سەرچاوەکەی پۆلیس وتی: "چالاکوانی مەدەنی جەنات مەدحی، 49 ساڵ، شەوی سێشەممە کاتژمێر 11 ی شەو تەقەی لێکرا لەلایەن چەند پیاوێكی چەکدارهوه له ناو ئۆتۆمبیلێكی دەبڵئهكسلهوه." وتیشی پێنج کەسی دیکە لەکاتی تەقەکردنەکەدا برینداربوون و یەکێکیش لەوانە چالاکوانی مەدەنییە.
سەرچاوەیەك لە تاقیگەی پزیشکی دادی شارەکە پشتڕاستیکردەوە كه تەرمی مەدحی برینی فیشەکی پێوەیە.
مەدحی ئەندامی گروپێکی چالاکوان بوو کە خزمەتگوزاری پزیشکی بۆ خوپیشاندەران دابیندهكات. گروپەکە درەنگانی شەوی سێشەممە شوێنی سەرەکیی خۆپیشاندانەکەی بەسرەیان بهجێهیشت و دواتر بە تەقەی چەکدارە نەناسراوەکان پێکران.
کوشتنەکە دوایین کردەوەی شهپۆلێكی تووندوتیژییە دژ بە خۆپیشاندەران.
کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق لە 15 کانونی یەکەم رایگەیاند كه حکومەتی عێراق لیژنەیەك پێکدێنێت بۆ دۆزینەوەی ئەو بکوژ و رفێنەرانەی چالاکوانانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان دەکەن ئامانج.
سیاسەتمهدارانی عێراق لە رابردوودا "بریکارانی ئێران"یان تۆمەتبارکردووە بە ئەنجامدانی تیرۆرکردن و رفاندنەکان.
خۆپیشاندەران ئەم هەفتەیە دەستیانکرد بە زیادکردنی فشار لەسەر دەسەڵاتداران بۆ جێجەجێکردنی ئهو داخوازیانهی دەمێکە داوایاندەکەن: هەڵبژاردنی پێشوەخت بهگوێرهی یاسایەکی نوێی دەنگدان، سەرهكوەزیرانێکی سەربەخۆ و گرتنەئەستۆی بەرپرسیاری له گەندەڵی و کوشتنی خۆپیشاندەران.
زیاتر لە 460 خۆپیشاندەر کوژراون لە دوای بەرپابوونی خۆپیشاندانەکانهوه لە سەرهتای تشرینی یەکەمی پارهوه و دواتر بەرفراوانتر بوون بەهۆی توڕەیی شەقامهوه دژ بە گەندەڵی و بێکاری و زیادبوونی داخوازییەکان بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی سیستهماتیك.