هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێت 'پلانی جێگرەوە' نییە بۆ سیستمی سنووربڕی گواستنەوەی کۆمەك بۆ سوریا

ئاژانسی فرانس پرێس

کوڕێکی سوری یاریی تۆپی پێ دەکات کە لەلایەن چالاکوانەکانی ناوچەکەوە رێکخراوە، لە یاریگایەکی قوڕاویدا لە کەمپێكدا بۆ ئاوارەکان لە خۆرئاوای شارۆچکەی سەرمەدای پارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوای سوریا، لە 2 کانونی دووەم. [عارف وەتاد/ئاژانسی فرانس پرێس]

کوڕێکی سوری یاریی تۆپی پێ دەکات کە لەلایەن چالاکوانەکانی ناوچەکەوە رێکخراوە، لە یاریگایەکی قوڕاویدا لە کەمپێكدا بۆ ئاوارەکان لە خۆرئاوای شارۆچکەی سەرمەدای پارێزگای ئیدلیبی باکوری خۆرئاوای سوریا، لە 2 کانونی دووەم. [عارف وەتاد/ئاژانسی فرانس پرێس]

نەتەوە یەکگرتوەکان سێشەممە (7 کانونی دووەم) تکای لە هێزە جیهانییەکان کرد سیستمی سنووربڕی گواستنەوەی کۆمەك نوێبکەنەوە بۆ سوریا کە وابڕیارە ئەم هەفتەیە وادەکەی تەواوببێت، راشیگەیاند کە هیچ جێگرەوەیەك نییە.

وتەبێژی نوسینگەی هەماهەنگیکردنی کاروباری مرۆیی رێکخراوەکە، جێنس لایرکە وتی: "هیچ پلانێکی جێگرەوە نییە. تەنیا ئەم ئۆپەراسیۆنە هەیە کە یارمەتی سەدان هەزار کەس دەدات و ماوەیەکی درێژه‌ ئەنجامدەدرێت."

لە جنێڤ بە رۆژنامەوانانی وت: "ئەوە تەنیا مێتۆدی بەردەست و بەردەوامە بۆ گەیشتن بەم خەڵکە هەربۆیە زۆر گرنگە مۆڵەتی نوێکردنەوەی بەدەستبهێنین."

لەژێر ئەم سیستمەی ئێستادا کە لە 2014 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دامەزرێنرا، کۆمەکی مرۆیی دەنێردرێت بۆ نێو سوریا لەڕێگەی چوار دەروازەی سنورییەوە لە عێراق و ئەردەن و تورکیاوە.

لایرکە وتی لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە نزیکەی 30,000 لۆری کۆمەکی نەتەوە یەکگرتوەکان لەم دەروازانەوە گواستراونەتەوە.

ئەم رێککەوتنە وابڕیارە هەینی کۆتایی بێت.

چوار ملیۆن کەس کۆمەکیان پێدەکرێت

کاتێك ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان لە 20 ئەیلول باسی لە کێشەکە کرد، روسیا و چین دژی بڕیارەکە وەستانەوە کە رێگەی بە بەردەوامی گواستنەوەی کۆمەك دەدا بۆ ماوەی ساڵێك.

روسیا، کە پشتیوانێکی سەرەکیی حکومەتی سوریایە، رایگەیاند تەنیا پاڵپشتی درێژکردنەوەی شەش مانگە دەکات، لە دوو خاڵی سنورییەوە لەسەر سنووری تورکیا-سوریا.

لەوکاتەوە چەند گەڕێکی گفتوگۆ شکستیان هێناوە لە شکاندنی ئەو بەستەڵەكه‌.

لایرکە وتی نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە سوریا لەلایەن کۆمەکی سنووربڕی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پشتیوانییان دەکرا، لەنێویاندا 2.7 ملیۆن لە باکوری خۆرئاوای سوریا کە تەنیا ئەوە پاڵپشتیانە.

ئەو کۆمەکە بەتایبەتی بۆ ئیدلیب گرنگە، کە بنکەیەکی گەمارۆدراوی ئۆپۆزسیۆنە و لەم چەند هەفتەیەی دواییدا لەژێر بۆمبارانی چڕی هێزەکانی سوریا و روسیادایە.

لایرکە وتی: "ئەو ملیۆنان کەسەی لە ئیدلیبن، گیریان خواردووە." روونیکردەوە كه‌ کۆمەکی سنووربڕی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکرێت ژیانیان رزگاربکات بە یارمەتیدانی خەڵكی ناوچەکە.

نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند كه‌ بەهۆی شەڕەوە لە ناوچەی ئیدلیب لە ناوەندی کانونی یەکەمەوە لانیکەم 300,000 کەس ئاوارەبوون، کە کۆی ئاوارەکانی ناوچەکەی گەیاندۆتە 700,000 کەس لە هەشت مانگی رابردوودا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئایا ده‌توانم سه‌فه‌ربكه‌م بۆ كه‌نه‌دا؟

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌