مەدەنیەکان لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا متمانەیان نییە بەوەی ئەو ئاگربەستە نوێیەی لەلایەن روسیا و تورکیاوە سازکراوە جێبەجێبکرێت، کە لە بەیانی یەکشەممە (12 کانونی دووەم)ەوە کەوتۆتهکار، چالاکوانێکی ناوچەکە وتی.
چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت مهدهنییهكان دهڵێن رژێمی سوریا ئاگربەستەکانی پێشووی بەکارهێناوە بۆ ئامادەکاری بۆ چەند ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکە کە بوونە هۆی قوربانی و ئاوارەبوونی زیاتر.
ئیدلیبی وتی ئاگربەستەکە داوای هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە زەمینی و هێرشە ئاسمانیەکانی کردووە لەناوهوه و دەوروبەری ناوچەی ئیدلیبدا.
وتی: "بەڵام مەدەنیەکان باوەڕیان بە ئاگربەستەکە نییە، بەهۆی ئەزمونەکانی رابردوویانەوە، کە فێریکردوون رژێمی سوری ئاگربەستەکانی دوای شەڕ بەکاردەهینێت بۆ خۆڕێکخستنەوە و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی و رێکخستنهوهی ریزەکانی تا چەند هێرشێکی نوێ ئەنجامبدات."
![منداڵانی سوری دەڕواننە وێرانهی بازاڕی بنش دوای هێرشێکی ئاسمانی. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی ئیدلیب]](/cnmi_di/images/2020/01/13/21931-Syrian-children-Binnish-600_384.jpg)
منداڵانی سوری دەڕواننە وێرانهی بازاڕی بنش دوای هێرشێکی ئاسمانی. [خاوەنی وێنە: ناوەندی رۆژنامەوانی ئیدلیب]
ئیدلیبی وتی رژێم لە کاتژمێرەکانی سەرەتای یەکشەممەدا ئاگربەستەکەی شکاند، تۆپبارانی شاری مەعەرەت نوعمان و شارۆچکەکانی مەعەر شەمشە، حەنتونین، تەلمەنس، بابیلا، مەعسەران و مەعەر شورینی کرد.
رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه شەممە، رۆژێك پێش ئەوەی ئاگربەستەکە بکەوێتەکار، هێرشە ئاسمانیەکانی رژێم 18 مەدەنییان لە ئیدلیب کوشت.
رێكخراوهکە رایگەیاند كه لەنێو کوژراوەکاندا شەش منداڵ هەبوون.
راشیگەیاند كه هێرشە ئاسمانیەکان حەوت مەدەنییان لە شاری ئیدلیب کوشت، لەکاتێکدا هێرشە جیاوازەکان بۆسەر دوو شارۆچکەی نزیك پایتەختی پارێزگاکە، 11 کەسی دیکەیان کوشت.
بهگوێرهی رێكخراوهکە، لە شاری ئیدلیب بۆمبارانەکە لەنزیك ناوەندێکی کلتوریی دا.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه دەیان خوێندکار، لهكاتێكدا زۆرێکیان دەگریان، بەترسەوە له شوێنی تەقینەوەکە ههڵهاتن.
بەگوێرەی رێكخراوی روانگەکە، کەمتر لە 10 کیلۆمەتر دوور لەو شوێنە، هێرشە ئاسمانیەکانی رژێم لە بازاڕێکیان دا لە شارۆچکەی بنش و حەوت کەسیان کوشت.
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه بازاڕەکە تاڕادەیەکی زۆر وێرانبوو.
لە باشوری شاری ئیدلیب، هێرشەکان لە ناوچەی نەیرەبیان دا و چوار کەسیان کوشت.
ئیدلیبی بە دیارونای وت لە هێرشەکانی بەیانی شەممەدا دەیانی دیکە برینداربوون.
دانیشتوان لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە
ئیدلیبی ئاماژەیدا بەوەی بەگوێرەی بەندەکانی ئاگربەستەکە، دەبێت راڕەوە مرۆییەکان بکرێنەوە تا رێبدرێت مەدەنیەکانی ناوچەکە بگوێزرێنەوە بۆ ناوچەکانی ژێردەستی رژێم.
وتی بەڵام دانیشتوانی ناوچەکە وەڵامیان نەبووە بۆ بانگەوازی گواستنەوە، بەهۆی نەبوونی متمانە بە رژێم و هاوپەیمانانی و ئاماژەیکرد بەوەی "تاقە خێزانێك لەو راڕەوانەوە نەڕۆیشتووە کە بۆ ئەو مەبەستە کراونەتەوە".
وتی لەنێو ئهوانەدا دەروازەیەك لە شارۆچکەی هوبەیت لە باشوری ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب، دەروازەی ئەبو زوهور لە ناوچە گوندنشینەکانی خۆرهەڵاتی ئیدلیب و دەروازەی نزیك بە شارۆچکەی حازهر لە ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب هەن.
ئیدلیبی وتی مەدەنیەکان بڕیاریانداوە بچنە کەمپەکانی ئاوارەکان، لەوێ لە دەرەوە خێمە هەڵدەن یان تەنانەت لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و بکەونە بەر مەترسی بۆردومان، نەك بڕۆن بەرەو ناوچەکانی ژێردەستی رژێم.
وتی لەبەرئەوەی پێیانوایە گەر وا بکەن، رووبەڕووی هەراسانکردن یان دەستگیرکردن دەبنەوە لە بەرامبەر هەڵوێستیان دژی رژێمەکە.