هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

فەڵەستینییەکانی غەزە باجی دەستێوەردانەکانی ئێران دەدەن

حەسەن عوبێدی له‌ بەغدا

پیاوێکی فەڵەستینی چەند فەردە ئاردێکی لەسەر شانە کە لە ناوەندێکی دابەشکردنی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکانی وەریگرتووە لە کەمپی ئاوارەکانی رەفەح لە باشوری کەرتی غەزە، 17 تشرینی دووەم. [سەعید خه‌تیب\ئاژانسی فرانس پرێس]

پیاوێکی فەڵەستینی چەند فەردە ئاردێکی لەسەر شانە کە لە ناوەندێکی دابەشکردنی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکانی وەریگرتووە لە کەمپی ئاوارەکانی رەفەح لە باشوری کەرتی غەزە، 17 تشرینی دووەم. [سەعید خه‌تیب\ئاژانسی فرانس پرێس]

فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە باجێكی قورس دەدەن بەهۆی ئەو پشتیوانییانەی رژێمی ئێران و گروپەکانی سەر بە رژێمەکەوه‌ پێشکەشی بەرپرسە باڵاکانی غەزەی دەکەن، بەرپرسێکی ناوخۆی فەڵەستین لە گەڕەکی شیجاعییە وتی.

بەرپرسەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە مەشاریقی وت بڕینی یارمەتییە داراییەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکان لە باکوری خۆرهەڵات بە قورسی کاریگەریی کردۆتە سەر کارە مرۆییەکانی رێکخراوە.

بڕینی ئەو هاوکارییانە دوای ئەوە راگەیەنران کە حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیی، كه‌ بنكه‌كه‌ی له‌ دیمەشقه‌، دەستیانکرد بە پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و حیزبوڵای لوبنان دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی لەسەر شەڕی سوریا.

ئێران پشتیوانێکی لەمێژینەی ئابوریی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینییە. هەردوو گروپەکە وەک رێکخراوی تیرۆریستی لەلاین ئەمریکاوە ناسێنراون.

بەرپرسەکە وتی هاوپەیمانیی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی لەگەڵ ئێران رەنگدانەوەی ویستی زۆرینە نییە لە غەزە.

وتی فەڵەستینییەکان لە غەزە پێشوازییان لە کوشتنی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، قاسم سولایمانی کرد.

وێنەی خەڵکی غەزە کە شیرینی دەبەخشنەوە بەو بۆنەیەوە بە ماوەیەکی کەم دوای کوشتنی سوله‌یمانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە فراوانی بڵاوبووەوە.

هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران زیان به‌ خەڵکەکە ده‌گه‌یه‌نێت

ئەمریکا 1 ئەیلول 2018 رایگەیاند کە هەموو یارمەتییەکانی بۆ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکان دەوەستێنێت.

ئاژانسەکە هاوکاریی پێنج ملیۆن فەڵەستینی دەکرد لە غەزە، کەناری خۆرئاوا، ئەردەن، سوریا و لوبنان، له‌نێویاندا دابینکردنی چاودێری تەندروستی و پەردەوەرده‌ و خوێندن و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی.

ئەمریکا گەورەترین بەخشەری تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بووه‌ بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکان، بە دابینکردنی 364 ملیۆن دۆلار لە 2017 و پشتگیریكردنی نزیکەی لەسەدا 30 هەڵمەتەکانی لە ناوچەکە.

بەرپرسێکی غەزە، کە لە كه‌رتی چاودێریی تەندروستی کاردەکات، وتی بڕیاری راوەستاندن یان کەمکردنەوەی هاوکاری بۆ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکان تەنها لەلایەن ئەمریکاوە نەدراوە، چونکە چەند وڵاتێکی دیکەش هەمان کاریان کرد، بە وڵاتە عەرەبیەکانیشەوە.

وتی ئەمە چەندین هۆکاری هەیە، كه‌ یه‌كه‌میان بریتییە لەوەی وەزارەتی دارایی ئەمریکا سزای ئابوریی خسته‌ سەر سەرکردەکانی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینی و حەماس.

وتیشی: "هۆکارەکەی تر بریتییە لەو گومانانەی رەنگە ئەو سەرکردانە سوود لەو هاوکارییە مرۆییانە ببینن."

وتی: "هەربۆیەش هەوڵدەدەین رێگایەکی باشتر بدۆزینەوە کە بەهۆیەوە بتوانرێت هاوکاری راستەوخۆ پێشکەشی ئەو خێزانانەی غەزە بکرێت کە پێویستیان بە یارمەتییە. ئەمە ئەرکێکی سەختە، بەڵام ئەو سەرکردانەی بڕیاریانداوە دەست لەگەڵ ئێران تێکەڵاوبکەن لەم دۆخە بەرپرسیارن."

وتیشی قەتەر بەشداربووە لە هەڵمەتەکانی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەزە بە دابەشکردنی بڕە پارەیەک بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ ئەو خێزانانەی پێویستیان بە یارمەتییە.

لە تشرینی دووەمدا، بانکەکان لە غەزه‌ دەستیانکرد بە دابەشکردنی بڕی 7 ملیۆن دۆلار بە بڕی بچووک لە یارمەتییەکانی قەتەر بۆ 70,000 خێزانی فەڵەستینیی کەمدەرامەت لە ناوچەکە.

یارمەتی خۆرئاوا بۆ غەزە

بەرپرسەکەی غەزە وتی خەڵکی غەزە، لەگەڵ فەڵەستینییەکانی تر کە بەهۆی کەمبوونەوەی تواناکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکان لە لوبنان و ئەردەن و سوریا، "ئێستا هەستیانکردووە کە هۆکاری مەینەتییەکانی ئەوان ئەو بڕیارە لاوازەیە کە لەلایەن سەرکردە سیاسییەکان و چەکدارەکانەوە دراوە بۆ بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئێران و حیزبوڵا".

چالاکوانێكی غەزە، عەلی مەناسیر وتی وڵاتانی خۆرئاوا "گەرەنتیی دڵنیاییکەرەوە"یان دەوێت لە حیزبوڵا کە کۆتاییدێنێت بە پشتیوانیکردنی گروپەکان له‌ فەڵەستین و سوریا و عێراق بۆئەوەی ئاسانکاری بکات بۆ گواستنەوەی یارمەتییەکان بۆ ئەوانەی کەمدەرامەتن و پێویستیان بە یارمەتییە.

وتی: "حیزبوڵا سوود [لە فەڵەستینیه‌كان] دەبینێت بۆ بەدەستهێنانی نفوز و فراوانخوازی، لەکاتێکدا خەڵکەکەی باجی ئەمە دەدەن، چونکە بەخشەرەکان نیگەرانی چارەنوسی هاوکارییەکانیانن و ئەوەی کە دەکەونە دەستی چ لایەنێک."

لێکۆڵەرێکی فەڵەستینی لە ناوەندی زانیاری و لێکۆڵینەوەی رێکخراوی مەلیک حسێن لە ئەردەن، ئەشرەف خەلیل، وتی ئێرانییەکان هیچ شتێکیان پێشکەشی فەڵەستینییەکان نەکردووە و "هەموو پڕۆژە پەروەردەیی و تەندروستی و تواناسازییه‌كان ده‌ره‌نجامی هاوکارییەکانی خۆرئاوا و وڵاتە عەرەبییەکانه‌، له‌نێویاندا ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ژاپۆن و وڵاتانی کەنداو."

ناوبراو بە مەشاریقی وت كه‌ پێش ئەوەی ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکان بوەستێنێت، یارمەتی بونیادنانی ناوەندێکی ئەندامی دەستکردی داوە لە خۆرئاوای غەزە بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی شەڕ.

وتی: "هەروەها یارمەتیی دارایی پێشکەشی ناوەندێکی رۆشنبیریی بەتەمەنەکان و درومانی بۆ ژنان کردووە" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە پێداویستییەکانی خوێندنگەش بۆ خوێندکاران دابینکراون.

خەلیل وتی وڵاتانی دیکە كۆمه‌كیان پێشکەشکردووە بۆ پرۆژه‌كانی وەک کوتانی منداڵان، چاککردنەوەی ماڵەکان و پڕۆژەکانی ئاو و ئاوەڕۆ.

"پرسیارە گرنگەکە لە ئێستادا ئەوەیە: ئایا ئێران قه‌ره‌بووی ئەم كورتهێنانه‌ی كرده‌وه‌؟"

ناوبراو وتی: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نەخێر."

وتی ئێرانییەکان هێشتا فەڵەستینییەکان بەکاردەهێنن "بۆ فراوانکردنی نفوزی خۆیان لە ناوچەکە و پێکهێنانی میلیشیای هاوپەیمان و فەڵەستینیەکانیش لە بەرامبەردا هیچیان دەستناکەوێت".

خەلیل وتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە داراییەکان لە غەزە و لە ناو خودی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ فریاگوزاری ئاوارە فەڵەستینییەکان، چارەسەرەکە لە "کۆتاییهێنان بە هەموو پەیوەندییەکان" لەگەڵ ئێراندا خۆی دەبینێتەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

Down with Palestine

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌