هەزاران خۆپیشاندەری عێراقی لهگهڵ هێزە ئەمنییەکاندا پێكیاندا دا له ههوڵێكدا بۆ داخستنی شەقامەکانی وڵاتەکە سێشەممە (21 کانونی یەکەم)دا، رۆژێک دوای بهسهرچوونی ئەو کۆتامەودایەی درابوو بە بەرپرسان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکان.
خۆپیشاندانەکان لە تشرینی یەکەمەوە عێراقیان هەژاندووە بەڵام لە ترسی ئەوەی رەنگە گهرموگوڕی لهدهستبدا لهمیانهی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، خۆپیشاندەران دووشەممەی رابردوو بە حکومەتیان راگەیاند کە یەک هەفتەی هەیە بۆئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێبکات، ئەگەر نا زیاتریان دەکەن.
خۆپیشاندەران داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لەژێر یاسای نوێی هەڵبژاردندا و سەرهکوەزیرانێکی سەربەخۆ و دادگاییکردنی گشت بەرپرسە گەندەڵەکان دەکەن.
لەکاتێکدا خۆپیشاندەران لەسەرەتادا لەدژی ئابوری خۆپیشاندانیان کرد، دواتر بەخێرایی داواکارییەکانیان زیاترکرد بۆ گۆڕینی سەرلەبەری حکومەت.
زۆربەیان ئێران تۆمەتباردهكهن به لهقكردنی سیاسی و ئابوریی عێراق و دەڵێن باڵادهستیی ئێران بەشداربووە لە زیادکردنی گەندەڵی و خراپیی خزمەتگوزارییەکاندا.
دووشەممە، بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جانین هێنیس-پلاسخایهرت، وتی پشتگوێخستنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران تەنها دەبێتە هۆی "تووڕەیی و نامتمانەیی".
ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا وتی: "هەر هەنگاوێک کە گیراوەتەبەر دەربارەی نیگەرانییەکانی خەڵکی بە ناکامی دەمێنێتەوە، ئەگەر تەواونەکرێن."
وتیشی: "یەکێتیی ناوخۆ، یەکڕیزی و ئیرادە زۆر پێویستن بۆ بونیادنانی بەرەنگاربوونەوە لە دژی بەرژەوەندییە سیاسییە تاکلایەنەکان و دەسوەردانی دەرەکی و\یان چەکدارانی تاوانکار کە چالاكانه چاویان لەوەیە دەست لە سەقامگیریی عێراق وەربدەن."
بەشداریی 'لایەنی سێیەم'
بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس، لە تشرینی یەکەمەوە، نزیکەی 460 کەس گیانیان لەدەستداوە لە تووندوتیژییەکانی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانهوه و 25,000 کەسی دیکەش برینداربوون.
بەرپرسان زانیاریی نوێ لەسەر ژمارەی قوربانیان بڵاوناکەنەوە.
شرۆڤەکار و لێکۆڵەری سیاسی، عەبدولقادر نائیل، بە دیارونای وت لە خۆپیشاندانەکاندا، خەڵکی عێراق "پەیامێکیان بۆ هەموو جیهان نارد و دەڵێن دەسوەردانی ئێران لە وڵاتەکەیان رەتدەکەنەوه".
ناوبراو ئێران و گروپە بریكارهکانی تۆمەتبارکرد بەوەی دەیانەوێت خۆپیشاندەران "بەشێوەیەکی سیستەماتیکی بکەنە ئامانج" و خۆپیشاندانەکان لە عێراق سەرکوتبکەن.
لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمدا وەزیری بەرگری عێراق، نەجاح شهمهری، "لایەنێکی سێیەم"ی بە کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتبارکرد.
نائیل بە دیارونای وت ئهوه ئاماژەیهكی ناڕاستەوخۆ بوو بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بەتایبەتی كهتائیب حیزبوڵا، عەسایب ئەهل حەق، رێکخراوی بەدر، حەرەکەت نوجهبا و سەرایا خوراسانی.
ناوبراو ئەو میلیشیانەی تۆمەتبارکرد بەوەی لە پشت کوشتنی "دەیان خۆپیشاندەرهوه بوون لە ناوچەی سینەک لە بەغدا لە دەستپێکی کانونی یەکەمدا" و وتی بەرپرسیاریشن لە تاوانی هاوشێوە لە پارێزگاکانی ناسرییە و کەربەلا و نەجەف.
وتیشی ئەو تاوانانە پێکدێن لە "تیرۆرکردن و رفاندنی چالاکوانان".
هەروەها سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵە عەرەبەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، سایر بەیاتی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانی تۆمەتبارکرد بەوەی لەپشت کوشتنی خۆپیشاندەران و چالاکوانانەوە بن.
وتی بەگوێرەی سەرچاوەکانی کۆمسیۆنی باڵای مافهكانی مرۆڤی عێراق، چهكدارانی نەناسراو هەوڵی 33 تیرۆركردنیان داوە لە سێ مانگی رابردوودا، کە لە ئاکامدا 14 چالاکوانی عێراقی دژ به ئێران کوژران.
چارەنوسی 56 چالاکوانی رفێنراو تا ئێستا نادیارە.
بێزاربوون لە ئێران
بەیاتی وتی سەرکردە سەربازییەکانی ئێران "بەشداربوون لەوەی عێراق بەرەو دواوە ببەن و زیانبگهیهنن بە ئابوری و خزمەتگوزاییە گشتییەکان، لە ئەنجامی گەندەڵیی میلیشیکان [ی سەر بە ئێران] و دزینی سەرچاوە نیشتمانییەکان".
وتیشی: "لەڕێی ئەو خۆپیشاندانانەوە، شەقامی عێراقی بەڕوونی بێزاربوونی خۆی لە نفوزی سەرکردە [ئێرانییە]کان دەربڕیوە سەبارەت بە یەکڕیزی و سەربەخۆیی وڵاتەکەیاندا."
بەیاتی وتی رژێمی ئێران میلیشیاکانی بەکارهێناوە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا.
ناوبراو وتی کۆتایی ئهم هەژمونە بەباشی بۆ رژێمی ئێران ناشکێتەوە، بەتایبەتی لەوکاتەوەی دووچاری گوشارێکی ناوخۆ بووهتهوه لەلایەن ئێرانییەکانەوە.
وتیشی سەرباری ئەوەی سەرکردەکانیان بەپێچەوانەوە باسی لێوەدەکەن، نفوزی ئێران لە ناوچەکەدا بەرەو لەناوچوون دەچێت.