ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بۆ ئاشکراکردنی حەشارگەکانی پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە دۆڵەکانی ئیمام وەیس، لە باکوری خۆرهەڵاتی دیالە، دووشەممە (13 کانونی دووەم) دەستیپێکرا، فەرماندەیی پۆلیسی دیالە رایگەیاند.
بەڕێوبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیس، عەقید نیهاد محەمەد حەسەن سێشەممە بە دیارونای وت پۆلیسی دیالە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە و فڕۆکەکانی سوپا "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان"یان دهستپێكرد لەو ناوچانەی ئەمنیەتیان پتەو نییە.
ئەو ناوچانە پێکدێن لە دۆڵەکانی سەلەب و حەدید و عەین سەمەج لە ناحیهی ئیمام وەیس لە قەزای خانەقین.
وتی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بریتییە له بهردهوامیدان بەو سەرکەوتنە ئەمنییەی لە قۆناغی هەشتی ئۆپەرسیۆنی ئەمنیی ویستی سەرکەوتندا بەدەستهات، کە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا کۆتایی پێهات.
حەسەن وتی ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجیشێتی "بەردەوامی بدات بە گوشار خستنەسەر پاشماوەکانی تیرۆریستان و شانە نوستووەکانیان لەو ناوچانەی زەوییەکانیان سەختن و باخ و باخاتیان لێیە".
وتی: "ئۆپەراسیۆنەکە بەشێکە لە هەوڵە رێگرییەکانمان بە ئامانجی پاراستنی گوند و شارۆچکەکانی نزیک دۆڵەکان و رێگریکردن لە پاشماوەکانی دوژمن لە فراوانبوون و سوودبینین لە هەر کەلێن و لاوازییەک لە چالاکییە ئەمنییەکاندا."
وتیشی: "ئۆپەراسیۆنەکە بەشێکه لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنی کە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە دژی پاشماوەکانی داعش لەو ناوچانە جێبەجێدەکرێن کە پێشێلکاری ئەمنی و چالاکی تیرۆریستییان تێدایه."
ناوبراو وتی: "لەئێستادا گەڕان و پشکنینێکی ورد ئەنجامدەدەین لەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنەکە دەیانکاتە ئامانج، بەگوێرەی هەواڵگریی دروست و چاودێریکردنی ئاسمانی."
وتیشی: "خاکێکی زۆر کۆنترۆڵکراوەتەوە و مەترسی تیرۆریستان لەو ناوچانە نههێڵراوه."
ئەمینکردنی سنووری نێوان پارێزگاکان
حەسەن وتی دهرهنجامی ناوازە بەدەستهاتووه لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی ئەمدواییانەدا لە پارێزگاکە، کە سوودیان دەبێت بۆ "بەرەوپێشبردنی دۆخی ئەمنی و هاندانی خێزانە ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان".
وتی پلانێک دانراوە بۆ ئەمینکردنی ئەو گوندانەی دەکەونە ناوچە دوورەدەستەکان، وەک گوندەکانی ئیمام وەیس، حەوزی وەقف، نەدا، ئەبو سەیدا و حەوزی حەمرین.
وتیشی ئەو پلانانە پێکدێن لە "ئەنجامدانی هێرشی کتوپڕ، دەورییەی شەوانە و دانانی خاڵی پشکنین لە دەوروبەری گوندەکان بۆ رێگریکردن لە هاتنەناوەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی هێرشەکانیان".
وتی: "هەروەها چەندین کامێری چاودێریی گەرمیبین بۆ گوندەکان دابینکراون بۆ چاودێریکردنی چالاکی و جموجۆڵەکانی تیرۆریستان" و ئاماژەیکرد بهوهی کامێرای زیاتری لەمشێوەیە لە چەند شوێنێکی جیاوازدا دادەنرێن.
بەگوێرەی حەسەن، کۆمەڵێک پلانی تر هەن بۆ ئەمینکردنی سنووری دیالە لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین، کە بە ناوچەیەکی پڕکێشە و ناجێگیر دادەنرێت.
ناوبراو وتی: "ئەمینکردنی ئەو سنوورە بەرپرسیارێتی سوپایە، بەڵام ئێمە بە هەوڵەکانمان لەگەڵیاندا هاوکار و هەماهەنگین."
وتیشی: "چەندین چالاکی و پلان هەن بۆ پتهوكردنی کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکان و داخستنی ههموو کەلێنهكان بە جێگیرکردنی یەکەی سەربازیی زیاتر، زیادکردنی چالاکیی چاودێریکردنی ئاسمانی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زیاتری پاککردنەوە و بەدووکەوتن."